ئەم هەموو خوێناوییە، خاکەی لە کوردستانمە
از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
3 دقیقه
228 مشاهده
ئەم هەموو خوێناوییە، خاکەی لە کوردستانمە
ئەم هەموو باخ و زەوی و هێلانەیی باوانمە
ئەم هەموو ڕووبارە سوێرانە، کوڵی گریانمە
هەموو ئاڵ و گەش و، سوورە گوڵەی مێرگانمە
خوێنی باوک و مام و ئامۆزا و برا و یارانمە
بێ کەسوکار و هەتیو و، دەردەدار و ڕەنجەڕۆم
«تا» گرانی کردووم، سەرباری زام و سێبەڕۆم
بۆ دەوا، ژەهرم ئەدەن تورک و عەجەم، ئینگلیس و ڕۆم
کاکی خۆم کەی چا دەبم؟ مەنناعەیەک نەمدی لە خۆم
هەر دڵم مابوو، تەقی کرد و چەشی کرمانمە
پێبزانە گیانی شیرینم، لەکوێ هاتوویەدەر؟
بێجگە لەم خاکەی کە تێیدا بوویە تۆز و دەربەدەر
بۆچ بە مەردی، باوک و دایکی خۆت نەناسی، قوڕبەسەر؟
مەمکی دایک و تەربییەی باوکت بەکارت بێ، مەگەر
باوکە ئاوارەی وڵات و، دایکە سەرگەردانمە
تێکەڵی هەر هۆز ئەبی، بوویە هەوێن، کردت بە زێڕ
ئەیمژن بێگانە خوێنت، تۆش ئەبی چرچ و چەوێڕ
مێشک و مۆخت دەرئەهێنن، ئەی نەزانی گێژ و هێڕ
جا وەکو بوخچەی ژنانیش، ئەتخەنە هەرزاڵ و تێڕ
حاڵی تۆ هەر من ئەزانم، بۆیە قوڕپێوانمە
ئیش و زانین و هومێدی کوردە ڕۆیی، وەک پلار
کەوتە دەستی نابەکاران، ئەیوەشێنن بێ ژمار
هەرچی لاق و دەستی کوردە، ئەیشکێنن وەک شکار
داخەکەم، بێگانە بوونە ڕۆستەم و ئەسفەندیار
تەفروتوون بۆ تورک و ڕۆم و عارەب و کوێستانمە
ئەی گەلی هاوخوێنی شیرین، وەی گوڵی خۆش بۆن و ڕەنگ
گەر مناڵێکت ببینم، ئەیمژم وەک نوقڵ و بەنگ
پیرەمێردێکت ببینم، ئەیخەمە شان وەک تفەنگ
زوڵفی خاتوونان ببینم، بۆ کەمەندمە ڕۆژی جەنگ
تۆزی پێڵاوت، وەکوو نازت لەسەر چاوانمە
کۆمەڵێکم پێکەوە نووساوە، دڵ شەیدایەتی
هەرچی قازانجی وڵاتی کوردە، ئەو پەیدایەتی
هێندە گەورێکی نەفامیش، زەرتک و سەودایەتی
وا لە تیمارخانەکانی لەندەن و بەغدایەتی
بەس لە مەیدانی هونەردا، هەوهەوی مەردانمە
سوورەسێوی ڕوومەتت، بۆچ زەردە ڕۆڵەی شیرینم؟
هەر منم، بێگانە نیم، دۆستم، مەزانە دوژمنم
هەر لەبەر دووری دوو چاوی تۆیە بۆر و چڵکنم
ئێستە پێت شابوومەوە، خۆشە ژیان و مردنم
تۆم لە دەم دوژمن دەرێنا، شایی و سەیرانمە
پایەداری کەی خودا، هەرچی لە کوردە پێشەوا
ناوی تۆم لێ بەست و ڕووی خۆم کردە عاسمان و حەوا
خاکی خوێناویم بکاتە گوڵشەن و ئاو و هەوا
تاکو پشکۆتخلص قەت بە کەس نەکوژێتەوە، بەختی ڕەوا
بەشکو گەرمی کاتەوە، هەرچی دڵی کوردانمە!