ئاواتی مەرگم، شادیم، نەخۆشی

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 2 دقیقه  187 مشاهده
ئاواتی مەرگم، شادیم، نەخۆشی
ڕۆژانی ژینم، ڕۆیین بە بۆشی
چەند بازاڕم کرد، بە خۆفرۆشی
فنجانی خۆشیم هەرگیز نەنۆشی
مەحەک و گۆگرد، هەر گرد و کۆمە
گۆی کردم بە شەق، لەو گرد و گۆمە
نهۆم ناهێنم، لەو دوو نهۆمە
مێردەزمەی غەمم بە کۆڵ و دۆشی
ڕەهندەی جەفای باپیر و باوان
هەتیوەی پەنا و، چوغڵ و بەدناوان
سووتاوی چاکە و، خنکاوی تاوان
هەرچی هات دڵم هاویشتە کۆشی
چی سوود و قازانج، لەم دونیا کۆنە
هەزار مێردی کرد، هێشتا نەهۆنە
بە بۆڵە بۆڵ و، بە هۆنە هۆنە
هەر گێژی مژاند، هەر هۆشی دۆشی
لایێ بە شایی و، چەپڵە و چەپاڵە
لایێ ڕەشایی و، تەپڵە و تەپاڵە
مێشکم بە تاڵ و، ئەشکم قەباڵە
پاڵەی ئاواتم چی تێ نەکۆشی
دونیا گەژمێری پیاوی زەنگین بوو
پارووی بەتام و چەور و شیرین بوو
لەگەڵ زانایان، دژ و بە کین بوو
نەهات بەزەیی و ڕەحم و پەرۆشی
هاوارە ڕاکەن، ڕا بن، ڕەها بن
تاکەی بە «تاکە»ی جەور و جەفا بن؟
ڕەش و ڕووت و قووت، نەخۆشی تا بن
گیان بە لەرزەوە، کەس دای نەپۆشی
سەرما و برایمۆک، ئێمە و ناکۆکی
خەڵکی هەڵیدا، بە جاکی و جۆکی
سەد ماوەی بڕی و جارێ نەکۆکی
خاکی ئێمەی برد «ڕیستۆ فلۆشی»
سەرمەستی هیوا و، سەرپەستی بارم
سەربەستی واتە و، بەربەستی کارم
دەشت و چیا و باخ، یانە و هەوارم
ژیکۆتخلص شتێکم لێ دانەپۆشی!