دڵبەرە دەستی دایە دڵ، لەتلەتی کرد و ئەنجنی

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 1 دقیقه  220 مشاهده
دڵبەرە دەستی دایە دڵ، لەتلەتی کرد و ئەنجنی
تار و دەماری جیسمەکەم، ڕستی و پاکی پشکنی
لێوی عەقیقی خستە بەر سێبەری زوڵفی سونبولی
گەردەنی زەعفەران و دەم خونچە و، ڕوو گوڵی چنی
دڵ، وەکوو گۆ لەبەر شەقی زەمانە دەشتی گرتە پێش
حوور و پەری و ئادەمی، بەو شێت و شوورە پێ کەنی
پەردەیی خوێنی دڵ دڕا، ڕژایە حەوزی چاوی من
گریە بناوانی شکا، ئێستە مەحاڵە بەستنی
کوڵمەتە خوێنی لێ تکا، نازە، ڕقە، یا خەجەلە
گەر ڕقە هەستە بمکوژە، بەسییەتی ناز و شەرمنی
چاو غەزەبێکی گرتووە، زوڵفی دوولا هەڵاوەسی
جەژنەمە چاوە ڕاستەکەم، تۆ کە قەنارە بۆ منی
مەمکەوە تا ڕۆژی دووا، پەت بە مل و شانی هەوا
بەڵکە هەموو کەس تێ دەگا، عاشق و تەمبێ کردنی
پێ بە فەلاقە، سەر بە کۆت، دڵ بە هەناسە دەرپەڕی
گیان بە بەهەشت شا بووە، لەو ڕوخ و سینگ و گەردنی
دڵبەری، ڕاجیتخلص کە ئەکوشت، کفنی بە قامەتی بڕی
ڕۆحی لە پشتی بەست و گشت، تێشووی جەماڵی ئاخنی!