دڵم، بێ یار و بێ قەرداشە ئەمشەو

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 1 دقیقه  309 مشاهده
دڵم، بێ یار و بێ قەرداشە ئەمشەو
وەکوو چاووشی بێ شاباشە ئەمشەو
خەیاڵ و ئاوی چاوم، سەر دەگێڕن
چ سەر؟ ئاشێکی پڕ باراشە ئەمشەو
ئەمن مەحرووم و، دوژمن شادی دڵدار
کە هەر جێژنی سەگ و داڵاشە ئەمشەو
ئەگەرچی چاوەکەم پڕ خوێنی ئاڵە
لە تاوی یارە، بێ بیناشە ئەمشەو
غەرەز، پڕ بوونی دنیایە لە هاوار
هەتا ئاهی حەزین هەر باشە ئەمشەو
مەپرسن حاڵی دڵ، ئەی یار و ئەغیار
نەخۆش و زارە، هەم ڕیسواشە ئەمشەو
سەعاتی بەختی سەختم، بێ عەمەل بوو
چ جێی میقات و پێش و پاشە ئەمشەو؟
لەبەر زەهری هەلای دووری عەزیزان
دڵ و سینە و تەنم خەشخاشە ئەمشەو
بەری بێ تاقەتی بوو، ئاهـ و شیوەن
ئەگەرچی باغی من ساواشە ئەمشەو
لە خانەی دامە و شەترەنجی وەسڵی
شەهم بێ بەیدەق و، بێ داشە ئەمشەو
بە ڕەنگی ئەشک و ئاهی نوکتەسەنجی
دڵا! ڕاجیتخلص عەجەب نەققاشە ئەمشەو!