سەرم کەوتۆتە گێژاوی بەڵاوە

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 2 دقیقه  103 مشاهده
لە زمان برایەکی خۆشەویستەوە نووسراوە، بە مەبەستی دڵداری لە شاری سلێمانی
سەرم کەوتۆتە گێژاوی بەڵاوە
هەموو دەرگەی ژیانم داخراوە
دڵێکم بوو، کە کردتانە کەبابێک
لەشم بۆشە لە هۆش و، دانراوە
ئەمەندەم کوورەیی مێشکم ئەجۆشاند
کە فرمێسکیش بەسەر ئاگر گەڕاوە
ئەگەر سێ ساڵە، سێسەد ساڵە لای من
بە لێدانێکی دڵ، ساڵم تەواوە
ڕەقیب و عەیب و عار و تێکەڵاوی
بە هەر گۆشەی خەیاڵم تێکەڵاوە
لە قاپێلکم ئەگەر دەرچم لە ڕووتان
ئەڵێن پەردەی حەیا و شەرمی تکاوە
ئەگەر مات بم لە بەرگی خۆشەویستی
ئەڵێی پەیمانی یاری لێ پساوە
ئەگەر خۆم کەم بە شەیدایی لە شارا
ئەڵێی ناکەس بەچێک و نان بڕاوە
ئەگەر بێم، بادەگێڕیی کەم لە ماڵتان
ئەڵێی سەیری هەتیوەی نان و ئاوە
کە بولبول بم، هەمیشە بۆ گوڵی ڕووت
لە کاکۆڵ و قژانت، ڕاوە داوە
بە خۆم باوەڕ ئەکەم، ئەی هۆش و ژینم
دڵت بردووم و بیرم لا نەماوە
چ بڕیارێک بدەم، بۆ ڕۆژی وەسڵت؟
کە دوو دەستم لە شانانڕا بڕاوە
بە کێ کەم، ڕاوو تەگبیرێکی دیدار؟
کە وەستاوم بە تەقدیری خوداوە
دڵی، گیانی، سەری، ڕووناکی چاوی
بە «کاک ئەحمەد» شکی تێدا نەماوە
بەری ئاخان، ئەزانی ناگرم من!
دەمارم پس پس و، ئەژنۆم شکاوە
لە تۆز و ماتەمی عیشقت، هەموو دەم
لەشم وەک بەختەکەم، ڕەش داگەڕاوە
لە تاوت مێشکە لەق، چاویشە ئەبڵەق
سەرم لەرزەک، هەناوم داقوپاوە
ئەگەر تۆ هەقپەرست و، یاری گیانیی
لە لۆمەی خەڵک و یارانم مەهاوە
بزانە ئەمپەڕ و ئەوپەڕ، لە عیشقا
بە دەستی خۆتە ئەم جاددە بڕاوە
بە خۆت ئەکرێ، بە حەققی ڕووی جوانت
کە نەرمی کەی، دڵی ئەم دایک و باوە
عەزیزم، دڵبەرم، مایەی ژیانم
ئەوی ئیش تێک ئەدا لەم شارە، ناوە
فیداتم، بۆچ ئەبی وا زوو هەراسان
ئەتۆ چاکی، ئەمن کارم کراوە!
لە هەر فەقرە لە قانوونی مەحەببەت
ئەتۆ کارساز و، هی من چاوەڕاوە
بەرانبەر تۆ، ئەوی بیکەم عەیبدار
کەواتە هەر قبووڵم کەی، تەواوە
بە بەرزی و ڕەحم و لوتفی تۆ ئەنازم
کە نامخەیتە جەفا و شۆر و هەراوە
لە من کورتی، لە تۆ بەخشین و ویژدان
نەتیجەی دەورەتان، زۆری نەماوە
گوزیدەکار و، سۆزندە، بەیانی
خەریکی تۆ، خەریکی گیانەڵاوە