هەموو ڕۆژێ بە ملیۆن، دەست و دامێنی نەمانم من
از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
1 دقیقه
216 مشاهده
هەموو ڕۆژێ بە ملیۆن، دەست و دامێنی نەمانم من
لەگەڵ ئاهـ و ئەسەف، پەروەردەیی ڕێی جاویدانم من
گوڵی بەختم وەری، ئیکسیری وەسڵم خاکی تێکەڵ بوو
بە دەم داوی نیهانم، یا لەبەر چەرخی زەمانم من!
بە چاوی خۆم دەبینم، وا قیامەت ڕابووە ئیمشەو
کەچی هێشتا خەریکی کاری عیشقی نیشتمانم من
هەموو عالەم بە گورجی ئیشی پێک هێنا و، یا فەوتا
بەجارێ، سەرگوزەشتەی پیر و لا و دڵبەرانم من
دەفەرموێ، کێوی خەم تۆ هەڵکەنە، ئەو شۆخە شیرینە
لەبەر بێ ئیلتیفاتی، وا دەزانێ پاڵەوانم من
بە کوللی سەبر و هێزم لێ بڕاوە، من بریندارم
خەتەرمەند و، زەعیف و، بێ کەس و قەلب و زمانم من
نەفیرم ئاسمانی گرتووە، هاواری ئەملاکە
کە ئەمشەو بۆ خرۆشی عەقڵ و عیرفان، پاسەوانم من
لەبەر تەوقی کەمەر، خڕخاڵی پێیە، بەندی ئەڕواحم
لە پێی یارانەوە ڕوح سووکم، ئەمما سەرگرانم من
ئەمان ئامانە هەر لا، دائیرەی عیشقی دڵی ڕاجیتخلص
بەڵێ، نوختەی بەرابەر مەرکەزی جەوری بتانم من!