لە چین و تاری گێسووتا، بریقە و جۆششی ڕووتن

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 1 دقیقه  126 مشاهده
لە چین و تاری گێسووتا، بریقە و جۆششی ڕووتن
لە مەوجی مەشعەلەی ڕووتا، غولام و بەندی گێسووتن
لە گۆشەی چاوی مەخموورت، نیاز و غەمزە و نازت
لە قەتڵی ئێمە مەزبووتن، بە دوو شمشێری ئەبرووتن
کەمەر بەستەی قەدی شۆخت، چنار و سەرو و شمشادن
شەقیقە، لەعل و یاقووتن، خەجاڵاتی لەبی قووتن
لە کونجی سینەما بەزمی خەیاڵ و خاڵە دامەزرا
بە تاقی زەمزەمەی عیشقت، لەگەڵ بابی ئەجەل جووتن
شەفافیی چوو، سەما ناوی نەما، ڕووت هەڵ کرا، جانا
دووسەد هاڕووت و ماڕووتن، سەراپا خاکی ناسووتن
غوباری ڕۆحی من چونکە، لە دامێنت خوداجۆ بوو
لە عەرشا ئەحمەد و عیسا، موریدی شاهی لاهووتن
حەقیقەتکارییە ئیمڕۆ، لە عەقڵ و ڕۆحی بێدادم
تەریقەتدارییە، نەفس و هەوا مونقاد و سەر ڕووتن
نەما سەبرم، تکا شەرمم، شکا نەقدم، پسا جەرگم
بە گردی، هەرچی هەمبوو من، لە ژێر تاڵانی جادووتن
لە قاپیی خێر و ئیحسانا، بە قاپێ مەی کە ڕاجیتخلص بم
دڵ و دیدەم تکاکاری، لەب و زاری شەکەرخووتن