با لە خانەی عوشرەتا، کارێکی دەستووری بڵێم

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 1 دقیقه  171 مشاهده
با لە خانەی عوشرەتا، کارێکی دەستووری بڵێم
تا درەوشی ڕووی دەدا، ناڵەیکی دەیجووری بڵێم
من بە کامی لێوەکانت، غائیلەی عیسا بکەم
یا بە یادی قامەتی تۆ، ئایەتی «توور»ی بڵێم؟
چەندە وەسفی تۆ بکەم، مابەینە وەک ئەرز و سەما
جا مەگەر هەر بۆ مەسەل، میسباحەکەی نووری بڵێم
چاوی شۆخی یارەکەم هەرچەندە کاڵە، پێ دەگا
با ئەمن جارێ بە گوێرەی سێوی لاسووری بڵێم
باسی دەریایی دوو چاوم کەم، لە تۆفانی فیراق
یا لە گەرمیی دڵ هەوای ئاهێکی تەندووری بڵێم؟
چیم لە نێزیکی حەبیبان داوە، وا مەدحی ئەکەم
قاعیدەی وایە بە دایم، زەلزەلەی دووری بڵێم
باغی حوسنی ڕوومەتت، ئەی دڵبەرا ڕازایەوە
با بە ئاهەنگی عێراقی، لالە و سووری بڵێم
تا لە غەمخانەی فیراقم، شینی ناشادیمە من
چاکە هاوار و فوغان کەم، حاڵی ڕەنجووری بڵێم
ڕاجیاتخلص، بۆ زوڵفی دووتا، تا بە تا بیخوێنەوە
نوختە نوختە، خەت بەخەت، گەر نەزمی گەنجووری بڵێم