تاکوو دڵبەر تەفرەبازە، سوودی من نادا دەماغ

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 1 دقیقه  244 مشاهده
تاکوو دڵبەر تەفرەبازە، سوودی من نادا دەماغ
غەرقی بەحری سۆزی عیشقم، گەهـ لە ناوا، گەهـ قەراغ
دەمکوژێ ئەو، یا بە تیغ و نەشتەری زوڵفی کەچی
یا بە شمشێری برۆی جەوهەرتکێنی خۆش سەباغ
تا سواری ڕەفڕەفی بەختی بەدم، بۆ ڕێی نەهات
بۆ چمە؟ بۆ دەرد و زامی دڵ کە ڕاکێشم وڵاغ
من کەوا بێ تاقەت و، لەب وشک و بێزارم لە خۆم
لێم گەڕێ تاوێ بگریەم، ئەی ڕەقیبی قوڕمساغ
دیدە بێ نوورم، لە تاریکی شەوی غەم چۆن بڕۆم؟
ئەی سەنەم! زوڵفت بەلانێ، چاکە ڕەوشەن بێ چراغ
چم نەکرد، چەند ساڵە وا ڕێی وەحشەتم گرتۆتە پێش
با بزانم چۆن دەبێ، ئەمجارە لێی بگرم وەتاغ
چاوی بیماری، ئەکا ڕۆحی ئەسیران شەرمەزار
ڕاجیاتخلص، لێرە و لەوێ، مەعلوومە تۆی دڵ پڕ لە داغ