هۆش و دڵ و ئاوات و ژیانم بووە نەگبەت
از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
1 دقیقه
235 مشاهده
هۆش و دڵ و ئاوات و ژیانم بووە نەگبەت
ڕەنگە نەگەمە باوەشی ئەو سەرگوڵە قەت قەت
کەوتوومە تەم و ماتەمی دووری، بە تەماشم
بیگرم، بگەزم، ڕایبگوشم، بیخەمە سەر خەت
ترسم هەیە، پەرچەم بە سەبا هەڵببزڕکێ
یا هەڵبوەرێ میوەیی ئاکامی لە ڕوومەت
ئەو، زینەتی باخات و گوڵ و گیا و درەختە
کاتێ کە بە لێو دێ بە بزە و، لەنجە بە قامەت
گەر تیری موژەی خستە برۆی ماڵی کەوانی
سینگ و جگەرن، دەبنە نیشانەی هەموو ئافەت
بەو نیوە تەماشایە، کە ئەیکەی بە دزی خەڵک
عاشق ئەگەیێنی بە هەموو پایە و دەوڵەت
قوربان و بەڵاگێڕی گلێنە و نەزەرت، دڵ
بیبەستە بە لاگیرەوە، لاگیری خرینگەت
تا لەو ملە ئەتلێتەوە، بەو تاسە ئەتاسێ
ئەو کاتە لە دوولاوە، بە قژ بیخەرە ژێر پەت
بێژە ئەمەیە قۆچی فیدا و حەججی قبووڵم
بۆ خەڵکی مەکە، بیکە لە کابە بە زیافەت
ئەو عیشوە و نازانە کە ئەنوێنی لە ڕوودا
بۆ بردنی گیان و دڵە، کردووتە بە عادەت
ژیکۆتخلص، بە تۆ پەیوەندە، ئەگەر بیخەیە پێوەند
ئارامە لە چاوی ڕەش و ئازادە لە خەندەت!