چاوی هەڵئەبڕێ بە دووسەد نازەوە دڵ کا خەڵات

از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
 2 دقیقه  183 مشاهده
چاوی هەڵئەبڕێ بە دووسەد نازەوە دڵ کا خەڵات
هەر خەڵاتێکی هەزار تیری موژەی پێوە ئەخات
سینەیی سینی، ئەڕازێنێتەوە نارنج و سێو
تا بە نارنجۆکی مەم بکوژێ سەر و بگرێ وەڵات
لێو، شەکەرخەندە و گوڵ و یاقووتی لێ بارکردووە
بۆ دڵی عالەم ڕفاندن، دائەنێ خێر و بەرات
ئاسەواری بڕیەوە، هەر خۆشەویستێکی هەبووی
چی لە شاهی گرژەڕوو کا، نۆکەری بێ دەستەڵات؟
وەک هەوەڵ شاقاوم ئاویتە خەتی دڵپەروەری
خۆم بە جارێکی دەراویتە دەری سەبر و سوبات
چاوی کاڵت شەربەتە، یاخۆ شەرابی مەستییە؟
یانە قاوەی شیرنی مەرگە لە فنجانی نەجات؟
ماری ڕەشپۆشن دوو زوڵفت، یا شریتی دارەمەیت؟
یا سویچ و وایەری کوڵمەن لە شاری ڕۆژهەڵات؟
قەت بەهای ماچی تەواو نابێ لە عالەمدا بەکەس
وا مەلەک ڕۆژی ئەزەل تا ئێستە هاتوونە مەزات
من لە ئەم دڵدارییە دیتم جەهەندەم دوورییە
پێگەیینی جەننەتە، بخوازە گشتی موشتەهات
خوازەر و خوازراو و تالیع، عاقیبەت پیرۆزییە
وەرگەڕاو و ژوور و دەر، سابیت بە هاتی کارەسات
ڕەمڵی من وێنەی تەرازووی کارە، ئەیکێشێتە ڕوو
خاڵ و خەت ڕەمزن لە جێ، چ بکەن بەنات و ئوممەهات
خۆڵەمێشی خەم لە ڕووتا بسڕە ژیکۆتخلص، گەش بەوە
سۆزی ڕاستی خۆت نیشان دە و هیچ نەبێ پێچ و پەنات