دڵ بە دەرد و داخەوە، هاواری بێ ڕێوجێ دەکا
از کتاب:
دیوانی ڕاجی
اثر:
راجی (1912-1969)
1 دقیقه
267 مشاهده
دڵ بە دەرد و داخەوە، هاواری بێ ڕێوجێ دەکا
بێ دەر و شەیدایە ئاخۆ، حەز لە چاوی کێ دەکا؟
مەست و لاوازە لە بادەی بێ غەش و دەردی بەسۆز
هەروەکوو مەجنونە داوای باوەشی لەیلێ دەکا
من کە دانیشتم لە باخچۆڵە و، بە عیشوە هاتە لام
لا مل و کوڵمەی ئەپۆشی، گواییا شەرمێ دەکا
خونچە ئێخەی دادڕی، بولبول، کە بەندی دەمیەتی
ئەم دڵ و جەرگی ئەسووتێ، ئەو تەنی ڕێ ڕێ دەکا
گەر ئەزانێ لار و لەنجەی ڕائەکێشێ شا و گەدا
هەروەکوو زوڵفی لە دوولا، ئارەزووی بەر پێ دەکا
چاو، چ چاوێکە! مەکینەی ویسکیی و مەستی و هەوەس
لێو، چ لێوێکە! مەزەی ڕۆژی قیامەت تێ دەکا
دوژمنی بێبەش لە هەرلا، وا خەریکە پێی بگا
دەستی بێ ئەنگوستی بەشکە پەنجەوانەی تێ دەکا
هێندە پەرپووت و کەریشە، ئەو سەگی دەس ناکەوێ
کەوتووە لەم تەوڵەدا، داوایی ئەسپی شێ دەکا
داری بەرداریش هەتا یەک بەر زیاتر ناگرێ
دڵبەری ڕاجیتخلص گوڵ و نارنج و بێ و هەرمێ دەکا!