جەژن

از کتاب:
نسێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  389 مشاهده
لە بەراییی دەشتێکی تەلیسماویدا،
لەنێوانی «زاخۆ» و مەرگ و هەموو خەونە دوورەکانی خاکدا،
هەورێکی نزمی خوێناویی ئاوێنەمە.
من ڕوخسارم گۆمێکی شووشەی شکاوە و ورد و خاشە،
پەیڤی ئاو و پەیڤی دەنگم و
وا ئێستاکە، لەو ئاوێنە و لەو گۆمەدا، باڵندەکانی دووکەڵی ناو «هەکار» و ڕیشی سووتاوی چیای «جوودی» و «ئەربائیلۆ» و شەوانی دیلەکانی قەڵای زەلیل ئەبینمەوە.
میهرەجانی خوێنم گەرمە.
میهرەجانی گوڵی خائین گەشاوەیە و چرا، سەرمە!
کە ڕێ ئەکەن، لە بەراییی ئەو دەشتەدا، تا چاوی خوێن هەتەر ئەکا،
تا چاوی «مانگی یەکشەوە» و «ئەستێرەکەی» نێو باوەشی هەتەر ئەکەن.
ڕقی زەرد ئەبریسکێتەوە و لە ئاقاری هەموو عەشقێکی سپیدا، لە دەڤەری هەموو دەنگێکی سپیدا، دروێنەیەک، لەناو کێلگەی گوڵەگەنمی گۆرانیم و چاوەکانتا بەرپا ئەکەن.
لە بەراییی دەشتێکی تەلیسماویدا
جەژنی لەدایکبوونەوەی تەورە
جەژنی لەدایکبوونەوەی ژەهرە
جەژنی گەڕانەوەی «مەرگەوەڕە» بۆ «جزیرە» و
جەژنی هەڵدانەوەی پەردەی زەردە لەسەر پەیکەرەکەی «ئەتاتورک» و
قۆچی قوربانیی ئەم دەشتە تەلیسماوی و
ئەم زەماوەندی دەڤەرەیش
شەپۆلەکانی «خابوور»ە!