شکستی دوشمن و گەڕانەوە

از کتاب:
دوانزە سوارەی مەریوان
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 3 دقیقه  319 مشاهده

سەلیم بەگ کە زانی نان و خوان لە جێی خۆی ماوە نەڕژاوە ئنجا خۆی لە ڕاستە خۆی تەریق بوەوە و وتی: یاران پاشا کەوا میوانە دیار نییە، لەشکر تێک چڕاوە، جوامێر بە برینداری کەوتە پێ و شوێنی لەشکر. لە شوێن نەوس بە کاسە و کەوچکەوە دەگەڕێم دەستبەجێ گەڕایەوە و هەر لە خۆیەوە دای لە تەپڵ، زۆری پێ نەچوو ئەکرەم پەیدا بوو سەلیم بەگ:

- ها ئەکرەم چییە؟

- ئاغام تەنگانەی چاک ئەم دەمەیە. هەرچەند لەشکر شکاوە باشچاوەش سەرشکستە نیشتووە، بەڵام ئەوانەی لەپێش باشچاوەش و لەشکری ئێمەوەن کەمن. هێشتا زۆربەی لەشکر لە داسێران و نەستنوانەمتن نامشخص ماوەتەوە. ئەمانە ئەگەر بێت و بجووڵێن، سوارەی ئێمە دەکەونە ناوەڕاستەی دوو لەشکرەوە و کە بزانن کەمین بمانگرنە ناوەوە هەموو ڕەنجمان بێهوودە ئەڕوا. ئێستا من شارەزا نیم و تیپی خۆشمان لێک بڕاوین. ئەگەر سێ چوار سواری ترمان بدۆزیایەنەوە بە کوڕەوە و هەرای تەپڵ بەرمان لە دەستەی دوایی لەشکری ئێران کە لە کێو کۆ بوونەوە و دوابەدوای شکستەی خۆیان ئەڕۆن بگرتایە، بمانخستنایە ڕەتی ڕێی «مووسک» ئەم ترسەمان نەدەما، بەڵام من و تۆ چی بکەین.

سەلیم بەگ وتی: ڕاست ئەکەی با جارێ هەردووکمان لە تەپڵ بدەین و ڕوو بکەینە پێش شکستەی دووایی، ئەکرەم هەرچەندە ئەمەی بە شێتی زانی بەڵام ناچار سەرپێچی نەکرد، هێشتا دوور نەڕۆیشتبوون تیپە سوارێکی هەڵبژاردەی قۆچاغ بێدەنگ و بێ سەنگ لە دوایانەوە دەکشا، نزیک کەوتنەوە سەلیم بەگ گەڕایەوە تێی خوڕین. کە لێیان ورد بووەوە ڕاوەستا تا پاشا گەیشتە بەرەوە بانگی کرد مامە تۆی؟ ماوی؟ سەلیم بەگ دڵ و چاوی بە جارێ ڕوون بووەوە. وتی: بەڵێ ساغم قوربان جارێ شوێنم کەوە، پاشایش نەیپرسی بۆ کوێ کە گەیشتن، ئیتر خوا بۆی ڕێک خستن دوای لەشکری ئێرانیان لێک پچڕاند تا پشت مووسک.

ئینجا لە سەریا نەڕۆیین گەڕانەوە شوێن لەشکرگا لە ڕێگا زوڵاڵ ئاغا پەیدا بوو، پاشا ناردی بە شوێن باشچاوەشا کە بگەڕێتەوە ئیتر لەسەریان نەڕوا و فەرموویشی تەپڵی بازگەشت لێ دەن. خۆیشیان هاتنە ناو خەیمە و بارەگای بەجێماوەوە دابەزین. پاشا لەباتی ئەمەی ڕووخۆش و شادمان بێ، دڵتەنگ و مات و مەلوول دانیشتبوو. لەگەڵ سوارەیە دەردەکەوت دڵی ڕادەچەنی و هەواڵی جوامێر ئاغای دەپرسی. ڕووی کردە سەلیم بەگ و وتی:

مامە تۆ جوامێر ئاغات چۆن دی؟ دەترسم خوانەکردە جوامێرمان لەدەس بچێ! بە خوا سوێند ئەخۆم جوامێر بە هەموو لەشکر و کەس و کارمی ناگۆڕمەوە. سەلیم بەگ «بە گاڵتەوە»: سا بەخوا پاشا شوکور برینەکانی لەوانەیە کە نەژی تۆ ئەتەوێ نەکوژرێین و بە مەرگی خۆمان بمرین تا لە دڵی میللەت و تەئریخا بژین.