باب ٧

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 7 دقیقه  241 مشاهده

1) وەختێکی هەموو قسەکانی خۆی دە گوێی قەومیدا خەڵاس کردبوو وەژوور کەفەرناحومێ کەوت.

2) و عەبدێکی یوزباشی کە لە کن ئەوی خۆشەویست بوو، نەخۆش و نیزیکی مردنێ بوو.

3) و کە بەحسی یەسووعی بیست چەند پیرانی یەهوودییانی ناردە کن ئەوی و تکای لێ دەکرد کە بێ و عەبدی وی خەڵاس بکا.

4) و کە ئەوان هاتنە کن یەسووع، زۆر پاڕانەوە، دەیانگوت: «لایقە کە ئەو چتەی بۆ وی بکەی.

5) چونکە میللەتی مەی خۆش دەوێ و ئەو بۆ مە کەنێشتی دروست کردووە.»

6) و یەسووع دەگەڵ ئەوان چوو. بەڵا وەختێکی ئەو ئیدی دوور لە ماڵێ نەبوو، یوزباشی چەند دۆستانی نارد، بە وی دەگوت: «یا ڕەب زەحمەت مەکێشە چونکە ئەمن لایق نیم کە لەبن میچی من وەژوور بکەوی.

7) لەبەر ئەوەش خۆمم لایق حیساب نەکرد کە بێمە کن ئەتۆ. بەڵا قسەیەکی بڵێ و خزمەتکاری من ساغ دەبێتەوە.

8) چونکە ئەمنیش پیاوێکم لە بن حیکمات داندراو و عەسکەران بە دەستی خۆمم هەیە و بە یەکێک دەڵێم، بڕۆ و دەڕوا و بە یەکی دیکە، وەرە و دێ و بە عەبدی خۆم ئەوەی بکە و دەیکا.»

9) بەڵا وەختێکی یەسووع ئەوەی بیست لە وی عەجایب ما و وەرگەڕا بۆ خەڵکی کە وەدوای وی دەکەوتن و کوتی: بە ئەنگۆ دەڵێم: «دە ئیسرائیلیشدا وەها باوەڕێکی گەورەم پەیدا نەکردووە.»

10) و کە ناردراوان بۆ ماڵێ گەڕانەوە، ئەو عەبدەیان ساغ پەیدا کرد.

11) و بوو کە دە ڕۆژی دیدا، بۆ شارێکی کە نائین بانگ دەکرا، دەچوو و شاگردانی وی و خەڵکێکی زۆر دەگەڵ ئەوی دەچوون.

12) و کە نیزیکی دەروازەی شاری بوو، ئەوەتا مردووێک دەبردرا بۆ دەرێ، کوڕی تاقانەی دایکی خۆی، و ئەو بێوەژن بوو و زۆر خەڵکی شاری دەگەڵ ئەوی بوون.

13) و کە ڕەب ئەوی دی، دڵی بۆ وی سووتا و بە وی گوت: «مەگریێ.»

14) و هاتە پێشێ، دەستی لە تابوتی دا و هەڵگران ڕاوەستان، و کوتی: «ئەی جەوان، بە تۆ دەڵێم هەڵستە!»

15) و مردووەکە ڕاست ڕۆنیشت و دەستی پێ کرد کە قسان بکا و ئەوی بە دایکی خۆی دا.

16) و ترس هەمووانی داگرت و شوکری خوڵایان کرد، دەیانگوت: «پێغەمبەرێکی گەورە لەنێو مە هەڵستاوە و خوڵا تەماشای قەومی خۆی کردووە.»

17) و ئەو خەبەرەی بەحسی وی دە هەموو یەهوودییە و دە هەموو وڵاتی دەورەندەوردا وەدەر کەوت.

18) و شاگردانی یوحەننا لە هەموو ئەو چتانەی بە وی خەبەریان دا.

19) و یوحەننا دوو کەس لە شاگردانی خۆی بانگ کرد و ناردیە کن ڕەب دەیگوت: «ئەرێ ئەتۆی ئەوەی کە دێ یان چاوەنۆڕی یەکی دیکە ببین؟»

20) و کە ئەو پیاوانە هاتنە کن ئەوی کوتیان: یوحەننا تەعمیددەر ئەمەی ناردووە کن ئەتۆ، دەڵێ: «ئەرێ ئەتۆی ئەوەی کە دێ یان چاوەنۆڕی یەکی دیکە ببین؟»

21) دەو سەعاتەیدا زۆرانی لە نەخۆشییان و دەردان و ڕوحانی پیس ساغ دەکردەوە و بە زۆر کوێران دیتنی بەخشی.

22) و جوابی دا و بە وانی گوت: «بڕۆن و بە یوحەننا خەبەر بدەن لە ئەو چتانەی کە دیوتانە و بیستووتانە: کوێران دەبینن، شەلان دەگەڕێن، گولان پاک دەکرێنەوە، کەڕان دەبیێن، مردووان هەڵدەستێندرێنەوە و بە فەقیران مزگێنی دەدرێ.

23) و خۆزگە بە هەر کەسێکی کە لە من هەڵنانگوترێ.»

24) و کە ناردراوانی یوحەننا ڕۆیین، دەستی پێ کرد کە بەحسی یوحەننا بۆ خەڵکی بڵێ، بۆ تەماشاکردنی چی بۆ نێو چۆڵی وەدەر کەوتن؟ ئەرێ قامیشێکی کە بە بای دەبزوێ؟

25) بەڵا بۆ دیتنی چی وەدەر کەوتن؟ ئەرێ پیاوێکی بە جلی ناسک دەبەرکراو؟ ئەوەتا ئەوانەی کە بە جلی بە شەوقەت و دە عەیشدا دەژین، دە عیمارەتانی پادشایاندان.

26) بەڵا بۆ دیتنی چی وەدەر کەوتن، ئەرێ پێغەمبەرێکی؟ بڵێ: بە ئەنگۆ دەڵێم: پتریش لە پێغەمبەرێکی.

27) ئەوەیە کە بەحسی وی نووسراوە، ئەوەتا دەنێرمە پێش ڕووی تۆ مەلایکەتی خۆم، ئەوەی کە ڕێک دەخا ڕێی تۆ، پێشی تۆ.

28) بە ئەنگۆ دەڵێم: لەنێو ئەولادانی ژنان کەس لە یوحەننا گەورەتر نییە. بەڵا ئەوەی کە پچووکترە دە پادشایەتی خوڵایدا لە ئەوی گەورەترە.

29) و هەموو قەومی کە بیستیان و ڕاداران تەسدیقی خوڵایان کرد بە وەی کە بە تەعمیدی یوحەننا تەعمید کران.

30) بەڵا فریسیان و شەرعزانان تەگبیری خوڵای دەرحەقی خۆیان بەتاڵیان کرد بە وەی کە لە وی تەعمید نەکران.

31) دەنا خەڵکی ئەو سلسلەی بە چی بشوبهێنم و بە چی دەشوبهێن؟

32) دەشوبهێن بە منداڵان کە دە مەیداناندا ڕۆدەنیشن و بۆ یەکتری بانگ دەکەن و دەڵێن: بۆ ئەنگۆ زوڕنامان لێدا و هەڵنەپەڕین. شینمان کرد و نەگریان.

33) چونکە یوحەننا تەعمیددەر هاتووە. نە نانی دەخوا و نە شەڕاب دەخواتەوە و ئەنگۆ دەڵێن: جننی هەیە.

34) کوڕی ئینسانی هاتووە، دەخوا و دەخواتەوە و ئەنگۆ دەڵێن: ئەوەتا پیاوێکی زۆرخۆر و شەراپخۆر، دۆستی ڕاداران و گوناحکاران!

35) و عەقڵداری لە هەموو منداڵانی خۆی تەسدیق بووە.

36) و یەکێک لە فریسیان لێی تەڵەب کرد کە دەگەڵ ئەوی نان بخوا. و وەژوور ماڵی فریسیی کەوت و لەسەر سفرەی ڕۆنیشت.

37) و ئەوەتا ژنێکی گوناحکار دەو شارەیدا هەبوو و وەختێکی زانی کە دە ماڵی فریسی لەسەر سفرەی ڕۆنیشت، شووشەیەکی ڕۆنی بۆنخۆشی هێنا.

38) و لە پشتەوە، لە کن پێیانی وی ڕاوەستا و دەگریا و دەستی پێ کرد کە پێیانی وی بە فرمێسکان تەڕ بکا. و بە مووی سەری خۆی وشکی دەکردەوە و پێیانی وی ماچ دەکرد و بە ڕۆنی بۆنخۆش چەوری دەکرد.

39) بەڵا وەختێکی ئەو فریسییەی کە ئەوی بانگ ئێشتبوو، دیتی، دە خۆیدا قسەی دەکرد و دەیگوت: «ئەوە ئەگەر پێغەمبەر بایە، دەیزانی ئەو ژنەی کە دەستی لێ دەدا کێیە و چلۆنە، چونکە گوناحکارە.»

40) و یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: «ئەی شەمعوون چتێکم هەیە کە بە تۆ بڵێم.» و ئەو کوتی: «ئەی مامۆستا بڵێ!»

41) «تەڵەبکارێک دوو قەرزدارانی هەبوو. یەکێک پێنجسەد دینار قەرزدار بوو و ئەوی دیکە پێنجا.

42) کە هیچیان نەبوو کە ئەدای بکەن هەر دووکی بەخشی. دەنا کێهە لەوان، ئەوی پتر خۆش دەوێ؟»

43) شەمعوون جوابی دا و کوتی: «فکر دەکەم ئەوەی کە پتری پێ بەخشی.» و ئەو بە وی گوت: «ڕاستت حوکم کرد.»

44) و کە بۆ ژنەکەی وەرگێڕا، بە شەمعوونی گوت: «ئەرێ ئەو ژنەی دەبینی؟ وەژوور ماڵی تۆ کەوتم. ئاوت بۆ پێیانی من نەدا، بەڵا ئەوە پێیانی من بە فرمێسکانی تەڕ کردووە و بە مووی خۆی وشکی کردووە.

45) ماچێکت بە من نەدا، بەڵا ئەوە لەو وەختەی کە وەژوور کەوتم لە ماچکردنی پێیانی من ڕانەوەستاوە.

46) سەری من بە ڕۆن چەورت نەکرد، بەڵا ئەوە پێیانی منی بە ڕۆنی بۆنخۆش چەور کردووە.

47) لەبەر ئەوەی بە تۆ دەڵێم: گوناحانی زۆری وی بەخشراون، چونکە زۆری خۆش ویست. بەڵا ئەوەی کە کەم دەبەخشێ، کەم خۆش دەوێ.

48) و بە وی گوت: گوناحانی تۆ بەخشراون.»

49) و ئەوانەی کە دەگەڵی لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوون دەستیان پێ کرد کە دە خۆیاندا بڵێن: «ئەوە کێیە کە گوناحانیش دەبەخشێ؟»

50) و بە ژنەکەی گوت: «ئیمانی تۆ، ئەتۆی خەڵاس کردووە، بە سڵامەتی بڕۆ!»