باب ١٤

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 9 دقیقه  212 مشاهده

1) و لە پاش دوو ڕۆژان جێژنی فەسح و فەتیری بوو و کاهینانی گەورە و خوێندەواران حەولیان دەدا چلۆن ئەوی بە فێڵ بگرن و بیکوژن.

2) چونکە کوتیان دە جێژنیدا نە، نەبا شێواوی لەنێو قەومی ببێ.

3) و وەختێکی ئەو دە بەیت عەنیا دە ماڵی شەمعوونی گولدا بوو و کە لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوو، ژنێک هات کە شووشەیەکی ڕۆنی ناردینی خالس و زۆر بە قیمەتی هەبوو. شووشەکەی شکاند و بە سەری ویدا ڕشت.

4) و هێندێک دە خۆیاندا ناقایل بوون و کوتیان، «بۆچی زایەی ئەو ڕۆنەی بووە؟

5) چونکە مومکین بوو کە ئەو ڕۆنە بە پتر لە سێسەد دینار بفرۆشرێ و بە فەقیران بدرێ.» و بۆڵەبۆڵیان لەسەر ئەوەی کرد.

6) بەڵا یەسووع کوتی: «لێی گەڕێن، بۆچی ئەوی عاجز دەکەن؟ عەمەلێکی چاکی بۆ من کردووە.

7) چونکە فەقیرانوو هەمیشە دەگەڵ خۆتان هەیە و هەر وەختێکی کە بتانەوێ دەتوانن چاکەی دەگەڵیان بکەن، بەڵا ئەمنوو هەمیشە نییە.

8) ئەوەی کە توانی کردی، بەدەنی منی دە پێشدا چەور کردەوە بۆ ناشتنێ.

9) ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر جێیەکی کە ئینجیل وەعز دەکرێ دە هەموو دنیایدا، خەبەریش دەدرێ لە ئەوەی کە ئەو کردی بۆ یادگاری وی.»

10) و یەهودای ئێسخەریوتی یەکێک لەو دوازدانە چۆ کن کاهینانی گەورە کە ئەوی بە وان تەسلیم بکا.

11) و کە ئەوان بیستیان خۆشحاڵ بوون و وەعدەیان کرد کە دراو بە وی بدەن. و حەولی دەدا چلۆن ئەوی بە فورسەت تەسلیم بکا.

12) و دە ڕۆژی هەوەڵی جێژنی فەتیرێدا کە بەرخی فەسحیان دەکوشتەوە، شاگردان بە وییان گوت: «بۆ کوێ دەتەوێ کە بچین و حازر بکەین کە فەسحی بخۆی؟»

13) و دوانی لە شاگردانی خۆی نارد و بە وانی گوت: «بڕۆنە شاری و پیاوێک تووشوو دەبێ کە جەڕێک ئاو هەڵدەگرێ، وەدوای وی بکەون.

14) و دە هەر جێیەکیدا کە بچیتە ژوورێ بە ساحیب ماڵی بڵێن کە مامۆستا دەڵێ: «لە کوێیە ئەو مەنزڵەی من کە لەوێ دەگەڵ شاگردانی خۆم فەسحی بخۆم؟

15) و ئەو بە ئەنگۆ نیشان دەدا باڵاخانەیەکی گەورە، فەڕشکراو و حازر و لەوێ بۆ مە حازر بکەن.»

16) و شاگردان وەدەر کەوتن و هاتنە نێو شاری و هەر وەکوو ئەو بە وانی کوتبوو پەیدایان کرد و فەسحیان حازر کرد.

17) و کە ئێوارێ بوو، دەگەڵ ئەو دوازدانە هات.

18) و کە ئەوان ڕۆنیشتبوون و دەیانخوارد یەسووع کوتی: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە یەکێک لە ئەنگۆ، ئەمن تەسلیم دەکا، ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن دەخوا.»

19) و دەستیان پێ کرد کە خەمناک ببن و بە وی بڵێن؛ یەک یەک، مەگەر ئەمنم؟

20) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «یەکێک لەو دوازدانە، ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن دەست دە قاپی دەخا.

21) چونکە هەڵبەتە کوڕی ئینسانی دەڕوا چلۆنێکی بەحسی وی نووسراوە؛ بەڵا وای بۆ ئەو کەسەی کە کوڕی ئینسانی بە سەبەبی وی تەسلیم دەکرێ. بۆ ئەو کەسە چاکتر دەبوو ئەگەر بە وەلەد نەبووبایە.»

22) و کە ئەوان نانیان دەخوارد، یەسووع نانی هەڵگرت؛ ممبارەکی کرد، لەتی کرد و دای بە وان و کوتی: «وەرگرن، ئەوە بەدەنی منە.»

23) و پیاڵەیەکی هەڵگرت، شوکری کرد، دای بە وان و هەموویان لە وییان خواردەوە.

24) و بە وانی گوت: «ئەوە خوێنی منە ئەی عەهدی تازە، کە بۆ زۆران دەڕێژێندرێ.

25) ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە ئیدی قەت ناخۆمەوە لە حاسڵی مێوی هەتا ئەو ڕۆژەی کە دە پادشایەتی خوڵایدا ئەوی تازە دەخۆمەوە.»

26) و کە زەبووریان خوێندبوو بۆ کێوی زەیتوونی وەدەر کەوتن.

27) و یەسووع بە وانی گوت: «هەمووتان لە من هەڵدەنگوترێن، چونکە نووسراوە لە شوانی دەدەم و مەڕان بڵاو دەبن.

28) بەڵا لە پاش هەڵستانەوەی من وەپێش ئەنگۆ دەکەوم بۆ جەلیلێ.»

29) و پیترۆس بە وی گوت: «ئەگەر هەموو هەڵبنگوترێن بەڵا ئەمن نە.»

30) و یەسووع بە وی گوت: «ڕاستی بە تۆ دەڵێم کە ئەتۆ ئەوڕۆ، دەو شەوەیدا، لە پێش ئەوەی کە کەڵەباب دوو جار بخوێنێ، سێ جار لە من حاشا دەکەی.»

31) بەڵا ئەو هەر زۆر زیاتر کوتی: «ئەگەر بۆ من لازم بێ کە دەگەڵ ئەتۆ بمرم، قەت لە تۆ حاشا ناکەم» و هەر واش هەموو کوتیان.

32) و هاتنە جێیەکی کە نێوی گتسمانی بوو و بە شاگردانی خۆی گوت: «ڕۆنیشن لێرە هەتا دوعا بکەم.»

33) و پیترۆس و یەعقوب و یوحەننای دەگەڵ خۆی هەڵگرت و دەستی پێ کرد بە ترسان و دڵتەنگی.

34) و بە وانی گوت: «گیانی من زۆر خەمناکە هەتا مردنێ، لێرە بمێنن و بەخەبەر بن.»

35) و کەمێک چۆ پێش و کەوتە سەر ئەرزێ و دوعای کرد کە ئەگەر مومکین بێ ئەو سەعاتە لەسەری ڕاببرێ.

36) و کوتی: «یا ئەببا بابە، هەموو چت بۆ تۆ مومکینە. ئەو پیاڵەی لە من هەڵگرە؛ ئەمما نە ئەوەی کە ئەمن دەمەوێ، بەڵا ئەوەی کە ئەتۆ دەتەوێ.»

37) و هات و ئەوانی نووستوو پەیدا کرد و بە پیترۆسی گوت: «ئەی شەمعوون نووستووی؟ ئەرێ نەتدەتوانی سەعاتێک بەخەبەر بی؟

38) بە خەبەر بن و دوعا بکەن هەتاکوو دە تەجرەبەی نەکەون. هەڵبەتە ڕوح ڕازییە، بەڵا بەدەن زەعیفە.»

39) و دیسان چوو و دوعای کرد، هەر ئەو قسەی دەگوت.

40) و کە دیسان گەڕاوە ئەوانی نووستوو پەیدا کرد چونکە چاوی وان گران بوون. و نەیاندەزانی چی جواب بە وی بدەن.

41) و جاری سێیەم هات و بە وانی گوت: «ئەوێستا بنوون و بحەسێنەوە. بەسە ئەو سەعاتە هاتووە ئەوەتا کوڕی ئینسانی بە دەستانی گوناحکاران تەسلیم دەکرێ.

42) هەڵستن با بڕۆین، ئەوەتا ئەوەی کە ئەمن تەسلیم دەکا نیزیکە.»

43) و جێبەجێ کە هێشتا ئەو قسەی دەکرد، یەهوودا، یەکێک لەو دوازدانە هات و غەڵەبایییەک دەگەڵ ئەوی بە شیران و کوتکان لە لای کاهینانی گەورە و خوێندەواران و پیران.

44) و تەسلیمکەری وی نیشانێکی بە وان دابوو دەیگوت: «ئەوەی کە ماچی دەکەم هەوە، بیگرن و بە هۆشیاری بیبەن.»

45) و کە هات جێبەجێ وەپێش کەوتە کن ئەوی و کوتی؛ ئەی مامۆستا و ئەوی ماچ کرد.

46) و ئەوان دەستانیان هاویشتە سەر ئەوی و گرتیان.

47) بەڵا یەکێک لە حازران شیری هەڵکێشا و لە خزمەتکاری کاهینی گەورەی دا و گوێی وی بڕی.

48) و یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: «وەکوو بۆ سەر جەردەیەکی وەدەر کەوتوون بە شیران و کوتکان هەتاکوو ئەمن بگرن.

49) هەر ڕۆژ دەگەڵ ئەنگۆ دە هەیکەلێدا بووم و تەعلیمم دەدا و ئەمنوو نەگرت، بەڵا هەتاکوو کتێبان تەواو ببن، ئەوە بووە.»

50) و هەموو ئەویان بەجێ هێشت و هەڵاتن.

51) و جحێڵێک وەدوای وی دەکەوت کە چارشێوێکی کەتانی لە بەدەنی ڕووتی خۆی هاڵاندبوو و ئەویان گرت.

52) بەڵا ئەو چارشێوی بەجێ هێشت و بە ڕووتی هەڵات.

53) و یەسووعیان بردە کن کاهینی گەورە. و هەموو کاهینانی گەورە و پیران و خوێندەواران خڕ بوونەوە.

54) و پیترۆس لە دوورەوە وەدوای وی کەوت هەتا ژوور حەساری کاهینی گەورە و دەگەڵ خزمەتکاران ڕۆنیشتبوو و خۆی لەبەر ئاوری گەرم دەکردەوە.

55) و کاهینانی گەورە و هەموو مەجلیسی کەیخودایان لە شایەدی لەسەر یەسووع دەگەڕان هەتاکوو بیکوژن و وەدەستیان نەدەکەوت.

56) چونکە زۆران شایەدی بە درۆیان لەسەر ئەوی دەدا و شایەدییان یەک نەبوون.

57) و هێندێک ڕاست بوونەوە و شایەدی بە درۆیان لەسەر ئەوی دا، دەیانگوت:

58) «ئەمە بیستمان لە ئەوی کە دەیگوت: ئەمن ئەو هەیکەلەی بە دەست دروستکراو دەڕوخێنم و بە سێ ڕۆژان یەکی دیکە بە دەست دروستنەکراو دروست دەکەم.»

59) و بە ئەوەش شایەدی وان یەک نەبوو.

60) و کاهینی گەورە هەڵستا نێوەڕاستی لە یەسووع پرسیاری کرد دەیگوت: «ئەرێ هیچ جواب نادەی؟ ئەوانە لەسەر ئەتۆ چی شایەدی دەدەن؟»

61) بەڵا ئەو بێدەنگ بوو و هیچ جوابی نەدا. دیسان کاهینی گەورە لێی پرسی و بە وی گوت: «ئەرێ ئەتۆی مەسیح کوڕی ئەو ممبارەکەی؟»

62) و یەسووع کوتی: «ئەمنم و ئەنگۆ کوڕی ئینسانی دەبینن کە لەلای ڕاستی قووەتی ڕۆدەنیشێ و دەگەڵ هەورانی ئاسمان دێ.»

63) بەڵا کاهینی گەورە جلی خۆی دڕی و کوتی: «ئیدی چی ئیحتیاجیمان بە شایەدی هەیە؟

64) کفروو بیستووە تەگبیروو چییە؟ و ئەوان هەموو حوکمیان لەسەر ئەوەی کرد کە لایقی مردنێیە.»

65) و دەستیان پێ کرد، هێندێک کە تفی لێ بکەن و کە ڕووی وی دابپۆشن و مستی لێ بدەن و بە وی بڵێن پێغەمبەرێتی بکە! و فراشانمتن نامشخص بە زللان ئەویان وەرگرت.

66) و کە پیترۆس لە خوارێ دە حەسارێدا بوو یەکێک لە قەرواشانی کاهینی گەورە هات.

67) و کە پیترۆسی دی کە خۆی گەرم دەکردەوە، تەماشای وی کرد و کوتی: «ئەتۆش دەگەڵ یەسووع ناسری بووی.»

68) بەڵا ئەو حاشای کرد دەیگوت: «نازانم و نافامم ئەتۆ دەڵێی چی.» و وەدەر کەوتە دەرێ دە داڵانیدا.

69) و کە قەرواشەکە ئەوی دی، دیسان دەستی پێ کرد کە بە حازران بڵێ؛ ئەوە لە وانە.

70) بەڵا ئەو دیسان حاشای کرد. و لە پاش کەمێک دیسان حازران بە پیترۆسیان گوت: «بەڕاستی ئەتۆ لە وانی چونکە ئەتۆش جەلیلی.»

71) بەڵا ئەو دەستی پێ کرد کە لەعنەت بکا و سوێند بخوا، ئەو پیاوەی ناناسم کە ئەنگۆ قسەی لێ دەکەن.

72) و جێبەجێ کەڵەباب جاری دوویەم خوێندی. و پیترۆس ئەو قسەی وەبیر هاتەوە چلۆنێکی یەسووع بە وی کوتبوو: «لە پێش ئەوەی کە کەڵەباب دوو جار بخوێنێ، سێ جار لە من حاشا دەکەی.» و کە فکری لێ کردەوە گریا.