باب ٩

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 6 دقیقه  483 مشاهده

1) و بە وانی گوت: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە لە ڕاوەستاوان لێرە هێندێک هەن کە مردنی قەت ناچێژن، هەتا پادشایەتی خوڵای نەبینن بە قووەت بێ.»

2) و لە پاش شەش ڕۆژان یەسووع، پیترۆس و یەعقوب و یوحەننای هەڵگرت و ئەوانی بردە سەر کێوێکی بڵند بۆخۆیان بەتەنێ و لەپێش ئەوان گۆڕا.

3) و جلی وی بریقەدار بوون زۆر سپی، وەها کە هیچ گازۆرکەرێک لەسەر ئەرزی ناتوانێ وەها سپی بکا.

4) و ئەلیاس دەگەڵ مووسا بۆ وان بیندران و دەگەڵ یەسووع قسەیان دەکرد.

5) و پیترۆس جوابی دا و بە یەسووعی گوت: «ئەی ڕەب، چاکە کە ئەمە لێرە بین و با سێ کەپران دروست بکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ مووسا و یەکێک بۆ ئەلیاس.»

6) چونکە نەیدەزانی چی جواب بدا چونکە زۆر ترسابوون.

7) و هەورێک بوو کە سێبەری خستە سەر ئەوان و دەنگێک لە هەوری هات: «ئەوەیە کوڕی خۆشەویستی من، گوێی لێ بگرن.»

8) و زوو کە تەماشای دەورەی خۆیان کرد، بێجگە لە یەسووع بەتەنێ ئیدی هیچ کەسیان دەگەڵ خۆیان نەدی.

9) و کە ئەوان لە کێوی دەهاتنە خوارێ، قەدەغەی لەوان کرد کە بۆ کەس نەگێڕنەوە ئەو چتانەی کە دیبوویان هەتا وەختێکی کوڕی ئینسانی لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە.

10) و ئەو قسەیان لەکن خۆیان ڕاگرت و لە یەکتریان پرسی: «هەڵستانەوەی لەنێو مردووان چییە؟»

11) و لە وییان پرسی دەیانگوت: «خوێندەواران دەڵێن کە هەوەڵێ دەبێ ئەلیاس بێ.»

12) و ئەو بە وانی گوت: «هەڵبەتە ئەلیاس هەوەڵێ دێ و هەموو چتی ڕێک دەخا. و چلۆن نووسراوە لە کوڕی ئینسانی؟ کە ئەزیەتی زۆر دەکێشێ و بێ حورمەت دەکرێ.

13) بەڵا بە ئەنگۆ دەڵێم: کە ئەلیاسیش هاتەوە و هەر چی کە ویستیان دەگەڵ ئەویان کرد، وەکوو لە وێ نووسراوە.»

14) و کە هاتە کن شاگردان، خەڵکێکی زۆری دی لە دەوری وان و خوێندەواران کە دەگەڵ ئەوان موباحیسەیان دەکرد.

15) و جێبەجێ هەموو خەڵکەکە وەختێکی ئەویان دی شیوەن و لنگیان دا لە کنی و سڵاویان لێ کرد.

16) و لە وانی پرسی: «دەگەڵ ئەوان چی موباحیسە دەکەن؟»

17) و یەکێک لەو خەڵکەی بە وی جوابی دا: «ئەی مامۆستا، کوڕی خۆمم هێناوە کن ئەتۆ کە ڕوحێکی لاڵی هەیە.

18) و هەر وەختێکی ئەوی دەگرێ دەیدڕێ و کەف هەڵدەخرینێ و دەدانی دە چیڕەوە دەبا و وشک دەبێ. و بە شاگردانی تۆم گوت کە ئەوی دەر بکەن و نەیانتوانی.»

19) بەڵا ئەو بە وان جوابی دا و کوتی: «ئەی سلسلەی بێ ئیمان، هەتا کەنگی دەگەڵ ئەنگۆ بم؟ هەتا کەنگی لە ئەنگۆ سەبرێ بکەم؟ ئەوی بهێننە کن ئەمن.»

20) و ئەویان هێنا کن ئەوی و کە ڕوح ئەوی دی جێبەجێ فێی گرتی و کەوتە سەر ئەرزێ و دەگەوزی و کەفی هەڵدەخڕاند.

21) و لە بابی وی پرسی: «چەند وەختە کە ئەو چتە تووشی وی بووە؟» ئەو کوتی: «لە منداڵییەوە.»

22) «و گەلێک جاران ئەوی دە ئاور و دە ئاوێ هاویشتووە هەتا هیلاکی بکا، بەڵا ئەگەر چتێک دەتوانی، ڕەحمێ بە مە بکە و یاریدەمان بدە.»

23) و یەسووع بە وی گوت: «ئەگەر دەتوانی هەموو چت مومکینە بۆ وەی کە ئیمان دێنێ.»

24) جێبەجێ بابی ئەو منداڵەی هاواری کرد و کوتی: «ئیمان دێنم، کۆمەگی بێ ئیمانیی من بکە.»

25) و کە یەسووع دیتی کە خەڵکی بە لنگدان دەهاتن، هەڕەشەی لە ڕوحی پیسی کرد و بە وی گوت: «ئەی ڕوحی لاڵ و کەڕ؛ ئەمن حوکمت لێ دەکەم لە ئەوی وەدەر بکەوە و ئیدی مەچۆ نێو وی.»

26) و کە قیژاندی و زۆری دڕاند وەدەر کەوت و وەکوو مردوو بوو وەها کە زۆران کوتیان مردووە.

27) بەڵا یەسووع دەستی وی گرت، هەڵی ئەستاند و هەڵستا.

28) و کە هاتەوە ماڵێ، شاگردانی وی لێیان پرسی بەتەنێ، «بۆچی ئەمە نەماندەتوانی ئەوی دەر بکەین؟»

29) و ئەو بەوانی گوت: «ئەو تەرزە بە هیچ چتێک دەر ناکرێ مەگەر بە دوعا.»

30) و کە لە ئەوێ ڕۆیین، بە نێو جەلیلێدا ڕادەبردن و نەیدەویست کە کەس بزانێ.

31) چونکە شاگردانی خۆی فێر دەکرد و بە وانی دەگوت: «کە کوڕی ئینسانی تەسلیم بە دەستی خەڵکی دەکرێ و دەیکوژن و کە کوژرا لە پاش سێ ڕۆژان هەڵدەستێتەوە.»

32) بەڵا ئەوان دەو قسەی نەگەیشتن و ترسان کە پرسیاری لێ بکەن.

33) و هاتە کەفەرناحوم و وەختێکی دە ماڵێدا بوو، لە وانی پرسی: «قسەو لە چی دەکرد دە ڕێیدا؟»

34) بەڵا ئەوان بێدەنگ بوون چونکە دە ڕێیدا بە یەکتریان دەگوت: «کێهە گەورەترە.»

35) و کە ڕۆنیشت ئەو دوازدانەی بانگ کرد و بە وانی گوت: «ئەگەر کەسێک بیەوێ هەوەڵ بێ، ئاخری هەمووان دەبێ و خزمەتکاری هەمووان.»

36) و منداڵێکی گرت و لەنێو ئەوان ڕایگرت. و کە ئەوی دە باوەشی گرت بە وانی گوت:

37) «هەر کەس کە یەکێک لە منداڵانی وەکوو ئەوەی بە نێوی من قەبوڵ بکا، ئەمن قەبوڵ دەکا و هەر کەس کە ئەمن قەبوڵ بکا، ئەمن قەبوڵ ناکا، بەڵا ئەوەی کە ئەمنی ناردووە.»

38) یوحەننا بە وی گوت: «ئەی مامۆستا، یەکێکمان دی کە جننانی بە نێوی تو دەر دەکرد کە وەدوای مە نەکەوێ و مەنعمان لێ کرد چونکە وەدوای مە نەدەکەوت.»

39) بەڵا یەسووع کوتی: «مەنعی لێ مەکەن چونکە هیچکەس نییە کە قووەتێکی بە نێوی من بکا و بتوانێ زوو خراپ بەحسی من بکا.

40) چونکە هەر کەس کە زیددی مە نییە، لەلای مەیە.

41) چونکە هەر کەس کە جامێکی ئاو بە نێوی من بە ئەنگۆ بدا کە بیخۆنەوە لەبەر ئەوەی کە ئەنگۆ ئی مەسیحین، ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم، حەقی وی قەت ون نابێ.

42) و هەر کەس کە یەکێک لەو چکۆلانەی کە ئیمان بێنن هەڵبنگوێنێ، بۆ وی چاتر دەبوو ئەگەر بەرداشێک دە ئەستۆی وی بخرابایە و دە بەحرێ باوێژرابایە.

43) و ئەگەر دەستی تۆ هەڵتبنگوێنێ بیبڕە. چاترە بۆ تۆ کە وەژوور ژیانێ بکەوی بە کۆڵی لەوەی کە دوو دەستت هەبێ و بچیە جەهەننەمێ دەنێو ئاورێ کە ناکوژێتەوە.

44) جێیەکی کە کرمی وان نامرێ و ئاوری ناکوژێتەوە.

45) و ئەگەر پێی تۆ هەڵتبنگوێنێ بیبڕە. چاترە بۆ تۆ کە وەژوور ژیانێ بکەوی بە شەلی لە وەی کە دوو پێت هەبێ و باوێژرێیە جەهەننەمی.

46) جێیەکی کە کرمی وان نامرێ و ئاوری ناکوژێتەوە.

47) و ئەگەر چاوی تۆ هەڵتبنگوێنێ دەرییێنە. چاترە بۆ تۆ کە وەژوور پادشایەتی خوڵای بکەوی بە کوێری لەوەی کە دوو چاوت هەبێ و باوێژرێیە جەهەننەمی.

48) جێیەکی کە کرمی وان نامرێ و ئاوری ناکوژێتەوە.

49) چونکە هەر کەس بە ئاور خوێ دەکرێ.

50) خوێ چاکە، بەڵا ئەگەر خوێ بێتام ببێ، بە چی ئەوی سوێر دەکەن؟ با ئەنگۆ خوێو پێ بێ و دەگەڵ یەکتری بسولحن.»