گەرمەشین

از کتاب:
تاریک و ڕوون
اثر:
هیمن (1921-1986)
 2 دقیقه  1719 مشاهده
بۆ شەهیدێکی کە گەوزیوە لەنێو خوێن دەگریم
بۆ هەڤاڵێکی کە چوو بێ سەر و بێ شوێن دەگریم
بۆ هەموو پیر و جوانێکی لەسەر کوردستان
چوونە بن دارێ بەبێ وەی کە بشلوێن دەگریم
بۆ کوڕێکی نەبەزیوی کە لە سەنگەردا مرد
نەک بە سەرشۆڕی و بێشەرمی لەسەر نوێن، دەگریم
ماچ دەکەم ئەو مەچەکانەی بە کەلەبچە دێشن
بۆو سەرانەی بەگرێی قەمچی دەگروێن دەگریم
گەنجی کوردی وەکوو گەنجینە لە هەردی خستن
دوژمنم، تاکوو نەزانم هەموو لە کوێن، دەگریم
شۆڕەژن سەربەقوڕ و گەورەکچیش مل بەکوێن
تا بمێنێ سەری بەقوڕ و ملی بەکوێن دەگریم
بۆ ژنێکی کە لەسەر تەرمی کوڕی تاقانەی
شین دەکا، جەرگ و دڵی لەت لەت و توێ توێن، دەگریم
دوور لە ئازادی لە زیندانی ڕەش و بۆگەندا
بۆ کەسانێکی دەژین چڵکن و دژوێن دەگریم
بووکی کۆست کەوتوو دەبینم لە پەژارەی زاوا
سەری کوڵمانی دەڵێی زەردەیی سەر سوێن، دەگریم
بۆ پەنا سیلە و بن گیشە و جێ ژوانی چۆڵ
بۆ گڕاوی و کوڕە حەیرانی کە لێک جوێن دەگریم
بۆ وڵاتێکی بەفرمێسک و بەخوێن دێرابێ
من کە سەیرانی دەر و دەشتی دەکەم، خوێن دەگریم
تا وەکوو موڵگە و پێشێلی سوپای دوژمن بێ
کێڵگە پڕ پیتەکەم و بەندەنی بژوێن، دەگریم
تا گوڵاڵەی گەشی بۆنخۆشی ترۆپکی کوێستان
بەگڕی مووشەکی بێگانە بپروێن، دەگریم
بەسیەتی دووبەرەکی و ملهوڕی و لاساری
تا برایانە هەموو پێکەوە نەدوێن، دەگریم
دەمەوێ ڕێگەی ڕزگاری تەخت بکرێ دەنا
تاکوو نسکۆیە بەرن، تاکوو هەڵەنگوێن دەگریم
تا کرێکار و فەلا، ڕەنجبەر و ڕۆشنبیر
دەست لە یەک نەگرن و پیاوانە نەبزوێن دەگریم
تا لە ژێر ڕەشبەڵەکی کیژ و کوڕی ڕق هەستاو
جەندەکی دوژمنی بەدکارە نەپەستوێن دەگریم
تاکوو بۆ تۆڵەی ئەو ڕۆڵە شەهیدانەی کورد
خەنجەری ڕۆڵەی ئازا هەموو نەسوێن دەگریم
تا بەداسی دەسی ئەو پاڵە بەکارەی کوردی
دڕک و داڵی سەرەڕێ گشتی نەدروێن دەگریم
تاکوو نەسڕێتەوە فرمێسکی هەتیوباری هەژار
تا هەتیو لێوی وەکوو خونچە نەپشکوێن، دەگریم
تا بەدەستی پەریی ئازادی لەسەر گۆڕی شەهید
گوڵە شللێرە لەگشت لایەکی نەڕوێن دەگریم