پەری شێعر
از کتاب:
تاریک و ڕوون
اثر:
هیمن (1921-1986)
3 دقیقه
3744 مشاهده
ئەی کچی جوان! کچی لەبار!
ئەی کچی زانا و خوێندەوار!
ئەی گوڵاڵەی نواڵی کوێستان!
مایەی شانازی کوردستان!
تیشکی هیوای دواڕۆژی ڕوون!
ساڕێژکەری زامی دەروون!
گەلاوێژی بەشۆقی گەش!
ڕووناک کەرەوەی شەوی ڕەش!
بەهاری خێر و بێر و هات!
گزنگی بەیانی ئاوات!
شێعرت دەوێ لە منی پیر
لە منی پیری گۆشەگیر
لە شاعیری زمان بڕاو
لە شاعیری دەفتەر دڕاو
لە شاعیری بەساڵا چوو
لە شاعیری وشک هەڵاتوو
شێعرێکی تەڕ، شێعرێکی خۆش
شێعرێک دڵان بێنێتە جۆش
شێعرێک دامرکێنێ دەروون
بە برینان بێنێ گۆشتە زوون
شێعرێک وەک خوناوەی باران
شێعرێک وەک سرتەی دڵداران
ناسکتر لە هەودای خەیاڵ
شیرنتر لە بزەی مناڵ
وەک ئارەقەی هەنیەی جوانان
وەک دڵەخورپەی جێ ژوانان
وەکوو کەشم و نەشمی بووکێ
وەک ڕەنگ و بۆنی گوڵووکێ
بێ خەوش وەک ئاونگی گوڵ
پڕپڕ لە هەست و سۆز و کوڵ
لە ئاوی کانی ڕەوانتر
لە پەلکەزێڕینە جوانتر
شێعرێک وەک سێبەری بژانگ
وەکوو خەرمانەی دەوری مانگ
ڕێکتر لە گەڕی ڕەشبەڵەک
خۆشتر لە خرمژنی کرمەک
لە کوشینی دەستی دۆ خۆشتر
لە مەکە و ئەیەڕۆ خۆشتر
وەک نیگای چاوی خەواڵوو
بە لەشاندا بێنێ تەزوو
وەک شەراب بگەڕێ لە خوێن
خەمڕەوێن بێ و نەشەبزوێن
شێعرێک وەکوو دەریای بێ بن
گەرمتر لە باوەشی ژن
شێعرێک سروودی شادی بێ
شێعرێک دەنگی ئازادی بێ
شێعرێک مزگێنی نەجات بێ
شەوچەلەی کۆڕی خەبات بێ
شێعرێک ڕەق بێ، ڕق بێ، قین بێ
گڕ بێ، بڵێسە بێ، تین بێ
شێعرێک سەنگچنی سەنگەر بێ
شێعرێک بریقەی خەنجەر بێ
هێزێک بێ دوژمن بەزێن بێ
مستێک بێ گورچوو تەزێن بێ
بڵێسەی گوللەی هەڵمەت بێ
شەپۆڵی ڕقی میللەت بێ
شێعرێک نووستوو ڕاپەڕێنێ
شێعرێک دوژمن داپەڕێنێ
بشکێنێ دەرکی باستیلان
ئازاد بکا کۆیلە و دیلان
هەڵبڕێ قەفی زەنجیران
چەک بداتە دەست یەخسیران
بپەڕێنێ دەستی جەللاد
بهاڕێ ساتۆری بێداد
نرکەی سینگی کرێکار بێ
ئاڵای شۆڕشی جووتیار بێ
هەروەک گڕی ئاگری نەورۆز
ڕەمزی ئازادی بێ و پیرۆز
هەزاران کاوەی زەحمەتکێش
پاڵ پێوە بنێ بەرەوپێش
شێعرێک هەم توند بێ و هەم ورد بێ
یانی شێعری ئەوڕۆی کورد بێ
بەڵام ئەی فریشتەی جوانی
ڕەنگ بێ ئەم نوکتە نەزانی
پەری شێعر وەک کچی جوان
بۆ پیاوی پیر نایەتە ژوان