تەپڵی ئەمان
از کتاب:
تاریک و ڕوون
اثر:
هیمن (1921-1986)
1 دقیقه
1935 مشاهده
قەڵەم سەرکێشە، بیریش مووقەڵێشە
بەڵام یاڕەببی ڕووی ڕەش بێ زەمانە
دڵی تەنگم لە دەستانی هەمیشە
مەکۆگەی مەینەت و دەرد و خەمانە
هەموو تیری بەڵای ئەو ڕۆژگارە
دەکا بۆ سینگی پڕ زامم کەمانە
برا و خزم و کەسوکارم بەجارێ
ئەوان لێم بوونەتە داسی ڕەمانە
لە ماڵی خۆم دەکەم بۆنی غەریبی
کە بێزارم لە هەرچێکی هەمانە
ئەوی خۆشم دەویست وەک گیانی شیرن
تەماشای بۆتە مشتەی ناو هەمانە
لەڕاس من دێڵەڕێوی ترسنۆکیش
وەها ڕاسا دەڵێی فیلی دەمانە
ئەوی دایم لە ژێر خەڵکا ژیاوە
لەسەر من پاڵەوان و قارەمانە
دەمی خۆشم لە ژینمدا نەدیوە
بخوازم تاکوو خۆزگەم بەو دەمانە
گەمەی تۆشم بەلاوە سەهلە خوێڕی
گەلێکم پێ کراون لەو گەمانە
هەمە هیوا بەدواڕۆژێکی ڕووناک
بەشی ئینسانی بێ هیوا نەمانە
بەشیوەن چاری کاری ئێمە نایە
خەبات، کەڵکی نییە مامەخەمانە
لەبەر تۆ چارەنووسی شووم و بەدفەڕ
ئەوی قەت لێی نەدەم تەپڵی ئەمانە