غەزەڵی فیراق
از کتاب:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
اثر:
جلال ملکشا (1952-2020)
2 دقیقه
787 مشاهده
ئەگەرچی زەخمی دڵ ناسۆرە قەد داوای دەوا ناکەم
بە داوی شیوەن و ناڵین مەگەر دولبەر بە داوا کەم
نەماوە باوی عیشق و ناوی دڵ، بازاڕی دڵداری
سەری خوم هەڵگرم دەرچم بڕۆم و ڕوو لە سەحرا کەم
ئەوندەی دڵشکاندم یاری دڵڕەق شەرتە وەک مەجنوون
لەمەولا ڕوو لە قیبلەی کەعبەتولعوششاقی لەیلا کەم
غوبار و تۆزی ئاوێنە بە ئاوی روون نەبێ ناچێ
مەگەر من هەر بە مەی فیکرێ بە حاڵی ڕۆحی شەیدا کەم
وتی زاهید: کە پەیمانە بە بەردی تۆبە بشکێنە
بڵا بمرێ ڕەقیبی سەگ سفەت من کاری وا ناکام
دەڕۆم، ئەم کافرستانە بەجێدێڵم، خودا بیکا
لە شاری عاشقاندا دولبەرێکی تازە پەیدا کەم
لە سەر رێبازی خوێنی حەزرەتی پەروانە چەن خۆشە
بە هێزی ئاوری شەم شوڕشێ مەستانە بەرپا کەم
فەراقی تۆیە تەقدیرم، هەتا ڕۆژی حەشر گیانە
مەگەر تا نەفخی سووری عاشقان هەر شین و واوا کەم
بە ماچێ ئاوری دڵ ڕەنگە دامرکێ بەڵام هەرگیز
لە رێی عیشقا ئەگەر بمرم تەقازای ناڕەوا ناکەم
غەزەل بەرتەسکە بۆ هاواری عاشق خۆزگە ئەمتوانی
لە هیجران و فیراقی گوڵ فوغانێ بولبول ئاسا کەم!