کاروان، کاروان

از کتاب:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
اثر:
جلال ملکشا (1952-2020)
 2 دقیقه  481 مشاهده
کاروان, کاروان!
کێ نوستووە, کێ بێدارە؟
ئەم ڕێگایەی پێیدا دەچن...
هەر ڕێگا کۆنەکەی پارە!
دەور و بەرتان گورگە لوورە
چەقەڵ کاسەی سەر و گۆشتی دڵتان ئەخوات
ئەوەندە تاریکی چڕە
جندۆکە کۆرپەتان دەدزێ
پێ نازانن!
چاوتان لە ناو تاریکیدا
تا ئەم خوارە هەتەر ناکات!
بیرتان ئاسمانێکی تەسکە
هێندە بەرچاوتان تاریکە
نازانن ڕۆژ لە ئاسۆی کام پێدەشتەوە!
سەر هەڵدێنێ.
هەر بە تەشییە کۆنەکەتان دەیڕێسن و
لە بیری نوێ، سڵ و سرکن...
هەر ئەڕۆن و هەر بە ناخی قووڵی زوڵمەتا ڕۆ دەچن!
چراکانیش کز ئەسووتێن
هێندێ چرایش چاوی گورگن!
کاروان... کاروان!
هۆ کاروانی سەر لێ شێواو!
لە شەوگاری ئەنگوستەچاو
گۆچانی شک دەلاقەیەک ناکاتەوە!
مەشغەڵ مەشغەڵ...
مەشغەڵی بیر
چرای ئەندیشەتان هەڵکەن
ڕێگا و ڕەوتێ هەنگاوەکانتان بگۆڕن.
ئەم ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن
زۆر کاروانی پێدا ڕۆیی و نەهاتەوە
کاروان, کاروان...!
بۆ کوێ دەڕۆن؟!
ئەم هەورازەی مێروولە
پێدا ڕێکچەتان بەستووە
دەتانباتە هەڵدێرەکەی ساڵی پێشوو
ئەو بنارەش
وا بە ئێسک و کاسەی سەرتان داپۆشراوە
دەگاتەوە بەفرەچاڵی کلیلەی ڕندوو
کاروان... کاروان!
ڕێگای تازە بدۆزنەوە...