کەنیشکە ئۆغر بێ

از کتاب:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
اثر:
جلال ملکشا (1952-2020)
 2 دقیقه  478 مشاهده
بەرانبەر ئاوێنە ڕاوەستا
دوو پەلکە شۆڕەکەی کردەوە
کراسێکی سپی ئاودامانی لەبەر کرد
مەلێکی غەریب لە دوورەوە ناڵاندی!
ئەم ڕای کرد
پەنجەرەی کردەوە
باڵندەی ڕۆحی لە ناو ڕکەی جەستەیدا زریکاندی!
دیوانە شیعرەکەی هەڵگرت و
ئاخێکی هەڵکێشا
وەک بڵێی ئاخرین دیدارە!
دڵۆپێ فرمێسکی هەڵڕشت و
لاپەڕە لاپەڕە هەمووی دا دەم باوە
چی واژەی شێعر بوو، هەڵفڕین
وەک پۆلە کۆتری ئاوارە!
ئەسپێکی سپی لەبەر دەرکە حیلاندی
هەزاران پەپوولە
گەمارۆی سەریان دا
وەک پۆلی پەرییان
خاتووزین بەڕێ کەن، بۆ لای مەم!
کەنیشکی خوای جوانی
باڵندەی ڕۆحی لە ناو ڕکەی دەروونیا
بۆ ئاسمان ئەیڕوانی!
کەنیشکە ئۆغر بێ!
***
ئەم ئەسپە سەر شێتە و
ڕێگەی کۆچ بێ بەختە!
سەبر کە با سێبەر بێتەوە، ناوەختە!
- نا، دەبێ هەر بڕۆم
ئیتر لای ئێوە خۆش
دڵدارم لە دوایین ژوانگەدا
چاوەڕێی من دەکا!
گیانەکەم!
ئاخر بۆ وا بێدەنگ؟!
لە دوای تۆ، کێ دەستی دایکانە
بە سەر ئەم شێعرانا دەهێنێ
- بە بایان ئەسپێرم
با زەوی پڕ بکەن
لە وشەی ڕەنگاوڕەنگ!
***
کەنیشکە!
بۆ هێندە بە پەلەی
نەختێتر دانیشە لە لامان
با تێر تێر بتبینین
تاسەمان هێشتا لێت نەشکاوە
ئەزانم دڵت لەم دنیایە بێزارە!
دەروونت لە نیشی دووپشکی وڵاتی ئەوینکوژ زامدارە!
زۆر تیری تانەت لێدراوە
بەڵام ئەی شاگوڵی باخی ژین!
نەختێ تر دانیشە
هەتاکوو ئێوارە زۆر ماوە
خەزان زۆر ناکێشێ
وەرزێ تر بەهارە
بەجێمان مەهێڵە...
تۆ تامی ژیان و نمەکی زەوینی
لە دوای تۆ بەرەو کام ڕووگەی عەشق ڕاوەستین
تۆ قیبلەی ئەوینی.
***
سوار بوو... سوار بوو
«ئەی هەرەس بە ماڵم»
هەورەکان لێک ئاڵان
ئاسمان دەستی بە گریان کرد
چی دار ئەرخەوان بوو
لە سۆزی ئەم کۆچە
قژی خۆیان هەڵڕنی
گەلایان لە باڵا هەڵوەران
کۆڕژنی ئەسپەشێ
زەوینی ڕاچڵەکان
هەناسە لە سینگی زەماندا، حەپەسا
هەزاران پەپوولە
«شەم»یان بۆ جێژوانی «دێوانە» ئەبرد و ئەگریان!
«ئەی هەرەس بەماڵم»
ئەسپەشێ گلاندی
زاوای مەرگ...
ئامێزی کردەوە
دوا بزەی شیرینی
وەک دوایین هۆنراوەی
زەوینی خەنی کرد
کەژاوەی خوای ئەوین، هاتە خوار
تەرمەکەی لە ئاخڵەی تیشک پێچا و
کەنیشکە غەریبە جوانەکەی بردەوە.