من و مەینەت
از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
1 دقیقه
652 مشاهده
ئەی خەم و مەینەت هەتا دەمرم بە دڵ هاوڕێت دەبم
شادیم دەر کردووە وەرە قوربانی خاکی پێت دەبم
ژان و ئاوات و هومێد و حەسرەتم تێکەڵ بووە
گەر بە شیعری ئاگرین دەم دەم نەناڵم شێت دەبم
هەر شەوەی تامی خەمێکم پێ دەچێژێ ڕۆژگار
هەر خەمەی سووچێکی جەرگم دادەبێژێ چەشنی مار
هەر کەسەی جوورێک لە حاڵم حاڵییە ئەمنی هەژار
گەر بە ئەسرین ژەنگی سەر دڵ ڕانەماڵم شێت دەبم
کێ دەڵێ مەی ناپەسەندە و موسکیەرە و بێ ئەمرییە
کێ دەڵێ مەیخۆر لە دۆزەخن و ڕەهابوونیان نییە
کێ دەڵێ ساقی نەدیم و شەرمەزاری بارییە
من بە مەی تێپەڕ نەکەم ڕۆژانی تاڵم شێت دەبم
ئەو دەمەی حەشری عەزیمە و گیان لە لەشدا دەگەڕێن
ئەو دەمەی سۆفی بە هیوای جام و حۆری چاوەڕێن
من بە خەم عادی بووم خەم چاکە بۆ من لێم گەڕێن
بچمە جەننەت دێوی شادی بێتە ماڵم شێت دەبم