تەخمیسی شیعرێکی وەفایی
از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
2 دقیقه
733 مشاهده
فەوتا بە ئەوین خەرمەنی عومر و سەمەری من
نەبڕاوە بە ئەسرینی دوو دیدەم شەرەری من
بڕوا بکە تۆ با قەدەکەی دەمشەکەری من
«لەو ڕۆژەوە دوور کەوتەوە سایەت لە سەری من
سووتاوە لە تاوت هەموو گیان و جگەری من»
پەروانەمە، هەر وێڵی بلێسە و گڕ و تیشکم
بێبەش لە بەرامەی گوڵ و ڕیحانە و موشکم
بێ تۆ لە شیعر چوومەوە، بێ زەوقم و وشکم
«جەرگم هەموو لەت لەت بوو بە سێڵاوی سرشکم
چ بکەم کە بە دەریا چووە لەعل و گوهەری من»
عومرێک بە خەیاڵی ڕوخی ئەو خوێنی دڵم مشت
ئاهی بەکوڵم دەربڕی ئەسرینی گەشم ڕشت
شاهیدی منن ئەهلی دڵ و ئەهلی وەفا گشت
«دەیفەرموو لەسەر خاکی دەری خۆی کە منی کوشت
جەننەت بەسە، بۆ خوێنی شەهیدی نەزەری من»
یارا وەکوو تامی مەیە ڕۆژ و شەوی تاڵم
لەو ڕۆژەوە، ڕەنجاوی و ناپرسی لە حاڵم
چەل نا چەلێ، ئاگر دەگرێ، مۆمی خەیاڵم
«وەک بولبولی شەیدا بە هەزار نەغمە دەناڵم
جارێکی گوڵم، گوێ بدە ناڵەی سەحەری من»
شینەت بۆ دڵم جەننەتە، چون کەوسەری تێدا
دڵبەر چییە چارەم؟ دڵەکەم ئەخگەری تێدا
چاوت کەرەسەی سیحرە کە نوقمن لە خەوێدا
«زوڵفت کە وەکوو شامی غەریبانە لەوێدا
حاڵی چییە داخوا دڵەکەی دەربەدەری من»
گەر ئەهلی عەزابم نیگەهی تۆ شەرەرم بێ
گەر ساڵحم سایەی قەدی تووبات لەسەرم بێ
لەو بەختە بە دوورە منی مسکین گووهەرم بێ
«کەی وا دەبێ خاکی دەری تۆ تاجی سەرم بێ
ئەو دەوڵەتە بۆ من نییە ئەی خاک بەسەری من»
خۆزگەم بەوە سووتا لە ئەسەر غەمزەیی جادووی
وەی لەو دڵە گیرا بە سەری حەڵقەیی گیسووی
شاد ئەو کەسە کێشایەوە نەقشی سەنەمی ڕووی
«خۆش بەو دەمە ساقی لە دەری مەیکەدە فەرمووی:
ئەو جامە لە من بگرە وەفاییشخص بە سەری من»