کاتەژمێر

از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
 1 دقیقه  774 مشاهده
لە قووڵایی شەوانی بێ زیلە و زەنا
تاکە دەنگی بە ئاهەنگی تەپەی دڵان
ململانەی مەرگ و ژیان دەچرپێنێ بە گوێی منا
دەنگی وەک تەقەی ڕاژانی لانکی ئاوات
وەک زەنگی پێشەنگی خێڵات
دەنگی وەک ترپەی دڵۆپەی ماڵی هەژار
وەک دەنگی پێی شەوگاری شار
دەنگی وەک لێدانی دڵێکی چاوەڕێ
یا ڕابوردنی عاشقێک کە بە کۆڵانی دڵدارا بە ترسەوە تێ دەپەڕێ
دەنگی بەسام
وەک شریخەی شەللاقەکانی میر غەزەب
وەک شکانی شووشەی تەمەن
وەک قیژەی کوندی گۆڕستان و زایەڵەی زەنگی کەنیشت و زرمەی پاچی گۆڕهەڵکەن
ئەو دەمەی کە خەڵکی زەوی خەوی شیرین دەیباتەوە
لە گوێچکەی منی شاعیرا چرکەی کاتەژمێر بە هەزار ماناوە دەنگ دەداتەوە