پیری خەرقەپۆش
از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
1 دقیقه
373 مشاهده
لە دووریت کەوتووم بێ حاڵ و بێهۆش
خەستە و بێهێز و غەمگین و نەخۆش
پەچە و ئەگریجەت لادە لەسەر ڕوو
کوشتەی دەستی تۆم، حەیران و مەدهۆش
بەلامدا ئەگەر جارجار گوزەر کەی
جەزبە دامدەگرێ و بۆت دەبەم کڕنۆش
خودا هەڵناگرێ زۆر پەشێوحاڵم
جودایی تا کەی ئەی یاری سەرخۆش؟
جێماوم لە یار، لە دۆست و ئەحباب
خەمی خۆم بارێک، سەربار خەمی تۆش
سەرگرد لێم بۆتە قەڵاتی دمدم
چاو لە ڕێگای تۆم، نازداری بۆنخۆش
مووی سپی و پیری و دوورەوڵاتیم
سینەیان کردمە مەنجەڵی لە جۆش
لەلایەک پیری لێم بۆتە دوژمن
لەلای تر گەرما و مێشولە و «خەمۆش»
کەس سەر دەر ناکا لە دونیای فانی
لە لایەک شینە و، لایەک عەیش و نۆش
برام هیچ نییە دەعیە و هۆزوپۆز
گوێ لە من بگرە، ئەی بێ هۆش و گۆش
هەر کەس غەڕڕە بێت بە ماڵی دنیا
بڵێ ئەو ماڵ و حاڵەت نەبێ نۆش
هەروەک پیاوچاکان تەرکی دنیاکە
«فاتیحیتخلص» بەدبەخت، پیری خەرقەپۆش!