پێنجخشتەکی لەسەر هەڵبەستێکی «حەقیقی»
از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
2 دقیقه
454 مشاهده
برا ئەو نسحەتەی من بگرە گوێ، چەند جوان و شیرینە
هونەر فێر بە هونەر جوانە، هونەر ئەسبابی تەمکینە
کەسێ جوان بێ چ موحتاجە بە زێڕ و زێو و پەشمینە
«بەری باغی ژیان شیرینە، گەر زانینە ئەو ژینە
نەزان وەک هەژگەلی بێ کەڵکە، بۆ سووتان و پەرژینە»
کەسێ نەیخوێند و نەیزانی، نەزانە سەربەخۆ تۆپی
کە زانین بوو بە دەزمایەت، عەزیز و بەرز و سەرتۆپی
بخوێنە، خوێندەوار بەرزە، بە چەشنی داری دەم قۆپی
«هونەر دارێکی بەرزە، دوڕڕ و مەرجانە لق و پۆپی
هونەروەر نامرێ، چون باغەوانی عیلم و زانینە»
سلووکی عاریفانەت بێ، ئەگەر تۆ مەرد و ئینسانی
وەرە سەر ڕێی حەقیقەت، ڕوو لە خوێندن کە هەتا جوانی
لە دەس خۆتی مەدە ئەو عومرە شیرینەت بە هەرزانی
«لە خوێندن چاو مەچووقێنە، مەبە مایەی پەشیمانی
نەسیبی دوژمنت بێ جاهیلی، بارێکی سەنگینە»
تەماشا ئەو وتەی خەیرولبەشەر چەن بەرزە، چەن جوانە
نەزان بێ قیمەت و قەدرە، لە کردەی خۆی پەشیمانە
بڕۆن عیلم و هونەر فێر بن، مەقامی بەرزی ئینسانە
«نەزانین عەیبە، نازان سوکە، ژینی نەنگە بڕوانە
وتەی زانا چ شیرینە، وشەی نادان چ نەنگینە»
بە منداڵت بخوێنە گوێ دە ئەو فەرموودە چەن بەرزە!
ئەوەی نادانە سەر شۆڕە، ئەوەی زانایە سەر بەرزە
وەکوو زیندانە بۆ پیاوی نەزان پانایی ئەو عەرزە
«مەڵێن بۆ نێر و مێ فەرقی هەیە، فەرموویەتی فەرزە
لەسەر کوللی موسڵمانێ، چ مێ بێت و چ نێرینە»
بە خۆڕایی لە دەستم دا تەمەن، پێم وابوو زۆر زوویە
بخوێنە چاوەکەم بۆ دین، نەزان بێ عەقڵ و پڕ ڕوویە
تەماشام کرد وەکوو بەفرە، سپی بوو ئەو هەموو موویە
«لە بابەت خوێندنێ پێغەمبەری موختار فەرموویە
وەدووی خوێندن کەون، بچنێ، ئەگەر چوون و لە بۆ چینە»
دەڵێن ئەو عیلمی دنیایی، بە کاری ئاخیرەت نایە
لە مامۆستا دەپرسێ «فاتیحیتخلص» لەو سات و سەودایە
وەرە با پێت بڵێم ئەی ئەو کەسەی عەقڵت لە سەر دایە
«حەقیقیشخص» وەک نەزانین ئافەتە بۆ دین و دنیایە
هەقیقەت عیلم و زانین، زیبی دنیا و زیوەری دینە»