پێنجخشتەکی لەسەر هەڵبەستێکی «سەید عەبدولقادری سەیادەت»

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 2 دقیقه  505 مشاهده
من غولامی چینی زوڵف و، شێت و شەیدای پەرچەمم
عاشقی ئەبرۆی کەوان و، سێو و لیمۆی دوو مەمم
تۆزی ڕێگەی دڵبەران و، کوشتەیی شەهدی دەمم
«من پەرێشانە دڵم، ئەمڕۆ کە غەرقی ماتەمم
وەک چیای بەرزم بەڵام گیرۆدەیی هەور و تەمم»
دەردەداری کوڵمی سوور و، ماچی سەرگۆنا و لەبم
بۆ تەوافی خاڵی ڕووت دێم، لێم گەڕێ هەرچی هەبم
کەی دەوای دەردی نەخۆش ئاوایە؟ یا خوا هەر نەبم
«نامەوێ کەس باری دەردم هەڵگرێ مەجنوون دەبم
هەر ئەوەندەی خۆی نەبێتە بار و سەرباری خەمم»
کاتی لاویم زۆر دەمێکە زیزە لێم، جێم هێشتووە
خەرمەنی عومرم بە بێژینگی عەمەل دابێژتووە
خانەخوێی پیریم، تەنافی لەرز و تام ڕاهێشتووە
«پیر بووم و دەرد و خەمی دنیام هەموو جۆر چێشتووە
پیرە دار دانایە من بەو بارەوە چۆن ناچەمم»
چاوەکەم ئەو زوڵمە تا کەی؟ عاشقی بێچارە مرد
لەشکری زوڵفی تەتار و تیری ئەبرۆت چی نەکرد؟
نیوە گیانێکم لەبەردابوو بە غەمزێک پاکی برد
«ماڵی ئەو زوڵفە پەرێشان بێ منی گیرۆدە کرد
ئێستە بەو خۆشناوییەی من بووم، بە ڕیسوای عالەمم»
ئەو دڵەی یارم دزیبووی، جامی مەی خواردۆتەوە
لوتفی جارانی نەماوە، مەیلەکەی سارد بۆتەوە
بێ ئەوەی ئاگام لەخۆ بێ، بۆ منی ناردۆتەوە
«ڕۆژی ڕەش وا پڕتەوی ڕووی تۆی لە من شاردۆتەوە
چارەڕەش من تازە هیواداری شوعلێکی شەمم»
نیونیگای چاوت عیلاجی ئەو دڵەی پڕ دەردمە
وەسڵی یار ئارامی قەلب و، ڕەنگ و ڕوویی زەردمە
دووری تۆ مایەیی شەڕاڕە و، ئاهی سینەی سەردمە
«تۆزی گەردی ڕێگەکەت دەرمانی زەخمی دەردمە
هەر بە هیوای تۆزێ لوتفی تۆم و تۆزێ مەرهەمم»
سۆزی سینەی پڕ خرۆشم عالەمێکی خستە حاڵ
«فاتیحیتخلص» گریانە پیشەی پیرەمەردی کۆنەساڵ
تامی دڵداریم نەزانی، سادە و نەکوڵیو و کاڵ
«ناڵەناڵی دڵ دەلاوێنێتەوە کۆرپەی خەیاڵ
هەر شەوە تا ڕۆژ «سەیدشخص» گوێڕاگری زیر و بەمم»