پێنجخشتەکی لەسەر غەزەلێکی «سەید عەبدولقادری سەیادەت»

«داری تەقڵە»
از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 3 دقیقه  459 مشاهده
میسلی مەجنون ڕۆژ و شەو بۆچی لە کۆساران نەبم
جەرگ و دڵ سووتاوی شەمعی مەحفەلی یاران نەبم
لێم گەڕێ ئاخیر نەفەسمە، چۆن وەکوو هاران نەبم؟
«هەروەکوو خونچە ئەگەر دایم لەسەر داران نەبم!
شەونمێکی سەرسپاردەی باخ و گوڵزاران نەبم»
کۆڵەواری عیشقی تۆمە گیانە بێ خورد و خەوم
بولبولم، بۆ تۆیە ناڵەی هەر سەباح و هەر شەوم
بێ نەوا و ڕووت و قووتم، پێشێ چۆن بووم هەر ئەوم
«سوورمە نیم نازداری پێش چاوان بم و بەر دڵ کەوم
ئەشکی داکەوتوو لەسەر ڕێبازی نازداران نەبم»
وشک و پەژموردە و نەخۆشم، دەی وەرە بادی سەبا
زۆر لەمێژە چاوەڕێمە بێی بڵێی پێم: مەرحەبا
خۆزگە وەک جارانی پێشوو دڵبەرم مەیلی هەبا
«یەک نەفەس وەک جاری جاران نایە تا گیانێک نەبا
یەک نەفەس عومرێکە بۆ من هاودەمی جاران نەبم»
شادیی ڕابردووم هەرچی بوو، من بە ساڵێک دامەوە
باری سەرشانم گرانە، بۆیە وا چەمیامەوە
ڕۆژ و مانگ و ساڵ تەواو بوون من وەکوو خۆم مامەوە
«هێندە من سەرکوت کرام و کەوتم و هەستامەوە
بوومە داری تەقڵە گەر داردەستی ناسواران نەبم»
حەپسی داوی زوڵفی تاتام، ڕەنگە هەرگیز دەرنەچم
بوومە پەروانە لەڕاستی شەمعی ڕووتا ملکەچم
هەر دەسووتێم و دەسووڕێم، نایگرێ بەختی کەچم
«وەک نەسیم سووک باڵ و، بێ ویستێکی دڵ دێم و دەچم
بۆ ئەوەی باری گرانی خاتری یاران نەبم»
ماری دوو زوڵفی درێژت، وەک کەمەند ڕاخستووە
چاوی فەتتان و خومارت، پڕ لە نازە و خەوتووە
پێچی ئەگریجە و شەدەت تیری دڵمیان گرتووە
«دڵ لە داوی پەرچەم و زوڵفی پەرێشان کەوتووە
خاترم جەم نابێ تێکەڵ کۆڕی دڵداران نەبم»
بەو چلەی هاوینە ناڵەت تێکەڵی بلوێر بکە
وەک شەماڵی بەر بەیانان، ڕوو لەچیای هەڵدێر بکە
تۆ وەرە سەیرێکی چۆمی ئەشکی دیدەی سوێر بکە
«وەک کزەی بایەک وەرە، مەزرای دڵم زەنوێر بکە
خونچە با بکرێتەوە و، موحتاجی بەر باران نەبم»
دەردی دووری زۆر گرانە، قەت بە من هەڵناگرێ
هەر کەسی هاوڕازی تۆ بێ شادمانە و نامرێ
پایزم سەختە، کە زستان سارد و سەرمای دامرێ
«وەعدەیی داوە بەهار بێت و بەسەرما ڕابرێ
یاخوا بای وەعدە بێ و مەحروومی دیداران نەبم»
«فاتیحیتخلص» خزمەتگوزاری ئێوەیە، بەخوا «سەیدشخص»
هەڵگری فەرمانی تۆیە، بێ شرووت و بێ قەید
کوشتەیی دیداری یارە، بێ درۆ و مەکر و کەید
«پردەبازی ڕێگەیی بەینی وەفا و یارە «سەیدشخص»
چۆن دەبێ پێشێلی لۆمەی یار و ئەغیاران نەبم؟»