پێنجخشتەکی میرزا لەسەر شیعرێکی حەمدی
لە بابەت باری ژیانەوە
از کتاب:
دیوانی میرزا غەفوور
اثر:
میرزا غفور (1870-1938)
2 دقیقه
290 مشاهده
چ حاڵێکە پسەر ئەمڕۆ، بەبێ ئەمری پدەر دەڕوا؟
ئەوەند مەدهۆش و مەغروورە، وەکوو مەست بێ خەبەر دەڕوا
بە خۆی نازانێ بۆ ئاخر، چ کارێکی بەسەر دەڕوا
غەم و دەردە بە دەورمدا، هەتا حوکمی بەسەر دەڕوا
ئەجەل میوانە، غەم غەمبارە، یاری بۆ سەفەر دەڕوا
چییە ئەم وەزعی دەورانە، بە جارێ سەربەسەر میللەت؟
لەبەر سووئی ئەمەل، کەوتوونە گەرداوی غەم و میحنەت
لە ڕێی حەق لا ئەدەن، مەحزەن بە ئومێد جیڤە و سەروەت
غوڵامی ئەو کەسەم فەرقی نەکا عززەت لەگەڵ زیللەت
تەنەزول بۆ فەلەک ناکا بەد و نیکی کە هەر دەڕوا
نەما بۆ شاهی ئەسکەندەر، جەلال و شەوکەت و حیشمەت
بڵێ میهری سلیمان چی بەسەر هات، دادەنی قودرەت
هەتا کەی وا بە بێ فکری، بە دەهری دوون دەدەن ڕەغبەت؟
لەپەی جەهلا، بە عیززەت چۆتە مل ئیدراکەوە زیللەت
لەگەڵ ئەم تەوق و پێوەندە نیهایەت موختەسەر دەڕوا
هەتا ئەم جیسمە بێ ئیسمەم، دەکەن هەمدەم لەگەڵ تابووت
ئەمن هەر بەندە فرمانم غوڵامی حەلقەیی گێسووت
نەمانم خۆشترە لەم عەسرەدا، نەک بم بە غەم هاوجووت
نیشانەی ئافەتە هەر دەم، شکۆفەی ئارەزوو پشکووت
ئەمەل نەقلی هەمیشە سەبزە، ئەمما بێ سەمەر دەڕوا
تەماشا دەم بە دەم ئەمڕۆ، لەگەڵ دوێنێ گەلێ فەرقە
غەم و جەور و جەفا و میحنەت، شەڕاڕەی هەر وەکوو بەرقە
لەبەر چی سۆفی و زاهد بەبێ سوججادە و دەلقە؟
سەدای قاروون و خەرنەی دێ دەڵێ غافڵ مەبن خەلقە
زەمانە خۆشە، وەک ئێمە نیهایەت بێ ئەسەر دەڕوا
بڵێم چی وەزعی گەردوون ئەختەری لا ماهـ و خورشیدە
درەختی سەروی ناز و ناڕەون بێ بەرگ و تەوحیدە
فەساحەت نافەسیحە بێ هونەر ئەهلی پەسەند دیدە
خەلەف مەحروومە ئەربابی مەعاریف وەختی تەجریدە
کەلامی کۆن و کاغەز، کەی بە نرخی سیم و زەڕ دەڕوا
بە ناچاریم بەسەر برد، موودتی ئەوقاتی مانگ و ساڵ
ئەسەف ڕابورد بە غارەت چوو، حەواس و تاقەت و ئەحواڵ
هەدەر چوو عومری شیرین، زایعم کرد ڕوشتەیی ئامال
عەبەس حاڵم بە مازی کرد، ئەگەر بۆ حاڵی ئیستقبال
لە ڕێی ئەو شۆخەدا سەرفی دەکەم باقی هەدەر دەڕوا