١٠

از کتاب:
ژانی گەل
اثر:
ابراهیم احمد (1914-2000)
 20 دقیقه  1363 مشاهده

جوامێر کە لە قسەکانیا گەیشتە ئێرە چاوێکی بە هاودەمەکانیا گێڕا وتی:

― لام وایە بەسە با لێرەدا بیبڕینەوە داستانەکەم تامی تیا نەما، هەموو بەجارێک وتیان:

― نە بە خوا ئەبێ قسەکەمان بۆ تەواو بکەیت، تازە خەریکە باسەکەت خۆش ئەبێ. دەی تو خوا!

جوامێر کەوتەوە قسەکردن:

― بە ڕێوە بیرم لە قسەی کابرا ئەکردەوە، وەکوو شتێ پێم گران بوو ترسنۆکیی هەندێ خەباتکەر، دایەرەی ئاسایش بگەیەنێتە ئەو ڕەئیەی کەوا لێدان و ئازاردان چاکترین و نزیکترین ڕێگەیە بۆ پێ‌لێنان وەرگرتن و نهێنی دەرخستن ئەگەرچی ئەشمزانی ژمارەی ئەم چەشنە کەسە بێورە و خۆپەرست و ترسنۆکانەش زۆر کەمن لە ڕیزی خەباتکەرەکانا - کە داخم ناچێ من خۆم یەکێک نیم لەوان - لەگەڵ ئەوەشا ئەم ژمارە کەمە زیانێکی زۆریان گەیاندووە بە ئەندام و بزووتنەوە و ورەی کۆمەڵانی خەڵکیش، چونکە جگە لەوەی کە نهێنیی گرنگ و ناوی خەڵکێکی زۆریان درکاندووە، جیهازی پڕوپاگاندەی میریش تا ئەوپەڕی توانا کەڵکی لەم بەزیوانە وەرگرتووە بۆ ڕووخاندنی ورەی خەڵک و نەهێشتنی باوەڕیان بە بزووتنەوە.

بەپێچەوانەی ئەوە بزووتنەوە نەیتوانیوە کەڵکێکی ئەوتۆ وەرگرێ لەو ژمارە زۆرە ڕۆڵە نەبەزانەی کە لەژێر دارا ڕزێنراون و بەئازاردان کوژران بێ ئەوەی دوژمن بتوانێ وشەیەکی زیاندار لە دەمی ئەو قارەمانانە ببیستێت!

هەرچۆنێک بێت ئەگەرچی من لەو کاتەدا زۆرتری لە باری دەسکەوتی خۆمەوە سەیری مەسەلەکەم ئەکرد بەڵام لەو حاڵەی منا هیچ جیاوازییەک نەبوو لەنێوان دەستکەوتی من و دەسکەوتی گشتیدا ئەگەر ئیش باش بڕۆیشتایە منیش تووشی ئەم چورتمە نەئەبووم. هەرچەندە بیریشم لەوە ئەکردەوە کەوا بەخوتوخۆڕایی لەژێر دار و ئازارا ئەمکوژن بەزەییم بە خۆما ئەهاتەوە و جنێوم ئەدا بە ڕژێم و قانوون و حکوومەت و تەنانەت بزووتنەوە و پارتیش، ئەموت هەر ئەم برینەم پێوە نەبوایە لەوانەبوو ڕزگارم ببێ، بەڵام ئێستا مەگەر هەر خوا خۆی بتوانێ شتێکم بۆ بکات. لە هەمووشی ناخۆشتر لەلام ئەوە بوو کە لە هیچیا نەبووم. وام لێ هاتبوو بە ئاواتم ئەخواست کە قسەکانی کابرا ڕاست بوایە و لە شتێکا بوومایە بۆ ئەوەی باری سزاکەمم ئەوەندە لا گران نەبێت.

دەرگای ژوورێکیان بۆ کردمەوە یەکێکیان پاڵێکی توندی لەناکاو پێوە نام بەدەما کەوتمە ناو ژوورەکەوە تا دەستم لە سەروچاوی خۆم کوتا بزانم کوێم شکاوە و هەستامەوە سەر پێ دەرگای ژوورەکەیان خڕ داخستەوە، لە پێشەوە وەک بت لە جێی خۆم چەقیم چونکە هەرچی ڕووناکی بێ لە ژوورەکەدا بەدیم نەئەکرد. بەرەبەرە چاوم بە تاریکییەکە ڕاهات ڕوانیم باڵا پیاو و نیوێک بەرامبەرم لە چەند درزێکەوە داوە ڕووناکی دێنە ژوورێ وای تێ گەیشتم کە پەنجەرەیە و لەو دیوەوە چینکۆی پیا گیراوە. بەڵام ڕووناکیی ئەو چەند درزە هەر بەشی ئەوەی ئەکرد کە پیاو ڕۆژ و شەوی پێ لە یەک جیا بکاتەوە. پەلم گێڕا دیوارێکم دۆزییەوە دەستم پێوە گرت و بە لەپکوتان پیا هاتم بۆ ئەوەی بزانم گەورە و بچووکیی ژوورەکە چەندە و چی تیایە.

دیوارێکم تەواو کرد هیچ شتێکم نەهاتە ڕێ کە وەرچەرخامەوە پێم بەر تەنەکەیە کەوت وەرگەڕا دەنگێکی زل و ناخۆشی لێوە هات دەماری گرژ کردم ویستم بڕۆمە پێشەوە وا دیار بوو تەنەکەکە کەوتبووە بەر پێم بۆ ئەوەی لێی هەڵنەئەنگوتم دانەویمەوە دەستم بەر تەڕایییەک کەوت، گوێم نەدایە، پەلم کوتا تەنەکەکەم ڕاست کردەوە و نووسانم بە دیوارەکەوە دیسانەوە لەسەرخۆ کەوتمەوە گەڕان بە ژووەکەدا، لەپڕ پێم لە شتێک گیر بوو خۆم ڕاتەکان دەستم تەڕ و دیوارەکەش لووس لەنگەری لێ تێک چوو، خۆم پێ نەگیرایەوە، کەوتمە زەوی، ناوچەوانم دای بە شتێکی ڕەقا، گورج دەستم برد بۆ ناوچەوانم، تەڕایییەکی پێوە بوو نەمزانی خوێنە یا ئاوی ناو تەنەکەکەیە کە بە دەستمەوە بوو! ئەوەندەی پێ نەچوو ئازاری سەرم و هاتنە خوارەوەی تەڕایی بە سەروچاوما تێی گەیاندم کە ناوچەوانم شکاوە، لە جێی خۆم بێ جووڵە دانیشتم. دەستە وشکەکەمم برد بۆ گیرفانەکانم هیچ دەسەسڕێ یا پەڕۆیەکی تیا نەبوو، بە چمکێکی کراسەکەم ناوچەوانم سڕی.

بیرم کەوتەوە کەوا جگەرە و شخارتەم لە گیرفانا بوو کەچی تیا نەماوە، بێگومان پشکنیویانە و دەریان هێناوە. هەرچۆنێک بوو پارچەیەکی درێژکۆلەم بە دان لە کراسەکەم کردەوە و بە تاریکی ناوچەوانمم پێ بەست هیچ نەبێ خوێنەکەی بوەستێتەوە، لەمەدا بوو هەستم کرد تەڕایی گەیشتە لەشم کە پەلم گێڕا زانیم ئاوی ناو تەنەکەیە و ئەو شتەش کە پێمی تێ گیرابوو ئەڵقەیەکی ئاسنە، بێگومان بۆ خەڵک پێوەبەستنەوە بەکاری ئەهێنن. ترسی ئەوەی کە نەوەکا هەر هەستم بکەومە چاڵێکەوە یا تووشی گاشەیەک ببم دەسەوسان لە جێی خۆم هەڵترووشکام، تەڕایی زۆری بۆ هێنام. لێرەدا بۆ یەکەم جار هات بە بیرما کە ئەبێ ئەو تەنەکەیەی پێم بەری کەوت میزی تیا بووبێت، چونکە بۆن میزێکی پیس لە ژوورەکە ئەهات.

ئەوەندە قێزم هاتەوە وەختە بوو بڕشێمەوە، قاچم شل بوو، زامی برینەکەم هاتبووە سوێ، وا دیار بوو کولابووەوە، سەریشم ئەیەشا، بە قنگەخشکێ و پەلکوتان خۆم گەیاندە دیوارەکە پاڵم پێوە دا.

بەینێ بیرم لە حاڵی خۆم کردەوە، بە خۆمم ئەوت هەستم دەرگاکە بدەمە بەر مستەکۆڵە ناچاریان ئەکەم دێن، بەشکوو پێیان بڵێم پێخەو و خۆراکم بۆ بهێنن! بەدەم ئەم لێکدانەوەوە بووم کاتێکم زانی یەکێک لایتێکی داوەتە بەر چاوم و بە ژوور سەرمەوە وەستاوە خەریکە بەلووتەشەق ڕاستم ئەکاتەوە، ئەڵێ: هەستە نانەکەت بخۆ!

منیش دەستێکم دایە بەر تیشکی لایتەکەی و پرسیم:

― کوا نان؟ چاوم لە هیچ نییە.

لایتەکەی ڕوو کردە بەر دەمم. دیم کولێرەیەک لە سەر ئامانێک دانراوە، یاساوڵەکە بەتوندی وتی:

― ئەوە نان فەرموو سنگانی کە. بەو خوایە پێتان حەرامە! ئێوە هەقتان ئەوەیە هەر لە ڕێوە وەکوو ئێستری نەخۆش دەمانچەیەک بنێن بە ناوچەوانتانەوە.

لە پێشەوە خەریک بوو داوای دەستێ نوێن و چرایەکی لێ بکەم و نووکە شەقەکانی بخەمە پشتگوێ بەڵام کە گوێم لەو گەوهەرانە بوو کە هەڵیڕشت بێدەنگ بووم. وەک ژوورەکە بپشکنێ لایتەکەی بە چوار دەور و سەر و خواری خۆیا گێڕا. بەخێراییی برووسکە وێنەیەکی ژوورە چیمەنتۆ ڕەق و تەقە بەرز و دەرگا تەختە ئەستوورەکەم لە مێشکا گیرا. تەنیا کەلوپەلی ژوورەکە ئەو تەنەکەیە بوو کە بۆ میزکردن دانرابوو لەگەڵ شەربەیەکی مل شکاو کەوا دیار بوو ئاوی خواردنەوەی تیا بوو. کابرا وەرگەڕایەوە بڕوا، هات بە بیرما لەوانەیە ئیتر یەکێکی تر بەو زووانە نەبینمەوە بۆیە بەنابەدڵی و لەبەرخۆمەوە وتم:

― ئەرێ ئەوە پێخەوێ، چرایەک، شتێکم بۆ ناهێنن؟ کابرا بە پێکەنینێکی بەرزی ناخۆشەوە وتی:

― بەڵی! ئەی چۆن هەر ئێستە کچێکی جوانیشت بۆ ئەهێنن لەو خوشکانەی بە ناوی نیشتیمانپەروەری و ئازادیخوازییەوە ئابڕوویان ئەبەن! تێ گەیشتم کە قسەکردن لەگەڵ ئەم یاساوڵە وەک چیلکە لە پیسایییەوەدان وەهایە بۆیە بێدەنگ بووم و ئامانەکەم ڕاکێشایە بەر دەمم کابراش لێی دا ڕۆیشتەوە دەرێ.

نەمزانی چێشتەکە چییە، نەختێ دەستم تیا گێڕا بە نیسکێنە یا ماشێنەی تێ گەیشتم، کەوچکێکم برد بۆ دەمم، هێشتا لێم نەچەشتبوو بۆن نەوتێکی لێ ئەهات پیاوی کاس ئەکرد. بەئەسپایی کەوچکەکەم دانایەوە و کەوتمە کولێرە خواردن. زۆرم حەز ئەکرد بزانم کات چەندە بەڵام سەعاتەکەم لەبەر تاریکی بۆ نەئەبینرا. هات بە بیرما لە حاڵی وەکوو منا کوێر چاترە چونکە بە تاریکی ڕاهاتووە، باشتر لە شت ئەگات و چاکتر ئەجووڵێتەوە لەم زیندانەدا کەوا چاوی کردووە بە ئەندامێکی بێکەڵک بە یارمەتیی ئەو وێنەیەی ژوورەکە کە لەبەر تیشکی لایتی پۆلیسەکە لە مێشکما گرتبووم کەوتمە پیاسەکردن بە ژوورەکەدا. هەرچەندە لەپێشا یەک دوو جارێ بەر دیوارەکان کەوتم بەڵام لەپاش پێوانیان بە هەنگاو لەمەش ڕزگارم بوو.

دیسانەوە جێ برینەکەم هاتەوە ژان دەستیشم پیس بوو بۆیە نەمئەوێرا دەستی بۆ بەرم نەوەکوو کولابێتەوە و لێمی پیس بکات. بۆیە لە قوژبنێکا بۆی دانیشتم. کارم بەوە باش بوو ناوچەوانم خوێنەکەی وەستابووەوە و ئازاریشی نەمابوو. وا دیار بوو هەر تۆزێک قرنجابوو. چاوم بڕیبووە درزەکانی پەنجەرە گیراوەکەی بەرامبەرم، وا دیار بوو ڕووەو ڕۆژەڵات بوو چونکە تا ئەهات ڕووناکییەکەی کەمتر ئەبووەوە. ماوەیەکی باش وەها مامەوە، ئاڵۆزیی ئێستە و تاریکیی دواڕۆژ ئەیانگێڕامەوە بۆ ڕابوردوو، ئەو ڕابوردووەی زیاتر دەردی گران ئەکردم. لەم بیرکردنەوانەدا بووم لەپڕ ترپ و گرمەگرم لە داڵانەکەدا پەیا بوو. دەرگای ژوورەکەم کرایەوە و دوو یاساوڵ کردیان بە ژوورا وتیان:

― یاڵڵا هەستە پێشمان کەوە.

منیش بەسەرسامییەکەوە وتم:

― بۆ کوێم ئەبەن؟

یەکێکیان بەپێکەنینەوە وتی:

― بۆ سینەما!

پێشیان کەوتم دیم دەمەدەمی ئێوارەیە لە ئێمە بەوەلا کەسی تر لەو داڵان و ڕاڕەوانەدا نییە، بردیانمە سارداوێکی گەورەوە کە بەسێ چوار پێپیلکە بۆی چوومە خوارێ. یەکەم شت کە بەر چاوم کەوت کابرایەکی ئەفەندیی لاجانگ‌سپی، ڕەنگ زەردی لووت درێژی بێڕەزا بوو لەبەر دەمی مێزێکی گەورەدا دانیشتبوو، یاساوڵەکان سەلامیان بۆ کرد و یەکێکیان وتی:

― قوربان ئەمەتە جوامێر بایز!

بەسەرلەقانێکەوە وتی:

― باشە ئەو کورسییەی بۆ بێنن با دانیشێت!

کە دانیشتم بەخێرهاتنی لێ کردم و بەتەوسێکەوە وتی:

― لام وایە خەباتکەر نابێ سڵاو لە نۆکەری ئیمپریالیزم بکات بۆیە سڵاوت نەکرد! بەڵام من پیاوی ڕاستم خۆش ئەوێت بۆیە ئەم کردەوەیەتم پێ ناخۆش نییە، بەڵام شەرت ئەوەیە لە هەموو شتێکا خەباتکەر بیت.

مەردانە پێ لەوە بنێیت کە چۆن ئەم خۆپیشاندانەت ڕێک خست و نیازتان چی بوو لە پەلاماردانی دایەرەی پۆلیس و تەقەکردن لەو ژەندرمە بێتاوانانە؟ پیاوی خەباتکەر نابێ درۆزن بێ وەک ژن دەست پان کاتەوە و دەم پان کاتەوە و بڵێ بە خوا قوربان هیچ نازانم. بە پێغەمبەر میرم بێتاوانم. فەرموو بزانم ڕۆڵی خۆتم بۆ باس کە لە خۆپیشاندانەکەی مانگی پێشوودا!

― دوای ئەو قسانەی کابرا ئەوی ڕاست بێ، ڕووم نەئەهات بڵێم لە هیچا نیم و ئاگام لە هیچ نییە. شەرمیشم پێ ئەهات درۆ بکەم و بڵێم وام کرد و وام کرد، ئەگینا لە گرتن نەئەترسام. ئامادە بووم چی بنووسێت بۆی ئیمزا بکەم. بۆیە هیچ ورتەم لێوە نەهات بە دەنگێکی بەرز وتی:

― چیتە کەڕ و لاڵی! خەباتکەر نابێ ئەوەندە ترسنۆک بێ. هەر بە شەش حەوت سەعات بوون لە ژووری ژمارە ٢٣دا وا زندەقت چوو قسەکردنیشت لەبیر چووەوە؟

منیش لەبەرخۆمەوە وتم:

― مەسەلەکەی من زۆر ئاشکرایە من قسەیەک ئەکەم و ئێوەش قسەیەکی کە ئەکەن، من بێدەسەڵاتم و ئێوەش خاوەن دەسەڵات. با قسەی من نەبێ قسەی ئێوە بێ سزای خۆم چییە بمدەن و ببڕێتەوە.

قاقا دەستی کرد بە پێکەنین، وتی:

― بەڕاستی قسەیەکی جوانە! دوای ئەو خۆپیشاندانە خوێنینەی نزیکەی سەد کەسی تیا کوژرا و ئەو ئاگرەی نایەوە لە وڵاتا هەروا سووک و ئاسان ئەتدەین بە عورفی چەند ساڵێک حوکمت بدا و ببڕێتەوە! نەخێر هەڤاڵ جوامێر زۆر زۆر بەهەڵە چووی لە لێکدانەوەکەتا. ناوی هاوکارەکانت، ئەندامانی کۆمیتەکەتان، شوێنی چاپی شارەکەتان، ناوی سەرکردەکانتان، سەرچاوەی پارە و ژیانتانم پێ نەڵێیت گیان لەم دایەرەیە نابەیتە دەرێ، ئیتر ئەو سەرینە بخەرە ژێر سەرت و هۆشی خۆت بهێنەرەوە بەر خۆت. ڕزگاری لە ڕاستی وتندایە چی ئەزانی بە ڕاستی و دروستی پێمانی بڵێ و بڕۆرەوە ناو ماڵ و مناڵی خۆت.

ئەم قسانەی کرد و جگەرەیەکی دامێ. منیش دوای ئێستێک جگەرەکەم وەرگرت و دام گیرساند، زۆرتر لەبەر ئەوەی پێویستم بە ماوەیەک لێکدانەوە هەبوو. چی بکەم، چی بڵێم! بڵێم چووم و کردم و چاکم کرد وازم لێ ئەهێنن! باوەڕ ناکەم، دوور نییە ئەوسا زیاتر شکم لێ قایم کەن و باشترم لێ بدەن بۆ ئەوەی ناوی خەڵکیان پێ بڵێم. نەء، چاکترین شت ئەوەیە کە هەر لەسەر ئینکاری خۆم بڕۆم، کە هەر ئەویش ڕاستییەکەیەتی، ئیتر چی ئەبێ ببێ.

کە کابرا دی هەر بێدەنگم وتی:

― قەی ناکات ئەم شەویشت مۆڵەت ئەدەم، تۆ کوڕێکی زۆر تێگەیشتوو دیاریت، گومانم نییە لەوەدا کە ئەمشەو بیری لێ بکەیتەوە بەیانی بە پێی خۆت دێیتەوە و چی ئەزانی پێمانی ئەڵێیت!

ئەوەی ڕاست بێت باش گوێم لە قسەکانی دوایی نەبوو، هەرچەندە بە دەنگێکی بەرزیش ئەیکرد و هەموو سێ چوار هەنگاوێک لە یەک دوور بووین، چونکە لە کاتی قسەکردنەکەی ئەوا زریکە و هاوار و قیژەیەکی پڕ بە دەمی جەرگبڕم ئەهاتە گوێ. لە زەنگەکەی دا بمبەنەوە شوێنەکەی خۆم. هەلپەرستیم جووڵا لە دڵی خۆما وتم بۆ شەوێکیش بێ بۆ کەڵکێ لەم خۆشباوەڕییەی کابرا وەرنەگرم، زیانی هیچ کەسێکیشی تیا نییە. بۆیە وتم:

― ئەگەر بتفەرمووایە چرایەک و دەستێ نوێنیشیان بدامایە زۆر مەمنوون ئەبووم.

کابرا بە زەردەخەنەیەکی سەرکەوتووانەوە وتی:

― باشە بەسەر چاو! کوڕە هەر ئێستە چرایەکی باش و دەستێ نوێنی پاک بەرن بۆ کاک جوامێر. پیاو هەر بە دیمەن دیارە! هەرگیز ئەم کوڕە باشە هاوڕێی ئەو جڕوجانەوەرە خوێنڕێژانە نییە!

کە گوێم لەم قسەیەی بوو حەزم ئەکرد ببوومایە بە تنۆکێک ئاو.

دەستێ نوێنیان بۆ هێنام لەگەڵ چرایەک. من خەریکی ڕێکخستنی جێگاکەم بووم سینییەکیان لەبەر دەما دانام، برنج و پەتاتە و پەرداخێ ماستاویشی لەسەر بوو. دەستم کردە خواردنی، بە خۆمم ئەوت: لێ دە تێر بخۆ هەر ئەم ژەمەیە بەیانی کە بەگ چاوی پێت کەوتەوە لەباتی ئەم خواردنە باشە تێهەڵدانێکی باش ئەخۆیت.

شەو بوو چراکەم کز کردبوو لەپڕ دەرگاکە کرایەوە و زەلامێکیان هاویشتە ژوورەوە وتیان:

― ئەوەش هاودەنگ بۆخۆتان ڕابوێرن.

وتم هاویشتیانە ژوورەوە نەک هەر لەبەر ئەوەی پاڵیان پێوەنا، لەبەر ئەوەش کە وەک پەڵاس کەوتە زەوی، چراکەم هەڵکردەوە و لە کابرای هاودەنگم چوومە پێشەوە. گوێم لە مشەمشی بوو زانیم کە نەمردووە، بە بیرما هات ئەمە جاسووس نەبێت بە فێڵ هێنابیانەتە لام بۆ ئەوەی قسەم لێ دەربهێنێ، کە زیاتر لێی ورد بوومەوە دیم تەنیا کراس و دەرپێیەکی لە بەرایە، دەرپێکەی بە سمتیەوە نووساوە و پەڵەخوێن و شوێن‌داریش بە کراسەکەیەوەیە، بە پەرداخی ماستاوەکە نەختێ ئاوم کرد بە دەمییەوە، چاوێکی هەڵبڕی بەئەسپایی وتی:

― تۆ کێیت:

وتم:

― نامناسیت.

وتی:

― تۆ ناوی خۆتم پێ بڵێ بەشکوو بتناسم! من خۆم بێباک سابیرم.

منیش جوامێڕ بایزم.

― ئێ تۆ ئەو کەسەی کە ئەڵێن لە خۆپیشاندانەکەی تشرینا پەلاماری دایەرەتان داوە. ئێ، ئێ، زابتەکە وتی بیبەنە لای، وا دیارە تازە هێناویانیتە ئێرە، ئەو دوو یاساوڵەی منیان هێنا نەیانئەناسیت لە یەکێکی تریان پرسی ئەو وا باسی تۆی بۆ کردن.

خەریک بوو وەرگەڕێ بەپەرۆشێکەوە پێم وت:

― ئازاری خۆت مەدە من ئەتخەمە سەر جێگاکەی خۆم.

― نا، نا، سوپاست ئەکەم یەکجار ئەوەندە حاڵم شڕ نییە بەناچاری خۆم وا لێ کرد ئەگینا بە دەردی برزووی بەسەزمانیان ئەبردم، پاڵەوانیی پێ فرۆشتن، هەر لێیان دا و نقەی لێوە نەهات ئەوانیش هەتا ئەهات شێلگیرتر ئەبوون. هەموو لەشیان شکان لەوانەیە چاک نەبێتەوە یا شوێنێکی سەقەت ببێ.

منیش بەسەرسوڕمانێکەوە وتم:

― چی حاڵت شڕ نییە تۆ هەموو لەشت هەر خوێنە!

― ئاخر برزووت نەدیوە ئەگینا بە منت ئەوت بێئارەق دەرچوویت.

چییە ئەوە نوێن و خواردنی چاکیان داویتێ؟ سەرێکی با دا وتی: نا ئەوە بارێکی پیلانەکەیانە، پیشاندانی منیش بارەکەی کەی. واتە پێت ئەڵێن ئەتوانین وەک ئوتێل خزمەتت بکەین و ئەشتوانین لەژێر دارا بتڕزێنین، بەڵام هەر جۆرەیان بە نرخی خۆی، جا تۆش دڵی خۆت بکە بە سەرپشک.

وا دیارە هێشتا ئیفادەیان لێ وەرنەگرتوویت.

― نەء، هەر دوو جار بانگیان کردووم و هەڕەشەی خراپیان لێ کردووم و بەڵێنی باشیشیان پێ داوم، بە قسە سبەینێ ئەمبەنەوە بۆ ئیفادە لێوەگرتن.

― هەر چۆنێک بێت گوێ مەدەرە هەڕەشە و گوڕەشەیان هیچ مەدرکێنە ئیتر لە کوشتن مەترسە چونکە ئیزنی کوشتنیان پێ نییە، بەڵام ئەگەر شتێکت درکاند ئەوسا بە هیوای ئەوە کە شتی کەت لێ دەربهێنن بێپەروا تێت بەرئەبن تا ئەگەنە ڕادەیەک کە یا تۆ کاتێ بە خۆت ئەزانی هەرچی لە هەمانەکەتایە بۆت هەڵڕشتوون و ئابڕووی خۆشت و بزووتنەوەشت بردووە یا ئەوان کاتێ بە خۆیان ئەزانن کە تۆیان بە ئازاردان کوشتووە کە لە هەر دوو حاڵا پەشیمانی هیچ دادێک نادات. بۆیە هەر لەسەر هیج نازانمی خۆت بڕۆ «نازانم ڕەحەتی گیانم»!

― جا هەر بەڕاستیش من هیچ نازانم.

― ئەو چاتر. باشە هەر وا بڵێ نەختێکت لێ ئەدەن و وازت لێ هێنن.

بەداخەوە وتم:

― هیچ شتێکیشمان لا نییە برینەکانتی پێ ببرژێنمەوە.

وتی:

― نە کاکی خۆم پێویست بەوە ناکات نایەڵن قەتماغە بهێنێتەوە ئەمبەنەوە بۆ دارکاری ئینجا لێدانی ئەو جارە بەئازارە. بەڵام پیاو ئەبێ یا ئەم ڕێگایە نەگرێتە بەر یا ئەبێ هەموو ئازارێکیش مەردانە هەڵبگرێت.

نوێنەکانی خۆمم لەگەڵ هاوژوورەکەم بەش کرد و ماوەیەکی باش قسەمان کرد و ئەوسا تەماشایەکی سەعاتەکەمم کرد لە دووانزە لای دابوو، پێم وت:

― شەوگار درەنگە و تۆش کەنەفتی با بۆخۆمان بنووین.

― شەو باش! بزانین سبەینێ چی لە تەک خۆیا ئەهێنێ. لێمان دا نووستین، نازانم چەند خەوتم لە ترپ و گرمەگرمێکی زۆری ڕاڕەوەکە خەبەرم بووەوە. هەر دەرگا بوو ئەکرایەوە و پاش نەختێ دائەخرایەوە و تا ئەهاتیش لە ئێمە نزیک ئەبوونەوە، بێباکم هەڵساند. خەریک بووم باسی هەراهەراکەم بۆ ئەکرد کەوتنە کردنەوەی دەرگاکەی ئێمەش هەر کەسەمان لە شوێنی خۆی. خۆی مەڵاس کرد. زابتێ کردی بە ژوورا سێ چوار ژەندرمەی بە شوێنەوە، ئەوی ڕاست بێ من زۆر شڵەژام و ترسم لێ نیشت بۆیە هەستامە سەر پێ. زابتەکە بەتوندی وتی:

― یاڵڵا زوو کەلوپەلتان هەڵگرن و ژوورەکە چۆڵ کەن.

ئەمەی وت و بە لووتەشەقێک بێباکی هەستان و ڕووی کردە ژەندرمەکان وتی:

― ئەمانە بەرە ئەوبەر.

یەکێکیان پرسی:

― کام ژوور بەگم؟

بەگ بەتووڕەیییەوە وتی:

― هەر ژوورێکیان ئەبەن بیانبەن و زوو دووریان خەنەوە.

من لەم قسانە تێ نەئەگەیشتم هەر مێشکم لای ئەوە بوو کە زوو پەتۆکان کۆ کەمەوە وەک کەلوپەلی خۆم بیدەم بە کۆڵما بیانبەم بۆ شوێنە تازەکەمان. وا دیار بوو فەرمانەکەیان ئەوەندە گرنگ بوو کەس ئاگای لە ئێمە نەبوو تا بە کۆڵەکەمەوە لەبەر دەمیانا وەستام وتم:

― فەرموون بۆ کوێمان ئەبەن بمانبەن!

بێباک بۆڵەبۆڵێکی لەبەرخۆیەوە کرد نەمزانی چی وت زابتەکە زللەیەکی لێ دا و وتی:

― خێرا کە پیس!

کە گەیشتینە ڕاڕەوەکە لەو لامانەوە کۆمەڵێ ژەندرمەی پڕچەکمان دی لە چەند کەسێک کۆ بووبوونەوە. چەند کەسەکە کە چاویان بە شەلەشەلی من و خۆبەکێشکردنی بێباک کەوت دەستی دوو دوو کەلەپچەتێکراویان بەرز کردەوە و نەڕانیان:

― بژی ئازادی، بمرێ زۆرداری!

بێباک وەک ئەشکەوت لەمبەر ڕاڕەوەکەوە بۆی سەندنەوە.

― بژی ئازادی، بمرێ زۆرداری!

یەکێ لە ژەندرمەکان قۆناغە تفەنگێکی سرەواندە ناو شانی ئەوەندەی نەمابوو بە دەما بیخات و پێی وت:

― بیخۆ سەگباب ڕۆژی تۆش دێت!

تا بردنیانینە شوێنە تازەکەمان هەر بیرم لەم بەسەرهاتە سەیرە ئەکردەوە، هەرچەندم ئەکرد ئەکۆشام هیچی لێ تێ نەئەگەیشتم. هەر کە یاساوڵەکان دەرگایان لەسەر داخستینەوە ڕووم کردە بێباک وتم:

― خۆ ئازارت نەبوو. چییە لە ڕێی خوادا تێم ناگەیەنیت مەسەلە چییەوە چی قەوماوە.

بەزەردەخەنەیەکی تاڵەوە وتی:

― چاوێ بە شوێنەکەی ئێستەتا بخشێنە و بەراوردێکی بکە لەگەڵ زیندانەکەی پێشوومان مەسەلەکەت ئەوەندە لا سەیر نابێت، ئەوانەی هێنرابوون بۆ ژوورەکەی ئێمە، پیرۆت و باوەیس و مەریوان، سێ سەرکردەی قارەمانی پارتین. دڕندە جانەوەرەکان حوکمی هەڵواسینیان داون، ئێستەش بەم شەوە هێناویانن بۆ ئەو زیندانە کە لە سەرێکەوە لە کۆمەڵانی خەڵک بیانشارنەوە و لە سەرێکی کەشەوە لە شوێنێکی قایمی نهێنیدا بەندیان بکەن. تا ڕۆژی هەڵواسینیان. جا ئەم ژوورە پەنجەرە دار و گەورە خۆشەی ئێستامان لەسەر حسابی گیانی پاکی ئەوان دەس کەوت «هەناسەیەکی هەڵکێشا» وتی: بەڵام گوناهی ئێمەی هیچ تیا نییە. هەمووی تاوانی ئیمپریالیزم و نۆکەرانێتی، هەرچۆنێک بێ ئەو خوێنانەی لەپێناوی ئازادی یا بە دەستی دوژمنەکانمان ئەڕێژرێن ڕۆژێک ئەبێ ئەبنە لافاوێکی بەسام کۆشک و تەلاری زۆرداران سەرەونگوم ئەکات، دەردی کابرای شاعیر وتەنی:

کچمان لەژێر بەیداغی ڕەشدا چاو هەڵنەهێنن بە خوێنی گەشدا

کوڕانمان هەموو بە ورد و درشت لە ڕێی ئازادی خۆ نەدەن بە کوشت

سەربەرزی نابێ، ئازادی نابێ ئازادی ئەبێ هەرخوێنبەها بێ

پاش نەختێ قسەکردن خەومان لێ کەوتەوە.

ڕۆژی دوایی هەینی بوو کەس لێی نەپرسینەوە. بەیانی شەموو هاتن بۆ ژوورەکەمان هاودەنگەکەمیان برد و بەتەنیا هێشتیانمەوە.

لەپڕ ڕۆژێک بردیانمە دەرێ لەگەڵ ٤١ کەسی ترا سواری لۆرییان کردین و بردیانینەوە بەردەمی عورفی و ئەویش وەکوو لە پێشەوە باسم بۆ کردن بەو چەشنە نەوشیروانییانە حوکمی عادیلانەی خۆی بە سەرا داین! ئیتر دوای دە ساڵ منیش وا، تێکشکاو و ماڵوێران، هاتوومەوە ناو ئەم ئاگربارانە.

ئیتر شەوگار درەنگە بەسە با بنووین. یەکێ هەڵی دایە وتی:

― کاکە جوامێر زۆر سوپاست ئەکەین، ئەشزانین کە گێڕانەوەی ئەم باسە پڕناسۆرانە چ برینکولاندنەوەیەکی بەئازارە بۆ تۆ بەڵام ئەزانیت چ پەند و دەرسێکیشە بۆ ئێمەی بەرەڵڵا و سەرلێشێواو، بەڕاستی ئەوە ئەهێنێت کە ئەو دڵکولاندنەوەیەی لە ڕێدا هەڵگریت، ئەوی تۆ تا ئێستە بۆت گێڕاینەوە تەنیا باسی گیرانەکەت بوو، هێشتا وشەیەکت لە بابەت ئەو هەموو ساڵانەی زیندانتەوە بۆ نەگیراوینەوە.

جوامێر لەسەرخۆ وتی:

― جا گیانی خۆم تۆ ئەتەوێ من ئازار و ناخۆشی و بەسەرهاتی دە ساڵت بە شەوێک بۆ بگێڕمەوە! ئیمشەو ئەوەندە بەسە. شەوێکی تر باسی لکێکی کەیتان بۆ ئەکەم. شەو درەنگە و منیش ئەوی ڕاست بێ دەمێکە کەسم دەست نەکەوتووە ئەوەندە قسەی بۆ بکەم، بۆیە هەرچەندە پێشم خۆشە کە سکاڵاتان لا بکەم بەڵام لەوانەیە بڵێم دەمم شل بووە. ئەگەر لێم ئەبوورن با ئیمشەو ئەوەندە بەس بێ.

هەموو بە یەک دەنگ وتیان:

― باشە وەک خۆت ئارەزوو ئەکەیت بام وەها بێت.

کاوەش ڕووی کردە ئەو و شاهۆ و پێی وتن:

― هەستن با بتانبەم بۆ ئەو ژوورە تا نەختێک بنوون.