٥

از کتاب:
ژانی گەل
اثر:
ابراهیم احمد (1914-2000)
 44 دقیقه  1689 مشاهده

بەر لە دەست پێکردنی ئەم داستانە بە دوانزە ساڵ پاش نیوەڕۆیەکی هاوین جوامێر بە دڵی خۆش و گیرفانی پڕەوە لە دایەرە ئەگەڕایەوە بیری ئەکردەوە لەو پیاوە لادێیییە باشەی لە خۆیەوە ئەوە چەند مانگە بەدوویا ئەگەڕێت کە قەرزی باوکی بۆ بهێنێتەوە بەبێ ئەوەی ئەم هیچ سەنەدێکی هەبێ یا هەر ئاگاشی لە مەسەلەکە ببێ. پیاوی چەند چاک و سەیر هەیە!

چەند سەیر ئەپاڕایەوە کە لێی ببوورێ و ئێستە نیوەی قەرزەکەی لێ وەربگرێت بۆ نیوەکەی کەشی دوو ساڵی لێ ڕاوەستێ بە دوو وەرزی تر خوا یار بێت دوا پوولی ئەداتەوە! جوامێر خۆی ئەکوتا بەرەو ماڵ کە ئەم مژدە خۆشە بدات بە دایکی. بەڵام هەر کە دایکی دەرگای لێ کردەوە تارماییی ژنێکی ڕەشپۆشی بەدی کرد بە هەیوانەکەیانا تێ پەڕی. جوامێر بەئەسپایی لە دایکی پرسی.

― وا دیارە میوانمان هەیە! ماڵی کێن؟

دایکی بە دەنگێکی بەرز وتی:

― جوامێر گیان ئەوە تۆی هاتوویتەوە، یاخوا بەخێر بێیتەوە دەبڕۆ ژوورێ پیرۆز خان لەوێیە لەگەڵ کاڵێ خانی کچی، بەخێرهاتنیان بکە و دانیشە لایان تا من یەم!

جوامێریش بە دەنگێکی بەرز، میوانەکان گوێیان لێ بێت وتی:

― باشە دایە گیان! با دەس و پلم بشۆم ئەچمە خزمەتیان، بەدەم قسەشەوە لە دایکی هاتە پێشێ، کەوا لەسەر تەنوورەکە خەریکی چێشتلێنان بوو و بەئەسپایی پرسی: دایە ئەم پیرۆز خان و کاڵێ خانە کێن؟

دایکیشی بەچرپە وتی:

― چۆن نایانناسی؟ پیرۆز خان کچی فەقێ قادری خاڵمە! زوو کە زوو دەست و پلت بشۆ و بچۆرە لایان منیش هەر چێشتەکەم خستە سەر ئاگر دێم. ڕۆژگار درەنگە ئەترسم زوو پێ نەگات و برسییان ببێ!

جوامێر دەستی وشک ئەکردەوە هاتەوە بیری کە مژدەی نەداوە بە دایکی کەوا کابرایەک هەر لە خۆیەوە قەرزی باوکی بۆ هێناوەتەوە. بەپەلە ڕێی سەرتەنوورەکەی گرت، بەڵام دایکی زوو بەدیی کرد و هات بەپیریەوە وتی:

― ئەوە چییە هێشتا نەچوویتە لایان؟

وتی: ئاخر...

― ئاخر و ئۆخری پێ ناوێ بڕۆ دەی گیانەکەمی!

― قسەیەکم هەیە.

― هەرچییەک هەیە جارێ هەڵی گرە. بچۆ ئەزانم شەرم ئەکەی زوو ئەگەم بە فریاتا.

جوامێر بەناچاری ملی ڕێی ژوورەکەی گرت و بەشەرمێکەوە سڵاوی کرد و بە تەریقی و بەشی زۆری لەژێر لێوەوە بەخێرهاتنی ژن و کچەکەی کرد و لەلای دەرگاکەوە دانیشت. کچەکەیان کە لەگەڵ هاتنە ژوورەوەی جوامێر هەستابووە سەرپێ دەنگ دلێرتر لەو وەرامی دایەوە و هاتە خوار ئەوەوە دانیشێ، کە دیی جێگە نییە نەختێ ڕاوەستا و ئەوسا ڕووی کردە جوامێر وتی:

― کاکە جوامێر تۆ هەستە بچۆ لای ژووروو ئەو جێگایە بۆ من چۆڵ کە.

خۆ ئێمە میوان نین چۆن ئەبێ تۆ لێرە دانیشیت؟

جوامێر بەدەم قەیناکا بە خوا قەیناکاوە چووە سەر کورسییەکەی سەرووتر دانیشت. دەستی هەڵئەگڵۆفی و چاوی بڕیبووە لاکێشی کۆنی ژوورەکەیان. پیرۆز خانیش کەوتە گێڕانەوەی باسی مناڵیی جوامێر کە چۆن هەر بە کۆڵی ئەوەوە بووە و لە باوەشی ئەوا گەورە بووە و زۆر جار لەگەڵی چووە بۆ ماڵی خۆیان دوو سێ ڕۆژ لەوێ ماوەتەوە دایک و باوکی هەر بە بیریشیانا نەهاتووە! جوامێر نقەی لە دەمەوە نەهات. جارجارە لە ژێرەوە بە تیلاییی چاو تەماشایەکی کچەکەی تەنیشتی ئەکرد کە هەر پێ و گۆرەوی و داوێنی کراسەکەی لێ دیار بوو. دایکی کردی بە ژوورا سەرفراز بێت ڕزگاری کرد. هەستا لەبەری. دایکیشی کاڵێی لە خوارەوە هەستان و بەنابەدڵیی خۆی بردییە لای پیرۆز خانی دایکییەوە داینیشاند و سەرلەنوێ کەوتنەوە بەخێرهاتن و خۆشی و چۆنی. و لەپڕ دایکی جوامێر دایە پڕمەی گریان وتی:

― کوێراییم دایە کاشکی سوێم بوایەوە بۆتان و بەم چەشنە چاوم پێتان نەکەوتایەوە!

ژنە و کچەکەش کەوتنەوە کورکەکورک، کچەکە گەلێ بە کوڵ و دڵتر بوو لە دایکی کەوا بە بیری جوامێر لە گریان بێزار ببوو کەوتبووە دەوری دڵدانەوەی خۆی لەژێر پەردەی ڕەزام بە ڕەزای خوا و هەرچی ئەو نەیکات نابێت! ئەمە ئەگەرچی جوامێر هەر هیچی لە کۆستی کەوتووشیان نەئەزانی! هەموو بێدەنگ بوونەوە. لە هەناسەی تونگی ژنە و وردەهەنسکی دایکی و کچە زیاتر دەنگ لە ژوورەکەدا نەبوو. دایکی هەستی کرد کە جوامێر بێتاقەتە وتی:

― دە هەستە جوامێر گیان تۆش بچۆ خۆت بگۆڕە و پشوویەک بدە لە سای بەیانییەوە بەپێوەی بەسە مردیت دوور لە گیانت!

ئەگەر بێجێ نەبوایە جوامێر ئەیدایە قاقای پێکەنین و ئەیوت:

― دایە بەپێوە بوونی چۆن؟ بۆچی کۆڵم کێشاوە! لە بەیانییەوە ئەوەندە دانیشتووم لەشم هەموو سڕ بووە!

دیسانەوە مەسەلەی پارەکەی هاتەوە بیر بەڵام کاتەکەی پەسند نەکرد هەستا و لێی دا چوو بۆ ژوورەکەی خۆی جلەکانی بگۆڕێ.

دایکی نانی بۆ ئەم هێنایە ژوورەکەی خۆی و خۆشی لەگەڵ میوانەکان نانی خوارد. (ئەم بەڵای ناگەهانە چی بوو، بۆ لەم کاتەدا هاتن! بۆچی هاتوون! کۆستی چییان کەوتووە! ئاخۆ چییان لێ قەومابێ! کێیان مردبێ! بۆ چی هاتوون بۆ ماڵی ئەمان؟ دەمێکە ناویانی لە دایکیشی نەبیستبووە! خوا بکات خێر بێ! جارێ پێشەکی زەحمەتە خێر بێت چونکە هەر هیچ نەبێ مەسرەفی ماڵ ئەکات بە دوو چەندانەی جاران! خۆ بەرچایی نان و گوێزیان ناداتێ! دەی، هەرچۆنێک بێ باش بوو لەپاش سەری مانگ هاتن، لە نیوەکەی تری مانگا بهاتنایە حاڵ شڕ بوو لەپڕ بیری کەوتەوە کە پارەیەکی مشەی پێیە! بەڵام وەکوو شتێکی زۆر خراپی بیر کەوتبێتەوە خۆی گرژ کرد و بە دەنگێکی نەختێ بەرز وتی- نا ئەوە ...

پارەی شتێکی ترە. پوولێکی دەستی لێ نادرێ! دوای نانخواردن لەسەر جێگاکەی پاڵ کەوت بەو هیوایەی دایکی بێتە ژوورێ باسی پارەکەی بۆ بکات و پرسیاری میوانەکانی لێ بکات، بەڵام دایکی هەر نەهات ئەمیش خەو چووە چاوی. دوای ماوەیە کە خەبەری ببووەوە خۆی ڕێک خستەوە، دەموچاوی شت، سەری داهێنا و چووە دەرێ بۆ چاییخانە «وا دیارە تا شەو دایکی دەست ناکەوێت...».

بە ڕێوە بیری لە ژنهێنانەکەی ئەکردەوە. بەڕاستی لەمێژە هەردوو لا لێی بێدەنگن لەوساوە کە دایکی چۆتە لای باوکی ئاسکۆڵ واتە ساڵێک و دوو مانگ و شەش حەوت ڕۆژ لەمەوبەر بوو باوکی ئاسکۆڵ وتبووی جارێ وا بە خێری جوامێر تازە دامەزراوە و مانگانەکەی کەمە و نۆماڵە و کچەکەش مناڵە و ئەخوێنێ. با ماوەیەکی کەش مەسەلەکە بهێڵنەوە بەشکوو هەلێکی لە ئێستە چاترمان دەست ئەکەوێت. لەو ساوە قسەیەکی لێ نەکراوەتەوە. لەو ساشەوە دایکی سەری نەکردووە بە ماڵی مامیا چونکە ئەم وەرامەی باوکی ئاسکۆڵی بە دەست بەڕووەوەنان لێک ئەدایەوە.

هەرچەندیشە بە لای جوامێرەوە قسەکەی بەجێ بوون تا ئەندازەیەکی زۆر!

باشە ئەی ئێستە چی ئەڵێ! ئاخۆ دایکی ئەنێرێتەوە بۆ لای مامی، تۆ بڵێی بچێ؟ باوەڕ ناکا چونکە دڵی لێیان یەشاوە، نەء هەر لە سەرەتاوە دایکی لەگەڵ ماڵە باوانی باوکی جوامێر دانوویان لە مەنجەڵێک نەکوڵاوە، یەکەم بووکی ماڵی بووە کە داوای خانووی جیای لە مێردەکەی کردووە و ئیتر وەکوو ناسیاو هاتوچۆی کردوون! لە باتی ئەوان ڕووی کردۆتە خزمانی خۆی. جگە لەمەش هەر لە سەرەتاوە پێی خۆش نەبووە کە تاقانەکەی ئەو کچە ... بهێنی. ئەگەرچی لەبەر دڵی ئەم بەئاشکراش دەری نەئەبڕی. ئێستە ئەمانە هەموو تێپەڕین بڕوبیانووی ناوێ ئەم کوتەماڵێکی پێکەوە ناوە و ئەو پارەیەی ئیمڕۆش بۆ مەسرەفی ژنهێنانەکەی لە سەری دێ لە پێی دەرئەچێ، ئەگەر پەڵپی پێ نەگرێ! بیانووی خوێندن تەواو کردنیشی نەماوە! چونکە دوو ساڵ لە سەریەک دەرنەچوو خۆی قوتابخانەی بەجێ هێشت هەرچۆنێک بێت شەو لەگەڵ دایکی قسە ئەکات و ئەینێرێت بۆ لای مامی بۆ بڕانەوەی مەسەلەکە.

لە چاییخانە لەگەڵ دوو سێ هاوڕێ بە قسەوە خەریک بوون کاتێکی زانی سات لە نۆ لای داوە لە نیوەی قسەیەکی لەگەڵ هاوڕێکانیا هەستا و وتی:

― من ئیشم هەیە ئەبوو زووتر بڕۆمەوە، لێم ببوورن. خواتان لەگەڵ.

جارێکی تر قسە لەم باسە ئەکەینەوە!

بەپەلە ڕێی ماڵی گرتەوە ئەیزانی دایکی دوای نوێژی خەوتنان ئەنوێت.

بەڵام دڵێکی بە میوانەکان خۆش بوو کە بەشکوو بە هۆی ئەوانەوە تا ئەوسا مابێتەوە. جگە لەوەش تەنانەت بەپێی حسابی نوێژی خەوتنانیش بێ هێشتا درەنگ نەبوو.. لەگەڵ ئەمەشا لەباتی ئەوەی کلیلەکەی گیرفانی بەکار بهێنێ لە دەرگای ئەدا بۆ ئەوەی ئەگەر نوستبێتیش هەڵی بستێنێ.

بەڵام وا دیار بوو دایکی و ئەوان تازە خەریک بوون ئەچوونە سەر جێگاکانیان.

دایکی کە دەرگای لێ کردەوە بە دەنگێکی بەرز پێی وت:

― ئەوە بۆ چی وا درەنگ هاتیتەوە گیانی دایکت.

― چەند هاوڕێیەکم دی، لەگەڵیان دانیشتبووم هەروا بۆخۆمان قسە و باسمان ئەکرد. هیچ درەنگیش نییە هێشتا ئێوارەیە ئێوە لە خۆتانەوە کردووتانە بە شەو! بێگومان پیرۆز خان و ئەوانیشت بەزۆر ناردۆتە سەر جێگا.

پیرۆز خان کە بە چوونە ماڵەوەی ئەم هەستابوو لەسەر جێگاکەی دانیشتبوو، وتی:

― نە بە سەرەکەی تۆ، خۆمان کفتی ڕێگەین حەزمان کرد زوو بنووین.

خۆ کاڵێ دایکەکەی بمرێ ئەوەندە ماندوو بوو هەر نانەکەی لە دەما بوو خەو ئەیبردەوە.

جوامێر ڕووی کردە ژوورەکەی بۆ خۆگۆڕین تەماشای کرد جێگاکەی نەبراوەتە دەرێ کە ئاوڕی دایەوە دایکی بە دوویەوە بوو ئەیوت:

― جوامێر گیان ئەوە لەبەر پیرۆز خان و ئەوان نەوەک شەرم بکەن جێگاکەی تۆم هەر لە ژوورێ هێشتەوە پەنجەرەکان بکەرەوە هیچ گەرم نییە ئەتوانی بۆخۆت بنوویت تا درەنگ نە دەنگەدەنگی من و نە هەتاو هەڵتناسێنن.

وای وت و خەریک بووە بچێتە دەرێ... جوامێر گورج قۆڵی گرت و وتی:

― درەنگ نوستنی چی من ئەبێ سەعات ٨ لە دایەرە بم. دایکی لەبەرخۆیەوە وتی:

― دەی بە سەرەکەی تۆ وام زانیوە جومعەیە.

― جارێ تۆ مەڕۆ وەرە قسەم بۆ بکە. هەزار و یەک پرسیارم هەیە یەکەمیان: پیرۆز خان و ئەوان بۆچی هاتوون؟ دووەم: کۆستی چییان کەوتووە؟ سێیەم:

تۆ جارێ ڕاوەستە یەکەیەکە، سەرم لێ مەشێوێنە! پیرۆز دوور بێ لە سەری تۆ و خۆشەویستان مێردەکەی کوژراوە. ئەوە مانگێکە کابرایەکی گەورەی دەسەڵاتداریان لەسەر گرتووە ئەڵێن بە دەسیسەی ئەو کوژراوە.

چونکە چەند جار داوای لێ کردووە کە کانی و ئاوێکی هەیە پێی بفرۆشێت مێردەکەی پیرۆزیش ڕازی نەبووە کابراش گاڵی داوە چوون بانگیان کردووەتە دەرێ و کوشتوویانە و ڕۆییون.

― کەس دیونی؟

― لە کاتی کوشتنا، نەء، بەڵام دوای کوشتنی دوو پیاو و سێ ژن دیویانن تەنیا ژنێکیان وێراویە بێ شایەتییان لێ بدات ئەڵێن کابرا زۆردارێکی کافرە زۆر جووتیاری بەسەزمانی بەم جۆرە کوشتووە و بە لوولەی تفەنگ خۆی کردووە بە خاوەن دێ. نەک هەر دێ خوا لێم نەگری قسەی ئەوان ئەگێڕمەوە ئەڵێن کەس خاوەنی نامووسی خۆشی نییە لە دێیەکەدا! جا ئیستە پیرۆز خان وەکوو بیستوویە کابرای دەستدار ئەوقاتێکی گەورەی گرتووە و پارەیەکی زۆری داناوە بۆ بەرتیل کە خۆی پێ رزگار بکات، ئەمانیش هاتوون لێرە ئەوقات بگرن و هەوڵێ بدەن بەشکوو خوێنەکەیان بەفێڕۆ نەڕوا.

― باوەڕ ناکەم سەرکەون. نەک هەر خوێن پارەکەشیان بەفیڕۆ ئەڕوات.

ئەم دەسگا و دووکانە بۆ ئەوە دانەنراوە کە زۆرداری تیا بگیرێت و هەقی هەژاری تیا بسێنرێت!

― هەر چۆنێک بێ کوڕم ئەبێ هەوڵ بدەن. خۆ خۆیان ناکەن بە پەنگی ئاوایی. کوێراییم دایە کوڕیشی نییە، ئەگەر کوڕێکی بوایە هەر ڕۆژێک تۆڵەی ئەکردەوە. بەڵام بڵێین چی ئێمە دڵدانەوە نەبێ هیچی کەمان لەدەس نایە! خۆیان چی بە باش ئەزانن بۆخۆیان با بیکەن و سەد ساڵیش لێرە بن هەر خۆم بە خاوەنماڵیش نازانم لە عاستیان! نازانی باوکی چەند چاکەی بە سەرمانەوە هەیە.

― باشە. ئارەزووی خۆیانە. ئەوە بیرم نەبوو پێت بڵێم، یا ڕاستتر کاتی نەبوو پێت بڵێم کابرایەکی قەرزاری باوکم ئیمڕۆ هاتە لام خواوڕاستان کردیان دووسەد دینار قەرزی باوکمی بۆ هانیومەتەوە ئەوەندەی کەشی ماوە خستوویەتە دوو وەرزی تر، هەر وەرزی نیوەی. کاری ڕاست بێت بەشی هەموو مەسرەفی ژنهێنانەکەم ئەکات ئەگەر پەڵپمان پێ نەگرن!

دایکیشی ئیستێکی کرد و بەئەسپایی وتی:

― نەخەڵەتابی تا ئەم ماڵە لێرەن باسی بکەیت! هەر ئابڕووی هەزار ساڵەمان ئەچێت! دوای ئەمانیش هیچ نەبێ ئەبێ دوو سێ مانگێکی پێ بچێ ئەوسا تێ هەڵچینەوە قەی ناکا، ئەگەرچی، هیچ...

― ئەگەرچی چی؟ قسە بکە بزانم نیازت چییە؟

― ئەڵێم ئەگەرچی من فاتە زلە بناسم ئیمڕۆ کچ نادات بە تۆ!

― چۆنم ناداتێ؟

― هیچ کوڕم. خوا بکات بە کراسی بەری خۆیەوە بتدەنێ «کوێرە چیت ئەوێ؟ دوو چاوی ساغ». هەر چۆنێک بێ جارێ تا ئەم ماڵە کۆستکەوتووە لێرەن با مەسەلەکە دیزە بە دەرخۆنە بێت.

― باشە قسەی تۆیە ئێستە وەختی نییە. خوا بکا زوو ڕزگاریان بێ و بڕۆنەوە.

دایکی لێی دا چووە دەرەوە و ئەمیش لەسەر جێگاکەی پاڵ کەوت و کەوتە بیرکردنەوە.

دوو هەفتەیەک بەسەر هاتنی ماڵی پیرۆز خانا تێ پەڕی ڕەنگی میوانییان لە ڕوو هەڵگیرا، وەکوو خەڵکی ماڵێ ئەهاتن و ئەچوون. جوامێریش لەگەڵ هەموو شەرمنی و کەم خۆ خستنە ماڵەوەیدا بە بوونیان ڕاهات، نەک هەر ئەمە بە درێژاییی ڕۆژ و بە کۆکردنەوەی خەرمانی سەرنجە شەرماوییە بەدزییەوەکانی وێنەیەکی تەواوی گرتبوون لە مێشکی خۆیا، بەتایبەتی هیی کاڵێ، کچێکی خوێنشیرین، شانزە حەڤدە ساڵەی باریکەلە. پرچێکی ڕەشی هەمیشە شانەکراو تا ناوقەدی هاتووە، دوو ڕیز برژانگی درێژی شاش جاروبار کە سەر هەڵئەبڕێ باوەشی ڕۆشنایی و خۆشی و جوانی ئاوازیان لێ دێتە دەرێ. لووتێکی بەعاستەم پان بەسەر دەم و لێوێکی خرپن و شەرابییەوە وان بە ڕوویەکی لەچاو لەشیا پڕ و قەڵەوەوە. بەکورتی کاڵێ کچێکی ئێسکسووک بوو. خۆ ئەو کراس و سوخمە ڕەشەی لەو دوایییەدا بەزۆری دایکی لەبەری کردبوو هەر کردبووی بە پەری، لەگەڵ ئەم وێنە جوانەشا لە پەسەندکردن بەو لاوە هیچ هەستێکی کەی لە دڵی گێلی جوامێرا نەبزواندبوو تا ئەو کاتە.

پیرۆز خان و کاڵێ بەگەرمی چاوەڕوانی ڕۆژی موحاکەمەیان ئەکرد، ڕۆژ نەبوو دوو سێ جار هەواڵی ڕۆژ و مانگ لە جوامێر نەپرسن. دوایی، پاش چاوەڕوانییەکی ناخۆش ڕۆژی موحاکەمە هات و هەر لە بەیانی زووەوە پیرۆز خان - کە شایەتی هەبوو لەداواکەدا - چوو بۆ مەحکەمە.

کاتێ جوامێر لە دایەرە گەڕایەوە زانی کەوا داواکەیان، لەبەر نەهاتنی چەند شایەتێک، خراوەتە دە ڕۆژی تر هەموو بۆڵەبۆڵی پیرۆز خان لەو ڕووە بوو کە بە دە ڕۆژ ناتوانێ بڕوات و بگەڕێتەوە. دایکی جوامێر و جوامێریش گلەیییان لێ ئەکرد کە بۆچی ماڵی ئەوان بە هیy خۆی نازانێ و بیر لە ڕۆیشتنەوە ئەکاتەوە. هەرچۆنێ بوو بەناچاری مانەوە و ئەو دە ڕۆژەشیان بردە سەر. دیسانەوە ڕۆژی موحاکەمە، یەکێ لە شایەتەکان، بەtایبەتی ئەو ژنەیان کە شایەتیی دابوو، نەهاتبوو داواکەیان خستبووە ٢٣ ڕۆژی تر.

کە شەو باسی گەڕانەوە کرا، پیرۆز خان بە جوامێری وت کەوا سەرلەبەیانی جێگایەکی بۆ بگرێت لە ئوتوبێلێکدا.

جوامێر سەری سوڕ ما لەمە. بەڵام کاڵێ ئەوەندە بەسەرسوڕماوی نەیهێشتەوە هەڵی دایە وتی:

― بە خوا دایە منیشت ببردایەوە لەگەڵ خۆت باش بوو. هیچ شتێکی تیا نییە. تۆ بڵێیت ئەوەندە نامەرد بن دەست بۆ ئافرەتیش درێژ بکەن؟

― بەڵێ کچم تۆ نایانناسی گەلێ لەوەش نامەردترن. کە ئەوان دەستیان بۆ پیرەمێردێکی، قورئانخوێنی بێوەی و خێرەومەندی وەکوو باوکت درێژ کرد و کوشتیان لە هیچ گوناح و خراپەیەکی تر هۆ ناکەنەوە. لەپاشا من خۆم ئاگام لە دڵی ئەوانە و ئەزانم چۆن تەماشای تۆ ئەکەن! هەمووی پێرار بوو کە کەریم بەگ ناردیە خوازبێنیت بۆ فەرەیدوونی کوڕی. ئەزانێ دوور لەسەری تۆ وەجاخمان کوێرە ویستی بە خزمایەتی دەست بەسەر کوێرە کانییەکەمان بگرێت بەڵام باوکت - پڕ گۆڕەکەی لە نوور بێت - پێی دا بە ئەرزا و وتی نەمداوە و نایدەم، کچ نادەم بە زۆردار. وتیان بە کوڕەکەی بە خۆی نا. وتی فەرقی نییە ئەوی لە مشک بێ جەواڵ ئەدڕێت، خۆ ئێمە تا ئێستە باسی ئەوەشمان لای تۆ نەکردووە بەڵام با بزانیت بۆ ئەوەی وا تێ نەگەی من بەخۆڕایی، یا پێم خۆشە بەتەنیا بگەڕێمەوە، نەء گیانی من، هەر لە ئێستەوە بیرت ئەکەم ئەوا بۆ شانزە ساڵ ئەچێ شەوێک خەو نەچۆتە چاوم گوێم لە مشەی تۆ نەبووبێت و چاوم بە چاوت نەکەوتبێ و دەسم نەکردبێتە ملت.

دایکی جوامێر بەگلەیییەوە وتی:

― ئەوە چییە کاڵێ خانم ئەڵێی بە ئێمە رازی نیت؟ فەرقی ئێرە و ئەوێ چییە؟ ئێرەش هەر ماڵی خۆتانە. بە سەرەکەی جوامێر ئەوەندەی کچێکی خۆمم خۆش ئەوێیت!

کاڵێ لە شەرما سوور هەڵگەڕا و بە دەنگێکی نەختێ بەرز وتی:

― نە بە خوا پوورە ئەجێ گیان لەبەر ئەوە نییە، یا خوا ماڵتان هەر ئاوا بێ و هەزار ماڵی لێ بکەوێتەوە. لە ماڵی خۆشمانا ئەوەندە دڵنیا نەبووم.

بەڵام هەر ئەوەی هەیە کە پێم ناخۆشە دایکم بەتەنیا بگەڕێتەوە.

دایکی وتی:

― تۆ گوێ مەدەرە من، چی لە من ئەکەن؟ جگە لەوە لێکیش ببنەوە من ئەو زەویوزارە بۆ ئەوان بەجێ نایەڵم. هەتا خوێن لە دەمارما بگەڕێ وەکوو چق! ئەچم بە چاویانا. با ئەم مەحکەمە و شتە ببڕێتەوە زۆردارێکی وەکوو خۆیانیان بۆ ئەهێنمە دێیەکەوە نیوەی زەوییەکانی ئەدەمێ جا با ئەوسا بۆخۆیان هەر شەڕەسەگ بکەن. نازانم بە خوا لەمەشا دوودڵم ئەترسم هەر جووتیارە هەژارەکانی تیا بچن. هەرچۆنێک بێ تۆ لە منی تێک مەدە. لێم گەڕێ با ئێستا بەتەنیا بڕۆمەوە، وا خوا ئێرەی داوە ماڵەکەیان هەر ئاوا بێت ئەوە ئەجە خانە وەکوو دایکت وایە و خۆ کاکە جوامێریش هەر برای خۆتە ئیتر بیبڕەوە. کە بشبینن تۆم لەگەڵ خۆم نەبردۆتەوە تێ ئەگەن لە کلۆرەدار نەهاتووینە دەرێ!

شەوێ جوامێر لەسەر جێگا بیری لەم قسە و باسە و لە مانەوەی کاڵێ ئەکردەوە. وەکوو شتێ سەری لێ شێوابوو نەیئەزانی پێی خۆشە ماوەتەوە یان ناخۆش! بەڵام لەگەڵ ئەوەشا نەختێ شڵەژابوو زۆرتری بەوە لێک ئەدایەوە کە چونکە خوشکی نەبووە لە ماڵێدا، وە لە دایکی زیاتر ئافرەتی کەشی نەدیوە و لە ناوچەکەشیان هەرزەکارێکی وەکوو ئەم ئەوەندە تێکەڵیی لەگەڵ ژن نابێت تەنانەت لەگەڵ ئاسکۆڵی دەزگیرانیشیا لە دوانزە ساڵییەوە بەتەنیا پێکەوە یەکتریان نەدیوە. نەک هەر ئەمە بگرە بەباشی ناشزانێ کچێکی چۆنە و لەم ماوەی پێنج - شەش ساڵەدا کە ئەم لە نزیکەوە نەیدیوە، چیی بەسەر هاتووە چ لە دیوی ناوەوە و چ لە دیوی دەرەوەشیا، بۆیە بە خۆی ئەوت هیچ دوور نییە ئەم شپرزەیییەی لەو ڕووەوە بێت کە یەکەم جارە لە ژیانیا لەگەڵ کچێکی هەرزەکاری وەکوو خۆی لە ماڵێکدا ئەبن پێکەوە بە شەو و بە ڕۆژ!.

پیرۆز خان ڕۆیشتەوە و کاڵێ بەجێ ما. زۆرمانەوەی و هێمنی و ڕاستی و ڕەوانی و کراوەیی خۆش و پاکی یارمەتییەکی زۆریان دا لە لابردنی ئەو شەرمەدا کە لە سەرەتاوە وەک مۆتەکە سواری سەر سنگی جوامێر بووبوو پەکی ئەوەی خستبوو وەک مرۆڤێکی ئاسایی لە ماڵەکەدا بجووڵێتەوە، نەک هەر ئەمە بەرەبەرە لەگەڵ یەکتری بووشن بە هاوڕێ. جوامێر کە لە هاتنی ئەوانەوە ماڵی لا بووبووە بەندیخانە و ئەگەر بۆ نانخواردن نەبوایە نەئەهاتەوە. ئەنجا بەپێچەوانە دەرێی لەبەر چاو کەوت و بەناچاری نەبوایە ماڵەوەی بەجێ نەدەهێشت. بەئاسانی کاڵێی فێری دامە کرد.

دائەنیشتن یەک دوو سەعات پێکەوە یارییان ئەکرد. جاروبار خۆشی بۆ شل ئەکرد لێی بباتەوە داوای کتێبی کوردی لێ ئەکرد کە بیداتێ بیخوێنێتەوە چونکە لە کوردی زیاتر هیچ زمانێکی کەی نەئەزانی. بەڵام جوامێر هەر چەندە سەری ئەهێنا لە کوردیدا لە شیعر زیاتر نەبوو بیداتێ، ئەویش بەزۆری هەر باسی دڵداری بوو. بۆیە لە پێشەوە خستیە پشت گوێ.

کە دی لە دەستی ڕزگاری نابێ بەناچاری دیوانەکانی نالی و سالم و مەحویی خستە بەردەستی. ناخۆشترین کات لای جوامێر ئەوە بوو کە لەپڕ کاڵێ ئەهاتە لای زۆر بەپاکی و بێ نیازییەوە مانای شیعرێکی دڵداری لێ ئەپرسی کەوا لەبەر وشەی عەرەبی یا فارسی زۆری یا لەبەر ڕەقی و ئاڵۆزی تێی نەگەیشتبوو. لەم کاتانەدا شەرم بەتوندی هەڵی ئەکوتایەوە سەر جوامێر زمانی ئەبەست. سووری هەڵئەگەڕان بەچەشنێ کە زۆر جار کاڵێ بەزەییی پیا ئەهات و کتێبەکەی لەدەست وەرئەگرتەوە و ئەیوت قەی ناکا کاکە جوامێر.. خۆم تێی ئەگەم با بزانم جارێکی کەش ئەیخوێنمەوە ئەگەر تێی نەگەیشتم ئەوسا دێمەوە لات! هەندێ جاریش وەک ڕقی لە شەرمنییە بێجێگەی جوامێر هەڵسا بێ ئەویش ئەیدایە لاساری جقی بکردایە و شین بوایەوە و مۆر بوایەوە هەتا ماناکەی پێ لێک نەدایایەوە لەکۆڵی نەئەبووەوە. ئەمە وای لە جوامێر کردبوو کە بە بیریا بێت کاڵێ بەدرۆ خۆی گەوج ئەکات و ئەیەوێ ئەم بدوێنی. ئەگەرچی ئەم بۆچوونەی جوامێر بناغەیەکی پتەویشی نەبوو بەڵام بیری جوامێری خستە گێژاوێکی نوێوەوە بۆ یەکەم جار ئەنجام و مەترسیی پێکەوە ژیانی کوڕ و کچێکی لاوی هێنایە پێش چاوی. بۆیە نەختێ خۆی دوور ئەخستەوە. نیوەڕۆیەک نەئەهاتەوە بۆ نانخواردن، شەوێک درەنگ ئەهاتەوە بەڵام لە دەریشەوە هەر بێئارام و پەست بوو. دایکی و کاڵێش سەریان ئەکردە سەری ناچاریان ئەکرد کە واز لە دەرێ بهێنێ. بەم جۆرە هەتا ئەهات خەم و ماتیی جوامێر پتر ئەبوو کە ئەیدی وا خەریکە ڕابواردنی لەگەڵ کاڵێدا ئەو پاکژی و سادەیییەی جارانی نەمێنێ هیچ نەبێ لە دڵ و مێشکی ئەما و بەبێ ئەوەی کە زاتی کردبێ لە کانگای دڵ و دەروونی خۆشیا، سەرنجی بدات لەم گۆڕانە و سەرچاوە و بناوانی.

هاتەوە بیری، دوای دە دوانزە ڕۆژێ لە ڕۆیشتنی پیرۆز خان کەوا چاکە دایکی بنێرێت بۆ ماڵی مامی. هەر هیچ نەبێ بۆ بۆنکردنی دەمی ئامۆژنی. ئەگەر لەوە زیاتریشی پێ نەکرێت هەر ئەمە خۆی هەنگاوێکی باشە بەتایبەتی لەم کاتەدا. بۆ لەم کاتەدا بەتایبەتی؟ جوامێر نەختێ لە قسەکەی خۆی ورد بووەوە بەڵام نەیوێرا وەرامی «بۆ»کەی خۆی بداتەوە. کەواتە با دایکی بچێ بزانێ ئامۆژنی ئەڵێ چی. کچی ئەدەنێ یان نا. ترس و لەرزی بۆچییە. لەپاشا ئەمان هەقیان چییە بەسەر کوژرانی باوکی کاڵێیەوە، دە پانزە ڕۆژی تر ئەڕۆنەوە شوێنی خۆیان وەکوو بەردی بن گۆمیان لێ دێتەوە، بێ ئەوەی ئەمانە تەنانەت بەمان و نەمانیشیان بزانن. با دایکی بچێ! تا زوو بچێ درەنگە، ١٠ دیناری زیاتری لە پارەکە خەرج کردووە. بەم جۆرە بڕوا دوا فلسی خەرج ئەکات! ئەگەر دایکی نەچوو خۆی بە «لاوە» ئەڵێ! بەڕاستی خەسوویەکی جامباز و زۆرزانی ئەبێ، هەرگیز لە مەکری دەرناچێت خوا بکات ئاسکۆڵیش نەچووبێتەوە سەر ئەو ئەگینا بە هەردووکیان ئەیکەن بە پەنگی مێردان! زەردەخەنەیەک گرتی.

کە بە دایکی وت، ویستی بیانوو بهێنێتەوە. جوامێر بیانووەکەی بڕی وتی:

― قەی چی کات کاڵێ با لە ماڵەوە بێت ئەگەر حەز ناکەیت بییبەی لەگەڵ خۆت.

دایکی دوای ئیستێک بزەیەک گرتی و بڕیاری دا کە کاڵێش بەرێ لەگەڵ خۆی چاترە. کچەش حەزی بە چوون نەئەکرد. زۆری لەگەڵ دایکی جوامێر وت کە ئەو هێشتا لە پرسەدایە جوان نییە بکەوێتە گەڕان، بەتایبەتی بۆ ماڵێ کە نەیانناسێت بەڵام کەڵکی نەگرت، وتی:

― پێش چێشتەنگاوێک بەسەر پێوە سەرێکیان لێ ئەدەین خۆ ناچین بۆ پڵاوخواردن! بە چاوەکانت ئەگەر لەبەر دڵی جوامێر نەبوایە سەرم بە ماڵیانا نەئەکرد.

***

کە هاتنەوە لە ماڵی فاتمە خان، کاڵێ زۆر شەرمەزار و دایکی جوامێر زۆر پەشیمان بوو. هەر لە دڵی دەرنەئەچوو کە بۆچی بەزۆر ئەو کچە بێباوکە داماوەی لەگەڵ خۆی برد و تووشی ئەو تەریقی و ناخۆشییەی کرد. خۆی قەی ناکات ئیشەکە ئیشی خۆیانە ئەبوو بچێ، ئەبوو بزانێ. بەڵام ئۆف.

جوامێریش خوا بێ بەڵای کات وەخت و ناوەختی بۆ نییە. ئەگینا ئێستا کەی ئێمە کاتی خوازبێنیکردن و ژنهێنانمانە. هەر هیچ نەبێ لەبەر دڵی ئەو کچە باوککوژراوە ئەبوو مەسەلەکە بخاتە کاتێکی تر. هەر هیچ نەبێ تا ئەو ئەڕۆیشتەوە. بەڵام لەگەڵ هەرزەکار ئەڵێیت چی ناوی خۆی بە خۆیەوەیە. ئافرەتی وەکوو ئەو فاتە زلەیە بێ چاو و ڕووم نەدیوە ئەرێ خۆ ئەوە یەکەن دەردوو نەهێڵی کرد و نەشفت وتی: «ئەمەیە بووکە تەڕلانەکەتان!» لچێکی هەڵقوڵتان لە کچە بەسەزمانەکە هەر ئەوە بوو نەبێ بە تنۆکێ ئاو! منیش دەم و پلم خواتەوە ئەڵێی ئاو لای داوم. نە بە خوا هەر وەکوو شتێک حەپەسام، زوو نەهاتمە دەست بەمە ژنی تایەن زیاتر شووڵی لێ هەڵکێشا کەوتەوە داگرتنمان ئیتر پشووی نەداین بۆ ئەو ژنە چاوداقڵیشاوە لچ کولێرەیەی دراوسێشیان هەر بۆی ئەسەنەوە. ئۆ خوایە ئەوە ئۆمەتی وا بێ ئابڕووشت هەیە! خۆ هەر ماوەی نەدام قسەیە بکەم، مەسەلەکەی تێ بگەیێنم. بە ناخێری گیانم کۆمەڵێ قسەم حازر کردبوو. بەڵام قسەی چی وەکوو پەڕەسێلکە هەموویم لەبیر چۆوە کاری کاڵێ ڕاست بێ وتی پوورێ هەستە با بڕۆین. ئەگینا وا کاسی کردبووم ڕۆیشتنیشم بیر نەمابوو ... هەرچۆنێک بێ بۆخۆم قەی ناکات باکم نییە بەڵام زیاتر بەزەییم بەو کچۆڵە بێباوکەدا دێتەوە، زۆر تەریق بووەوە. بەسەزمانە خۆی چوونەکەی بە دڵ نەبوو. ملم شکێ من بەکێشم کرد. کچێ ئەی چی ئەکەی نایبەی وەی ئەشیبەی هەر وەی! خۆ بە قوربانەکەی بم هەر چەندە جوامێر وەکوو پیر و پیاوچاکان وایە و هیچ لە کوڕی ئەم عەیامە ناچێت بەڵام هەر جوان نییە، خەڵکی چیم پێ ئەڵێن؟ کچ و کوڕێکی هەرزەکار لە ماڵێکی داخراوا بەجێ بهێڵیت. کەس باشمان پێ ناڵێت. من ئێستە کە خۆم لە ماڵم بە بست بەجێی ناهێڵم. نازانم چییە خوایە بە گوناهـ لێم نەگریت جوامێریش گۆڕاوە زۆر لە جاران زیاتر ئەکەوێتە ماڵەوە. جگە لەوەش زۆرتر لەگەڵ کاڵێ دائەنیشێت ئەگەرچی چەند جارێکیش خۆم لێ گرتوون و چووم بە سەریانا لە قسە و پێکەنین و دامەکردن بەوەلا هیچم لێ نەدیون. لەگەڵ ئەوەشا زۆر کراونەتەوە لەگەڵ یەک. کچێ دەی چیی تیایە، خۆزگەم، خۆزگەم حەزیان لەیەک ئەکرد و ئەوی ئەهێنا. پێڵاوە شڕەکانی کچی فاتە ورچە کۆن ئەهێنێ! خۆ ئێستەش هەر خەڵکی بە خزمەتکاری باوکی خۆی ئەزانێ، وا ئەزانێ ئەو دەورەیە کە پیاویان تیا مارە ئەکرد شێخی شێخ نیت چاوت دەربێت. خوایە لێم نەگری لەگەڵ خۆیمە، لای وایە هەموو کەس ئەبێ دەستی ماچ بکات. ئەوە وێڵ بوو ئەو لەگەڵ ئێمەی کرد، هەر بۆ ڕواڵەت بە درۆش پێی نەوتین مەڕۆنەوە لێرە قاوەڵتی بکەن. کوا مەڕێکم ئەکرد بە مەولوودی پێغەمبەر. کوڕ کوڕی خۆم کچ کچی خۆم. باشە قەی ناکات با وا بێت.

ئینجا منیش ئەگەر ژن بم ئەزانم چی ئەکەم! خوا خۆی باشتری ئەزانێت.

بێگومان ڕەزای لەسەرە کەوا ئەم کارە پێک بێت ئەگینا ئەگەر ئافرەتی تایەن نەیکردایە بەو هەراوزەنایە و کاڵێی بۆ دەستنیشان نەکردینایە وەکوو مەلای مەزبوورە خورماکەی پیشان کابرای بەقاڵ دا، ئێمە خۆمان چاومان لە ئاستی کوێر بووبوو. نازانم شیرینیی جوامێر بە کوێی ئاسکۆڵا چووە؟

ئێسکی خواتەوە ئەڵێی چەقەڵی دێمە. دەموچاوێکی درێژی پەنجەکێشی، وەکوو داری واوەیلا چووە بە ئاسمانا. خوایە لێم نەگری ئەو کچە لە دەروونا ساغ نییە! دوور نییە دەردی خراپیشی بێت! نە دایکم بە خوا کوڕی خۆم ناخەمە ئەو داوەوە بە کوێرەوەری و بێوەژنساری و هەتیوباری گەورەم کردووە! باشە بەڵام چۆن کەڵکەڵەی ئاسکۆڵ خان لە سەری جوامێر دەربهێنم! دەی هیچ نییە. خوا یا ربێ و جوانیی کاڵێ خۆش بێت ئەویش ئاسانە بە پشتوانیی کەرێتی و لووتبەرزیی فاتمە خانی ئامۆژنی. لەم چەشنە بیر و قسانە لە مێشکی ئەجێدا ئەهاتن و ئەچوون.

دوای نیوەڕۆ کە جوامێر هاتەوە زۆری هەوڵ دا کە بەزووترین کات دایکی بەتەنیا ببینی تا بزانێ ئەنجامی چوونەکەی چی بووە، چونکە دایکیشی ئەمەی ئەویست هەر زوو کاڵێی بە زەڵاتەکردنەوە خەریک کرد پێکەوە چوونە ژوورەکەی جوامێر، ئەجێ هەڵی دایە وتی:

― بە خوا کوڕم تۆ بەخۆڕایی ئێمە سووک و ڕسوا ئەکەیت. ئەگینا ئەزانی فاتە خان کچ نادا بە ئێمە.

جوامێر بەسەرسوڕمانێکەوە وتی:

― چی بووە دایە گیان خوا نەکەردە هیچ ڕووی داوە؟

― چی ڕوو بدا کوڕم. وەڵڵا هەر ئەوەندەی کەم بوو نەختێکیشمان تێ هەڵدەن!

― کێ؟ چۆن! بە باوکیشیانەوە ڕایان ناکەوێت، بڵێ بزانم چی بووە شەقم برد؟

― دوژمنت شەق بەرێ کوڕم، بە کوردیی پەتی کچمان نادەنێ و ئەح!

― باشە چی بووە؟ چۆن؟ چی دەڵێن؟

― چی دەڵێن. کە چووین ئاسکۆڵ لەوێ نەبوو. دەمم سووتا هەواڵم پرسی، فاتە خان هاتەوە بە گژ دەمما وەکوو کفرم کردبێ وتی ئاسکۆڵت بۆ چییە ئاسکۆڵ لێرە نییە، ئاسکۆڵ چووە بۆ ماڵی پووری. ئەوە ئەشزانێ کە دەمێکە هەر خۆیان ئەو قاوەیان داخستووە کەوا ئاسکۆڵ شوو ئەکات بە کوڕی پووری! واتە کوڕی خوشکی دایکی. منیش هیچ قسەم نەکرد. وتم فاتمە خان گیان خۆ من بە هیچ نیازێ ئەو پرسیارەم نەکرد هەر ویستم بزانم لەکوێیە، جوامێر، ئیتر نەیهێشت قسەکەم تەواو کەم وتی: جوامێر و موامێری پێ ناوێت بەسە بیبڕەوە قبووڵم نییە بە هیچ جۆرێک ناوی کچم بهێنن. ئەگەر کچ بە دیار جوامێر بەگی تۆوە دانێم ئەبێ پرچی سپی بهۆنێتەوە ئەوسا ڕەنگە ئەو بتوانێ پارەی جووتێ گوارە کۆ کاتەوە.

جوامێر هەناسەیەکی هەڵکێشا و بەسەربادانێکەوە وتی:

― بەڵام بۆ؟ لەبەر چی وا بەتوندی. بۆچی وا بەناخۆشی. کچ نادەن نەیدە. ملی ...، شەیتان بەلەعنەت بێ پیاو تف هەڵدا ڕووی خۆی ئەگرێتەوە!

― گیانەکەم لە بەهانە ئەگەڕێن. ئەی ئەگەر نەیکەن بە شەڕ چی بڵێن بە دۆست و دوژمن. بڵێن بۆچی پەشیمان بووینەوە نەماندا بە جوامێر و دامان بە شێخ حەسەن!

― هەرچۆنێک بێت ئیتر تۆ قسەی لێ مەکە من خۆم ئەچمە بنج و بناوانی کچم ئەدەنێ باشە خێری پێوەیە تا پارەکەم خەرج نەکردووە بمدەنێ و ببڕێتەوە، ناشمدەنێ پێم بڵێن بەبێ ناخۆشی و دڵیەشان با هەر کەسەمان ناوی مەلی خۆی بزانێت.

ئەجێ وەکوو نەوتی پیا بکەی کڵپەی سەند وتی:

― چۆن بە قسەی من باوەڕ ناکەی، درۆ ئەکەم؟ بوختانیان پێ ئەکەم!

وای وت و دایە پڕمەی گریان.

― دایە گیان چۆن بە قسەی تۆ باوەڕ ناکەم، چیم وتووە ئەی ئاخر نابێ خۆشم دوو قسەی تیا بکەم. لەگەڵ لاوە، لەگەڵ ئامۆژنم، باشە با بەجارێ لێی بێدەنگ ئەبین بزانم ئەوان چی ئەڵێن. باشە. شەرت بێ من هیچ قسەی لێ نەکەم و وەکوو هەر هیچ نەبووبێت، باشە!

دەستی کردە ملی دایکی کە بەدەم گریانەوە وتی:

― من بەشی زۆری پەرۆشم بۆ ئەو کچە بەسەزمانە دڵبریندارە بوو کە بە خوت و خۆڕایی دڵیان کولانەوە خوا دڵیان بکولێنێتەوە.

― کچی چی، کام کچ دایە گیان؟

― کاڵێ ڕۆڵە گیان کاڵێ!

― ئێ کاڵێ چییەتی بەسەرەوە. ئەوان چییانە بەسەر کاڵێوە؟

― نازانم لە خۆیان بپرسە!

― ئاخر چۆن؟ چییان بەو وت، چییان وت!

― هیچ کوڕم بەخوا لەسەرم بدەیت من نایگێڕمەوە بۆت بزانە لەخۆی بپرسە بەشکوو خۆی بۆت بگێڕێتەوە. تۆش نەختێ دڵی بدەرەوە.

ئەوە چیتە ئەڵێی پێت ناخۆشە لێرە ماوەتەوە ڕۆڵە گوناهە، هەتیوە، نەختێ ڕووی بەرێ، هەر لەڕێی خوادا.

― دایە بەخوا من،

― باشە کوڕم خوا بە دڵی خۆتت لەگەڵ بکات و دوژمنت کوێر کات.

***

دوای قاوەڵتی جوامێر و کاڵێ دانیشتنە سەر دامەکردنی خۆیان ئەجێش کەوتە ئامانشتن. لە هەلێکدا، جوامێر لە کاڵێی پرسی:

― ئەوە ئەم بەیانییە چی بووە لە ماڵی مامم بە قسەی دایکم پڕیشک تۆشی گرتۆتەوە!

کاڵێ بە حەپەساوی و شەرمەزاری سەری لەسەر تەختە دامەکە هەڵبڕی و بەئەسپایی وتی:

― پوورم بۆی گێڕایتەوە؟

― نە بە خوا هەر ئەوەندەی پێ وتم کەوا تۆش بەبێ ئارەق دەرنەچوویت.

― هینەکەی من هیچ نەبوو.

― باشە ئاخر چی بوو ... چییان وت؟

― ...

― چیتە؟ جنێویان پێ داین! خۆ شێت نەبوون. تۆ چیتە بە سەرەوە.

― نەء، جنێویان نەدا، ئەوی ڕاست بێ نەئەبوو من لەگەڵی بچم ... هەرچۆنێک بێت ئێستە بووە و بڕاوەتەوە. لە پوورە ئەجێم بپرسە ئەو بۆت بگێڕێتەوە.

― وا دیارە دەستی دەستیم پێ ئەکەن، ئەو ئەڵێ لە کاڵێ بپرسە و تۆش ئەڵێیت لە پوورم. دەی تو خوا پێم بڵێ. بزانم ...

― ئەگەر لێم بگەڕێیت حەز ناکەم بیڵێم.

― باشە لێت ناگەڕێم!

― ... ئەوە وتیان ... نازانم چییان وت ... بە خوا نایڵێم ... بە گۆڕی باوکم تو خوا توو سەری خۆت لەسەری مەڕۆ!

― باشە هیچ .... تۆ سەغڵەت مەبە و مەیڵێ ... بابە وازمان هێنا سەریان بە گۆڕی ئاژداد و ئابایان. ئەوە ئەو ئامۆژنەم هەروا کەر و لووتبەرزە.

ئاخر بۆیە من هیچ ئاموشۆیان ناکەم.

نا ئیشەکە یەکجار وا نەبوو تۆش گەورەی مەکە.

باشە ئەزانم تۆ خۆت کچی چاکی بۆیە وا ئەڵێیت، باشە دەی بام وا بێ.

جوامێر، جگە لەوەش کە بەڵێنی دا بە دایکی کە ئیتر کە قسە لە مەسەلەکە نەکات هەرچەندە بیریشی لێ ئەکردەوە ماوەی قسە لێکردنی نەبوو، ئامۆژنی خۆ ئەوە هەر ڕووی نەئەهات قسەی وای لەگەڵ بکات ئەگەر بشیزانیایە بە کراسی بەری خۆیەوە کچەکەی ئەداتێ جا نەخوازەلا ئێستە کەوا بە قسەی دایکی ئەو کەللە شەکرانەی شکاندووە، هەر بەڕاستی ژنێکی بەڵایە پیاو نازانێ چیی ئەوێ و چیی ناوێت! چیی پێ خۆشە و حەز بە چی ناکات، بە هەموو حەزی خۆت ئەتەوێت دڵی ڕابگریت وە هەر لەبەر دڵی ئەو ئیشێک ئەکەی کەوا ئەزانێ پێی خۆشە کەچی وەکوو تاوێر بە سەرتا دێت و ئەکەوێتە سەرزەنیش و قسەپێگوتنت کە بۆچی وەهات کرد! ئەمە ئامۆژن خانممان خۆ لاوە گیانیش لە پەنای خوادا بێت لە خوشکەکانی زیاتر لێی ئەترسێت یا وەکوو خۆی ئەڵێت دڵی ڕائەگرێت. ئەویش نەک لەبەر ئەوەی کە خۆشی ئەوێت هیچ باوەڕ ناکەم بە دڵ خۆشی بوێت با دایکیشی بێت. هەر ئەوەیە دەوڵەتەکەی باوکی وا لەژێر دەستی ئەوا ئەمیش ئەیەوێ بە مێچکەمێچکە لێی بکێشێتەوە. ئەگینا ئەوە ژن بوو پار بۆی هێنا. لەم دەورەدا دایک ژن بۆ پیاو بهێنێت. تۆ خۆشت دڵت چووبێت بە کچێکی تایبەتیدا و بە هیوای هێنانی بیت، کەچی بچیت لەسەر قسەی دایکت کچێکی ناشیرینی نەخوێندەواری لە خۆت چەند ساڵ گەورەتر بهێنیت ئەمە چییە کچی خاڵتە! سەیر ئەوەیە کەوا ئامۆژنە فاتمە خان عەیبەکانیشی لێ نەئەشاردەوە، ئەیوت کاکە لاوە گیان خاڵۆزای خۆتە ئەگەر تۆ نەیهێنیت کێ ئەیهێنێ؟ - ماڵی قەڵب سەروبەری ساحێبی - بەو خوایە کەمە ژن هەموو وەکوو یەکن و یەک تام ئەدەن! وەک مەسەلەی هەنگوینەکەی ئافرەتەکەیە کە سەد چەشن خواردنی لێ دروست کرد بۆ کابرای زاڵمی حەزلێکەری تاوەکوو تێی بگەینێ کە لە ڕووی لەش و جوانی و ناشیرینییەوە ئافرەت هەموو وەکوو یەکن.

کەواتە باشتر ئەوەیە مەسەلەکە هەر دیزە بە دەرخۆنە کات و لێی بگەڕێ بۆ ڕۆژگار بزانێت ئەو چیی لێ ئەکات. چونکە هەندێ جار ئەو لە خۆمان چاکترمان بۆ ڕێک ئەخات، وەکوو شتێک کارەکە پێ ئەگەیێنێت وەک میوە و دار و درەخت. هەرچۆنێک بێت با بزانین بەخت و چارەنووس کێی ئەکات بە هاوسەر!

***

پیرۆز خان دێتەوە موحاکەمەکەیان ئەکرێت. کابرای زۆردار خۆی بەر ئەدرێت. یەکێک لە پیاوەکانی پانزە ساڵ حوکم ئەدرێت دوای چەند ڕۆژێک لەگەڵ کاڵێ ئەڕۆنەوە بۆ دێیەکەی خۆیان.

جوامێر و دایکی گەلێکیان پێ ناخۆش ئەبێت. ئەجێ زۆر لەگەڵ پیرۆز خان خەریک ئەبێت کە بۆ ماوەیەکی کەش، تا مەسەلەکە لەبیر ئەچێتەوە، کاڵێ لە ماڵی ئەوان بهێڵێتەوە. بەڵام ئەو ئەڵێ:

― تازە کە یەکێ لە پیاوکوژەکانی ئاغا حوکم درا مەسەلەکەمان بوو بە خوێنی ئاغای گێژ لەبیرچوونەوەی نییە. ئەڕۆینەوە لەسەر خوا. خوا کەسی بێکەسانە. ئیمڕۆش نەبێ سبەینێ هەر ئەبێ بڕواتەوە.

کاری ڕۆیشتنەوەی کاڵێ لە دایکی زیاتر لە جوامێرا دیاریی دا بۆ یەکەم جار دوای ڕۆینەوەکەی کە چووە ماڵەوە چاوێکی بە شوێنەوارەکانیا گێڕا سەری سوڕ ما لەو شوێنەی نەک لە ماڵ، لە ڕابواردنیشیا پڕی کردبووەوە! هەموو شتێک لە ماڵەکەدا تاریک و شکاو و کۆن و ناشیرین ئەهاتە بەر چاوی. نەک هەر ئەمە ئەتوت شتێکی لێ ون بووە هەروا بە ناو ژوورەکانا ئەهات و ئەچوو. لە هەموو ئەمانەش ناخۆشتر ئەوە بوو کە زاتی نەئەکرد سەرنجێک بداتە دڵی خۆی تا وەکوو بزانێت بۆچی بە ڕۆیینەوەی کاڵێ وا سەغڵەت و دڵگیر بوو، ماڵی لەبەرچاو کەوت، هەرچۆنێک بێت و هەرچییەک، تازە ڕۆیشت. وەکوو ئەستێرەیەکی کشاو نەختێ ئاسمانی ژیانی ڕۆشن کردەوە و ڕۆیشت. خوا ئەزانێ جارێکی تر چۆن و کەی و لەکوێ چاویان بە یەکتری ئەکەوێتەوە. ئەوان تا ئەم تەمەنە یەک جار یەکتریان دیبێت ئەویش وا، بەم پێیە دوور نییە هەتا ماون جارێکی کە یەکتر نەبیننەوە.

بەینێ بەسەر ڕۆیشتنەوەی کاڵێ و دایکیا ڕابورد. تا ئەندازەیەک جێگاکەیان لە دڵ و لە ماڵیشیانا پڕ بووەوە ئەگەرچی وەکوو پڕکردنەوەی شوێنی قاڵییەکی کاشانی نایا» بە بەڕە شڕێکیش وەها بوو. ئێوارەیەک جوامێر لە «یانە» چاوی بە هاوڕێیەکی ئەکەوێت لێی ئەپرسێ ئەوە هەر وازت لە ژنهێنان هێناوە یان دەستت لە ئاسکۆڵی مامت هەڵگرتووە.

جوامێریش بەپەرۆشێکەوە لێی ئەپرسێ: بۆچی چی بووە؟ «کوڕەکەش کە دەزانێ جوامێر بێخەبەرە ئەیەوێ پاشگەز بێتەوە ئەڵێ: هیچ هەروا پرسیم». بەڵام بێهوودە ئەبێ جوامێر لە کۆڵی نابێتەوە هەتا قسەکەی پێ تەواو ئەکات و پێی ئەڵێ کەوا لە حەسەنی شێخ مارفی بیستووە خەریکە ئاسکۆڵ بهێنێت. جوامێر زۆر ئەم قسەیەی پێ گران ئەبێت بەڵام دەری ناخات. بە درێژاییی ڕێ بیری لێ ئەکاتەوە، زۆری پێ خۆش ئەبێ کە لە لایەکەوە درزێک، کەلێنێکی تیا بدۆزێتەوە و بە درۆی بخاتەوە بەڵام هەرچەندە لەبەر تیشکی قسەکانی دایکی و ڕەوشت و خووی فاتمە خانی ئامۆژنی سەرنجی لێ ئەدا هیچ درزێکی تیا نابینێت. دێت بە بیریا کە بچێ چاوی بە لاوەی ئامۆزای بکەوێت بەڵام واز لەم بیرەش ئەهێنێ. تازە کار لە کار ترازاوە بە قسەی هاوڕێکەی شەکراویان خواردۆتەوە. لاوە ئەگەر بیویستایە هەر هیچ نەبێ پێش ئەم کەین و بەینە ئەمی ئاگادار ئەکرد، هەرچۆنێک بێت ئەویش هیچ نییە، ئەزانێت کەس هیچی پێ ناکرێت لەگەڵ فاتمە خانی دایکی، دەی پیرۆزیان بێ ئەمیش گوناهی خۆی بوو، ئەبوایە دوای ئەو قسانە دایکی بۆی گێڕایەوە بچوایە بنج و بناوانی کارەکە بزانێ کچی ئەدەنێ یان نە. ئەم هەروا کەمتەرخەم خستییە پشتگوێ تا وای لێ هات، دەی گۆی مەدەرێ، چارەیان لە چارەی یەک نەنووسراوە.

جوامێر کە دێتەوە ماڵێ باسی شووکردنی ئاسکۆڵ هەروا لە دڵیا گینگڵە ئەدات، بۆ دایکی بگێڕێتەوە! نەیگێڕێتەوە!

ناهێنێت با نە دایکی سەغڵەت بکات و نە واشی پیشان بدات کە خۆشی ئەوەندە بە

تەنگەوەیە، چی ئەبێ دەی با جارێک قسەیەک بۆ دایکی نەگێڕێتەوە! خۆ کفر نابێت! بە مەسەلەی ئاسکۆڵ و ژنهێنان و دایکیان هاتەوە بیری کەوا نە دایکی و نە کاڵێ پێیان نەوت ئەو قسەیە چی بووە کە فاتمە خانی ئامۆژنی بە کاڵێی وتووە و دایکی خەفەتی بۆ ئەخوارد. چووە گیانی دایکی بە زەردەخەنەیەکی کاڵەوە لێی پرسی، دایکیشی لە پێشەوە دایە قاقای پێکەنین لە پاشا وەک شتێکی ناخۆشی بیر کەوتبێتەوە هەناسەیەکی هەڵکێشا و بێدەنگ بوو. جوامێر پرسی: ئەوە چییە دایە چیت بیر کەوتەوە؟

دایکیشی بە ماتییەکەوە وتی:

― ئەوی ڕاست بێ کوڕم کاڵێ و پیرۆز خانم بیر کەوتەوە.

جوامێر وتی:

― باشە دەی جارێ وەختی نووکەنووک نییە تۆ باسەکەم بۆ بگێڕەوە.

ئەجێ وتی:

― فاتە ورچە کۆنی ئامۆژنت هەر کە چاوی بە کاڵێ کەوت پرسیی بووکەکەت هێناوە پیشانمانی بدەی! هێشتا زووە ئەبوو پاش مناڵ

بوون ئاگادارمان بکەن.

جوامێر بێ ئەوەی گوێ لە بەشی دواییی قسەکەی بگرێت سەری داخست و چووە ژوورەکەی خۆی. لەسەر نوێنەکانی هەردوو دەستی خستە ژێر سەری و چاوی بڕییە بنمیچەکە. ئامۆژنی وای زانیوە ئەم کاڵێی هێناوە.

ئێی ئیستە تێ گەیشتم بۆ وا بەتوندی بەڕەنگاری دایکم بووەوە بۆچیش وا بەپەلە ئاسکۆڵی داوە بە شوو. بەڵام نەء، هەر خۆی لە بەهانە بووە ئەگینا بێگومان دایکم پێی وتووە کەوا بە هەڵەدا چووە. جگە لەوەش دوای ئەوەی کاڵێ و ئەوان ڕۆیشتنەوە ماڵی خۆیان ناشێ وای زانیبێ کە باوەخوون کراوەتەوە نەء. ئەی نابێ لە لاوەی کوڕی بپرسێ. ڕەنگە بە قسەی ئەویش باوەڕ نەکات چونکە لای وایە لاوە هەمیشە لەسەر من ئەکاتەوە. دەی ئەمانە هەموو قسەی هیچن ئەو لە بەهانە بووە و بێدەنگی و کەمتەرخەمیی منیش یارمەتیی سەرگرتنی بەهانەکەی داوە!

چەند ڕۆژێک ڕابورد بەیانییەک دوای ڕۆشتنەوە دایەرەی جوامێر، دایکی خەریک بوو تفاقی چایی لا ئەبرد کچۆڵەیەکی دە دوانزە ساڵە کردی بە ماڵا و پرسی: ئێرەیە ماڵی جوامێر فەنی؟ ئەوە شەکراوی ماڵی فاتمە خانم بۆ هێناون، وای وت و پاکەتێ نوقولی لەسەر حەسیرەکە دانا، بێ ئەوەی چاوەڕوانی وەرام بکات چۆن هاتبوو وا ڕۆیشتەوە دەرێ. ئەجێ وەکوو لە بانێ بەری دەیتە خوارەوە وا بوو. شەکراوی ماڵی فاتمە خانی چی؟!

فاتمە خان هەیانبێ و نەیانبێ ئاسکۆڵیان هەیە کە ئەویش بە حسا» بۆ جوامێر دانراوە. ناشێ فاتمە خان ئەمەشی کردبێ و قسەی خەڵکی بە ڕاست گێڕابێت. بابە قسە بەخۆڕایی ناکرێت. دووکەڵ بێ ئاگر نابێت. ئەیانوت ئاسکۆڵ ئەدەن بە شێخ حەسەنی خاڵۆزای! دەی دەسەڵات چییە. ڕەزام بە ڕەزای خوا. خۆ بەو خوایە لە سەرێکیشەوە پێم خۆشە کە ئەم دیدەی لێڵاوە بڕایەوە! ڕزگارمان بوو لە ئەیدەن و نایدەن. قەی ناکا ئینسان ئەوەی لا گرانە کەوا ناوی جوامێری لەسەر بوو. ئەگینا خوا ڕەحمی پێ کردین کە لە کچی فاتمە خان ڕزگاری کردین. خەڵکی پێڵاوەکانیشمان ماچ ئەکەن وا کچمان ئەدەنێ. با بزانین کاممان زەرەرمان کردووە! خوا یار بێت کچێکی بۆ ئەهێنم حەوتی وەکوو ئاسکۆڵە ڕەق لە مزگێنیدا بدرێت.

لێرەدا بیری ئاڵۆزا و سەری لێشێواوی زۆر کچی هێنایە سەر پەردەی مێشکی و بە لچ لێ هەڵقوڵتاندنێک فتی کردن. بەڵام هەر ئەبوو ئەو شەکراوە بنێرێتەوە. کچەکە چ چاو و ڕوویەک بەم فاتە ورچەوە هەیە؟ وەرە تۆ هیچ شەرم نەکەیت و تەریق نەبیتەوە. شەکراو بۆ ئێمە بنێریت! باشە دایکم دیقەدیقەمان بدە. خوا کڵاوی بۆ بەڕووش کردووە. خەڵکیش خوایەکی هەیە بۆ خۆی. هەر خوای ئێوە نییە. ڕاستە بە خوا. خوایە لێم نەگری و لە سەرم بە کفر حسێب نەکەی هەر خوای دەوڵەمەندە! ئەی بۆچی پێیان ئەڵێن خواپێداو، خۆ ئەستەخفیرەڵڵا بەبێ حەزی خوا ئەم ناز و نیعمەتەیان پێکەوە نەناوە! کچێ دەی ناز و نیعمەتی چی هەمووی گڕ و پفێکە. بەرگەی ڕووگرژکردنێکی ڕۆژگار ناگرێت. ئەوە کەسی ناسیاو ڕووی نەهاتووە دوو دەنکە نوقڵەکەیمان بۆ بێنێت بۆیە بەو چەتیوە چڕپنە پلکە بایجانەیەدا ناردبووی خۆ هەر نەمزانی کوێڕا ڕۆیشت، دوو جنێوی مزرم بدایە بە خۆی و فاتە خانی و نوقلەکەشم بخستایە ...یەوە! هەرچۆنێک بێ فاتە زلە ئەمەی بە سەرەوە ناچێ. جارێ با ئەم نوقڵە لە حەو کون بشارمەوە نەوەکوو جوامێر گیان چاوی پێی بکەوێت. بێگومان زۆری پێ ناخۆش ئەبێت.

***

پاش نیوەڕۆیەک جوامێر لە نانخواردن بووبووەوە لەسەر جێگاکەی پاڵ کەوتبوو ڕۆژنامەیەکی گرتبوو بە دەستەوە خەریک بوو خەو بچێتە چاوی لەپڕ فڕەفڕ و دەنگی ئوتمۆبێلێک لە کۆڵانەکەیانەوە هات ­ کەوا زۆر کەم ئوتمۆبیلی پیا تێ پەڕی. نەخێر ئۆتمۆبیل وەستا و لە دەرگای ئەمانیشیان دا، نەختێ خۆی لێ بێدەنگ کرد بەشکوو دایکی بچێ. بێهوودە بوو دەرگاکە لێ درایەوە و دایکیشی دیار نەبوو. ئاخۆ بە چییەوە خەریکە، بەنابەدڵی هەستا چوو بێ پرس و دەنگ دەرگای کردەوە. لەپڕ تەوژمێکی شادی و سەرسوڕمان دەموچاویان گەشانەوە، بە دەنگێکی زۆر بەرزتر لە پێویست وتی:

­ ئەوە ئێوەن یا خوا بەخێر بێن!

هەر گورج لە دیمەنەکەی بەرامبەری بێجێیی قیژاندنەکەی بۆ دەرکەوت بەتەریقییەکەوە وتی:

­ ئەوە چییە؟ پیرۆزخان چ خێرتە؟ یا خوا بەخێر بێن فەرموونە ژوورەوە.

دایە وەرە ئەوە پیرۆزخان و ... ئەوانن.

کاڵێ چووبووە ژێر باڵی دایکی هێنایە ژوورەوە و جوامێریش کەل و پەلەکەیانی هەڵگرت کەوا شاگردی لێخوڕەکە بۆی داگرتبوون و لەبەر دەرگا داینابوو ...

دوای دە پانزە ڕۆژی دەرمان و دوکتۆر پیرۆزخان ڕووی کردە چابوونەوە ... لەم ماوەیەدا جوامێر خزمەتێکی پیاوانەی کرد تەنانەت لە گەرمەی نەخۆشییەکەیا لەگەڵ کاڵێدا بەنۆرە ئێشکیان ئەگرت بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیا دەرمانەکانی بدەنێ. ئەم تێکەڵییە شەرمی ڕواڵەتی و بێجێی لەنێوان هەڵگرتن و گەلێک لەگەڵ کاڵێی لە یەکدی نزیک کردنەوە و شارەزای ڕەوشت و خووی یەکتری کردن. هەنگاوبەهەنگاو لەگەڵ پێشکەوتنی چاکبوونەوەی پیرۆزخانا ئەوانیش گرێی دەم و زمانیان ئەکرایەوە و ماتی و مۆنییان لە ڕوو ئەڕەوییەوە تا نەخۆشەکەیان وەکوو خۆی لێ هاتەوە ئەمانیش وەکوو جارانی پێش بۆ لادێ چوونەوەی کاڵێیان لێ هاتەوە و زیاتریش جوامێر تەنیا وەختێ سەری دائەخست و بێدەنگ ئەبوو لە ئاستی کاڵێ کە قسەکەی فاتە خانی ئامۆژنی بیر ئەکەوتەوە، کەوا بە کاڵێی وتبوو، ئەم سەرداخستن و بێدەنگییەشی هەر چەندە لە سەرەتاوە لە تەریقییا بوو بەڵام لە دواییدا بوو بە لێکدانەوە و خەیاڵ لێدان و مرخی لێ خۆشکردن!

بەڕاستی بۆ وا نەبێ. هەرگیز خوا ژنهێنانی وا سووک و ئاسانی بۆ کەس ڕێک نەخستووە. بووکێکی وا ناسک و نازداری بەپێی خۆی بۆ هێناوەتە ماڵەوە. هەموو جارێ لێرەدا ئەو شیعرە عەرەبییەی بیر ئەکەوتەوە کە وەختی خۆی لە (هەزار و یەک شەو)دا خوێندەبوویەوە کە ئەڵێ:

«ڕەنگە خوا دوو لێک بڕاو بە یەک بگەیەنێتەوە، لە کاتێکا کە بە هەموو باوەڕی خۆیان لایان وا بێت کە ببڕای ببڕای ئیتر هەر چاویشیان بە یەک ناکەوێتەوە».

هەر بەڕاستی ڕێکەوتێکی سەیرە! قەی ناکات ئەوا کاڵێ لەناکاو ئەگەڕێتەوە، بەڵام بۆ لە کاتێکیشا ئەگەڕێتەوە کە ئاسکۆڵ شووی کردووە و ئەمیش و دایکیشی بەپەلە بۆ ژن ئەگەڕێن. لەوانەیە بۆ ئەوەی قسەی خەڵک ببڕن هەر ژنێکی دەست کەوێت هەر زۆر ناشیرین نەبێ هیچ سێ و دووی لێ نەکات. بەڵام چۆن دەست پێ بکەن. جارێ کێ ئەڵێت دڵی کاڵێ کەسی کەی تیا نییە؟ نا، لەوە ناچێ. یەکێ دڵی لەدەست دابێ ئەم تریق و هووڕەی پێکەنینی نایەت. خۆ نیازی نییە ئەم ئیشەش بە دایکی بکات، هەرچەندە فەرمانی دایکی لە کاری ئەما هەر قسە لێکردنێکیش ئەبێ.

بەڵام نا باجارێ ئەم دەم و دووی خۆی تاقی کاتەوە ئەوسا لەگەڵ دایکیشی قسە ئەکات!

بەڵام چۆن، هەرچەند سەری هێنا و سەری برد خۆی لەم تەلیسمە پێ ڕزگار نەکرا، چۆن ڕووی بێت بە کاڵێ بڵێ شووم پێ بکە. با نەختێ بخواتەوە بەشکوو شەرمی هەڵگیرێت، یەک دوو جار ئەمەشی تاقی کردەوە کەڵکی نەبوو، جوامێر لەم گێژاوەدا بوو کە ڕۆژێک لەگەڵ کاڵێ دانیشتبوون دامەیان ئەکرد لەپڕ لەخۆیەوە وتی:

­ تۆ ئەزانی دایکم قسەکەی فاتمە خانی ئامۆژنمی بۆ گێڕامەوە، کە بە تۆی وتبوو ...

کاڵێ سەری شۆڕ کردبووەوە بەسەر تەختەی دامەکەدا هیچ ورتەی نەکرد بەڵام تارماییی زەردەخەنەیەک بەخێرایی برووسکە بە چارەیا تێ پەڕی و داشێکی بەپەلە بردە پێشەوە ... جوامێر کە ئەوساکە باش بیری لێ کردبووەوە قسەکەی چەند ئاو ئەکێشێ و چ کارێکی کردۆتە سەر کاڵێ هات بە مێشکیا ئەمە ئەو هەلەیە کە لێی ئەگەڕا و نابێ لەدەستی بدات، بۆیە لەسەرخۆ بە زەردەخەنەیەکی بە شەرم ­ ژاکاوەوە وتی:

­ ئەبینم هیچ قسە ناکەیت! جارێ داشەکەت بگێڕەوە ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە دامەت لێ ئەکەم، بە نەختێ توندی و بێ سەرهەڵبڕین لەسەر تەختەکە کاڵێ وتی:

­ قەی ناکا ناگەڕێمەوە. دامە بکە ...

­ باشە گیانەکەمی بۆ زویر ئەبی خۆ خراپم نەوتووە ...

یەکەم جار بوو تیایا بە کاڵێ بڵێ گیانەکەمی، بۆیە گورج داشێکی بردە پێشێ.

کاڵێ دەنگی نەبوو خەریک بوو یاری بە داشێک بکات. جوامێر تێ گەیشت کەوا شەرمنی خەریکە ئەم هەلەشی لەژێر دەستا مردار ئەکاتەوە.

لووتەپەنچەیەکی دا لە تەختەی دامەکە بەشی زۆری داشەکانی خستە خوارەوە.

نەختێ بە تەنگە تیلکەیی، کە شپرزەییی خۆی پێ بشارێتەوە وتی:

­ بەسە دامە ئیتر با نەختێ بۆخۆمان قسە بکەین.

­ کاڵێ لە کاتێکدا خەریکی کۆکردنەوەی داشە دامەکان بوو سەرێکی بەرز کردەوە و بە سەرزەنشتێکی زەردەخەناوییەوە وتی:

­ ئەی ئەوە نییە قسە ئەکەین، یا لە دۆڕاندن بوویت بۆیە تێکت دا!

جوامێر گوێی لە قسەکەی نەبوو هەموو هۆشی لای چاوی بوو کە ئەویشی بێ زانین بڕیبووە ئەو بەشەی کە بەهۆی بەچیچکانەوە دانیشتنی کاڵێ و هەڵبڕینی سەر و داچەکانی بەرۆکی کراسەکەیەوە، لە سنگ و مەمکی دەرکەوتبوو، وەک چاو تێبڕینەکەی جوامێر شەپۆلێکی گەرمایی بووبێت ئاڕاستەی سەر سنگی کاڵێ کرابێت گورج داشە دامەکانی دانا و دەستی گرت بە یەخەیەوە و هەستایە سەر پێ و بەدەم باوێشکێکی مەگەر هەر خوا بزانێ ڕاست یا دەستکردەوە وتی:

­ با بچم سەرخەوێ بشکێنم، شەوێ خەوم لێ زڕابوو هەمووی دوو سێ سەعات نەنووستم ...

جوامێر ئەقڵی لە سەرا نەما، هەر هەستا و دەستی کاڵێی گرت و لەسەر کورسییەکە داینیشاندەوە و بەپەلە وتی:

­ نایەی قسەکەی فاتمە خان بهێنینە دی؟

کاڵێ لە دەمی دەرچووبوو بڵێ (­ کام قسە) کە کەوتەوە بیری تەوژمێکی شەرم و تەریقی قسەکەی لە گەروودا تاساند و سەری پێ داخست، جوامێر بە هەلی زانی وتی:

­ ئێ ... گیانە ئەڵێیت چی؟

پاش نەختێ بێدەنگی بەئەسپایی و بەدەم هەستانێکی بێزارانە یا نەخۆشانەوە وتی:

­ بۆچی بڵێم چی؟

­ بۆ ئەوەی قسەکەی فاتمە خانی ئامۆژنم بهێنینە دی!

­ من نازانم چی بڵێم! دایکم ئەزانێت!

وای وت لێی دا ڕۆیشتە دەرەوە. بەڵام جوامێر ئەوەی لێ بزر نەبوو کە لەژێر ڕەنگی سوورهەڵگەڕاوەیەوە تارماییی زەردەخەنەیەکی شیرینی بە ڕووەوە ببینێ لە کاتی لە ژوور چوونە دەرەوەیدا.

دوای ئەو ڕۆژە بە هەفتەیەک هەموو حسابێکی ژنهێنانی جوامێر ڕێک خرا، تەنانەت ڕۆژی گواستنەوەشی، کەوا لەبەر پرسەباریی کاڵێ و دایکی خستیانە زستان.

ئەوسا گەڕانەوە بۆ دێیەکەیان.