باب ١٣

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 7 دقیقه  473 مشاهده

1) دەو ڕۆژەیدا یەسووع لە ماڵێ وەدەر کەوت و لەکن بەحرێ ڕۆنیشت.

2) و خەڵکێکی زۆر لەکن ئەوی خڕ بوونەوە وەها کە ئەو وەژوور گەمێیەکی کەوت و ڕۆنیشت، و هەموو خەڵکەکە لە قەراغی ڕاوەستان.

3) و چتانی زۆر بە مەسەلان دەگەڵ ئەوان قسەی کرد، دەیگوت: «ئەوەتا تۆچێن وەدەر کەوت کە تۆی بچێنێ.»

4) و کە دەیچاند، هێندێک کەوتە سەر ڕێی و تەیڕان هاتن و ئەویان خوارد.

5) و هێندێک کەوتە سەر جێیانی بەرداوی لە کوێ کە گڵی زۆری نەبوو، زوو ڕوا چونکە ئەرزی قوڵی نەبوو.

6) و کە ڕۆژ هەڵات سووتاندی و چونکە ڕەگی نەبوو وشک بوو.

7) و هێندێک کەوتە نێو دڕوان و دڕوان هەڵچوون و ئەویان خنکاند.

8) بەڵا هێندێک کەوتە سەر ئەرزی چاک و بەری هێنا. هێندێک یەک و سەد، هێندێک یەک و شێست و هێندێک یەک و سی.

9) ئەوەی کە گوێی هەیە با ببیێ.

10) و شاگردان هاتن و بە وییان گوت: «لەبەر چی بە مەسەلان دەگەڵ ئەوان قسان دەکەی؟»

11) بەڵا ئەو جوابی دا و کوتی: «چونکە بە ئەنگۆ دراوە کە سڕڕانی پادشایەتی ئاسمان بزانن، بەڵا بە وان نەدراوە.

12) چونکە هەر کەس کە هەیەتی، بە وی دەدرێ و زیاد دەکرێ، بەڵا هەر کەس کە نیەتی ئەوەی کە هەشیەتی لێی دەستێندرێ.

13) لەبەر ئەوەی دەگەڵ ئەوان بە مەسەلان قسان دەکەم، چونکە دەبینن و نابینن، و دەبیێن و نابیێن و نافامن.

14) و لەسەر ئەوان تەواو دەبێ ئەو پێغەمبەریەتی ئەشعیا کە دەڵێ: «بە بیستنی ئەنگۆ دەبیێن و قەت نافامن و بە دیتنی دەبینن و قەت ناناسن.»

15) چونکە دڵی ئەو قەومەی غەلیز بووە و بە گوێیان بە گرانی دەبیێن و چاوانی خۆیان قوچاندووە، نەبا بە چاوان ببینن و بە گوێیان ببیێن و بە دڵ بفامن و وەرگەڕێن و ئەمن ئەوان نەجات بدەم.

16) بەڵا خۆزگە بە چاوانی ئەنگۆ چونکە دەبینن و گوێیانی ئەنگۆ چونکە دەبیێن.

17) چونکە ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: زۆر پێغەمبەران و سادقان حەسرەتیان کێشاوە کە ببینن ئەو چتانەی کە ئەنگۆ دەبینن و نەیاندیوە و کە ببیێن ئەو چتانەی کە ئەنگۆ دەبیێن و نەیانبیستووە.

18) دەنا ئەنگۆ مەسەلی تۆچێنێ ببیێن.

19) هەر وەختێکی کەسێک کەلامی پادشایەتی دەبیێ و نایفامێ شەڕی دێ و ئەوەی کە دە دڵی ویدا چێندراوە، دەڕفێنێ. ئەوەیە ئەوەی کە لەسەر ڕێی چێندرا.

20) و ئەوەی کە لەسەر جێیانی بەرداوی چێندرا ئەوەیە کە کەلامی دەبیێ و جێ بەجێ بە خۆشی ئەوی قەبووڵ دەکا.

21) ئەمما هیچ ڕەگ دە خۆیدا نییە و دەمێکی دەمێنێ بەڵا وەختێکی تەنگانەیێ یان ئەزیەتێ لەبەر ئەو کەلامەی پەیدا دەبێ، جێبەجێ هەڵدەنگوێ.

22) و ئەوەی کە لەنێو دڕوان چێندرا ئەوەیە کە کەلامی دەبیێ و خەمی ئەو دنیایەی و فریوی ماڵ، کەلامی دەخنکێنن و بێ بەر دەبێ.

23) بەڵا ئەوەی کە لەسەر ئەرزی چاک چێندرا ئەوەیە کە کەلامی دەبیێ و دەیفامێ و بەریش دێنێ، هێندێک یەک و سەد و هێندێک یەک و شێست و هێندێک یەک و سی دەکا.»

24) مەسەلێکی دیکەی بۆ وان دەهێنا دەیگوت: «پادشایەتی ئاسمان دەشوبهێ بە پیاوێکی کە تۆی چاکی دە زەویی خۆیدا چاند.

25) بەڵا وەختێکی خەڵکی دە خەودا بوون دوژمنی وی هات و گورگەی لەنێو گەنمی چاند و ڕۆیی.

26) بەڵا وەختێکی گیایە ڕوا و گوڵی کرد ئەو وەختی گورگەش دیار بوون.

27) و خزمەتکارانی ساحیب ماڵی هاتن و بە وییان گوت: «ئەی ئاغا ئەرێ دە زەویی خۆتدا تۆی چاکت نەچاندووە؟ دەنا لە کوێ گورگەی هەیە؟»

28) ئەو بەوانی گوت: «پیاوێکی دوژمن ئەوەی کردووە.» و خزمەتکاران بە وییان گوت: «دەنا دەتەوێ کە بچین و ئەوانە خڕ بکەینەوە؟»

29) بەڵا ئەو کوتی: «نەخێر، نەبا وەختێکی گورگەی خڕ دەکەنەوە گەنمەکەش دەگەڵ ئەوان هەڵبکەنن.

30) لە هەردووکیان گەڕێن کە پێکەوە گەورە ببن هەتا دروێنەی، و دە وەختی دروێنەیدا بە دروێنەکەران دەڵێم: «هەوەڵێ گورگەی خڕ بکەنەوە و ئەوان بە باقە ببەستن بۆ سووتاندنی، بەڵا گەنمی دە ئەمباری مندا خڕ بکەنەوە.»

31) مەسەلێکی دیکەی بۆ وان دەهێنا دەیگوت: «پادشایەتی ئاسمان دەشوبهێ بە دەنکێکی خەردەل کە پیاوێک گرتی و دە زەویی خۆیدا چاندی.

32) کە چکۆلەترە لە هەموو تۆیان، بەڵا وەختێکی گەورە دەبێ، لە هەموو شیناوەردان گەورەترە و دەبێتە دارێکی کە تەیڕانی ئاسمان دێن و دە لکانی ویدا هەڵدەنیشن.»

33) مەسەلێکی دیکەی بە وان گوت: «پادشایەتی ئاسمان دەشوبهێ بە هەویرترشێکی کە ژنێک گرتی و دە سێ کیلەی ئاردیدا شاردیەوە هەتا هەموو ترشا.»

34) یەسووع هەموو ئەوانەی بۆ جەماعەتان بە مەسەلان قسەی کرد، و بێ مەسەل هیچ چتێک دەگەڵ ئەوان قسەی نەکرد.

35) هەتاکوو تەواو ببێ ئەو چتەی کە کوتراوە بە دەستی پێغەمبەر کە دەڵێ: «زاری خۆم بە مەسەلان لێک دەکەمەوە، چتانی شاردراو لە بناغەی دنیایێ بۆ وان قسان دەکەم.»

36) ئەو وەختی جەماعەتانی مەرەخەس کرد، و هاتە ماڵێ و شاگردانی وی هاتنە کن ئەوی دەیانگوت: «ئەو مەسەلەی گورگەی زەوی بۆ مە تەرجەمە بکە.»

37) ئەو جوابی دا و کوتی: «ئەوەی کە تۆی چاک دەچێنێ کوڕی ئینسانە.»

38) و زەوییەکە دنیایە و تۆی چاک منداڵانی پادشایەتین، بەڵا گورگە منداڵانی شەڕین.

39) و ئەو دوژمنەی کە ئەوانی چاند شەیتانە و دروێنە ئاخیری دنیایە و دروێنەکەران مەلایکەتانن.

40) دەنا چلۆنێکی گورگە خڕ دەکرێتەوە و دە ئاوریدا دەسووتێندرێ، هەر وا دە ئاخیری دنیایەدا دەبێ.

41) کوڕی ئینسانی مەلایکەتانی خۆی دەنێرێ و هەموو هەڵئەنگوتووان و ئەوانەی کە بێ شەریعەتی دەکەن لە پادشایەتی وی خڕ دەکەنەوە.

42) و ئەوان دە تەندووری ئاوری داوێژن، لەوێ گریان و چڕاندنی دەدانان دەبێ.

43) ئەو وەختی سادقان دە پادشایەتی بابی خۆیاندا وەکوو ڕۆژ دەتروسکێن. هەر کەس کە گوێی هەیە با ببیێ.

44) پادشایەتی ئاسمان دەشوبهێ بە خەزێنەیەکی کە دە زەوییەکیدا شاردرا بووە، کە پیاوێک پەیدای کرد و شاردیەوە و لە خۆشحاڵی خۆی چوو و هەموو چتی کە هەیبوو فرۆشتی و ئەو زەوییەی کڕی.

45) دیسان پادشایەتی ئاسمان دەشوبهێ بە تاجرێکی کە لە مرواریانی چاکی دەگەڕا.

46) و کە مروارییەکی بە قیمەت پەیدا کرد چوو و هەموو چتی کە هەیبوو فرۆشتی و ئەوی کڕی.

47) دیسان پادشایەتی ئاسمان دەشوبهێ بە تۆڕێکی کە دە بەحرێ هاویشترا و لە هەموو جورێکی خڕ کردەوە.

48) و کە پڕ بوو لەسەر قەراغێ هەڵیانکێشا و ڕۆنیشتن و چاکانیان دە قاپیدا خڕ کردەوە، بەڵا خراپانیان فڕێ داوە دەرێ.

49) هەر واش دەبێ دە ئاخیری دنیایەدا. مەلایکەتان وەدەر دەکەون و خراپان لەنێو سادقان جوێ دەکەنەوە.

50) و ئەوان دە تەندووری ئاوری داوێژن، لەوێ گریان و چڕاندنی دەدانان دەبێ.

51) ئەرێ ئەنگۆ هەموو ئەو چتانە تێ گەیشتوون؟ بە وییان گوت: بەڵێ.

52) و ئەو بە وانی گوت: «لەبەر ئەوەی هەر خوێندەوارێکی کە بۆ پادشایەتی ئاسمان تەعلیم کراوە دەشوبهێ بە ساحیب ماڵێکی کە لە خەزێنەی خۆی چتانی تازە و کۆن دەردێنێ.»

53) و بوو کە وەختێکی یەسووع ئەو مەسەلانەی تەواو کردبوو لە ئەوێ ڕۆیی.

54) و کە هاتە وەتەنی خۆی ئەوانی دە کەنێشتی خۆیاندا تەعلیم دا وەها کە عەجایب مان و کوتیان: «ئەو عەقڵە و ئەو قووەتانەی لە کوێ بووە؟

55) مەگەر ئەوە کوڕی نەججاڕی نییە؟ ئەرێ دایکی وی مریەم بانگ ناکرێ و برایانی وی یەعقوب و یوسف و شەمعوون و یەهوودا؟

56) و خوشکانی وی ئەرێ هەموو لەکن ئەمە نین؟ دەنا ئەو هەموو چتانە لە کوێی بووە؟»

57) و بە وەی هەڵدەنگوتران، بەڵا یەسووع بە وانی گوت: «پێغەمبەرێک بێ قەدر نییە مەگەر دە وەتەن و دە ماڵی خۆیدا.»

58) و زۆر قووەتانی لەوێ نەکرد، لەبەر بێ ئیمانیی وان.