باب ٥

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 6 دقیقه  331 مشاهده

1) و کە جەماعەتانی دی چوو سەر کێوی، و کە ئەو ڕۆنیشتبوو شاگردانی وی هاتنە کنی.

2) و زاری خۆی کردەوە و ئەوانی تەعلیم دەدا دەیگوت؛

3) «خۆزگە بە فەقیران دە ڕوحدا: چونکە پادشایەتی ئاسمان ئی وانە.

4) خۆزگە بە خەمداران، چونکە بەوان دڵخۆشی دەدرێ.

5) خۆزگە بە سەبرداران چونکە ئەوان ئەرزی بە میرات دەگرن.

6) خۆزگە بە برسییان و تینووان بۆ سداقەتی چونکە ئەوان تێر دەبن.

7) خۆزگە بە ڕەحمکەران چونکە بەوان ڕەحم دەکرێ.

8) خۆزگە بە پاکدڵان، چونکە ئەوان خوڵای دەبینن.

9) خۆزگە بە سوڵحکەران، چونکە ئەوان منداڵانی خوڵای بانگ دەکرێن.

10) خۆزگە بە ئەوانەی کە لەبەر سداقەتی ئەزیەت دەکێشن، چونکە پادشایەتی ئاسمان ئی وانە.

11) خۆزگە بە ئەنگۆ وەختێکی جنێو و ئەزیەتوو دەدەن و چتێکی خراپ بە درۆ لەسەر ئەنگۆ دەڵێن بۆ خاتری من.

12) شاد بن و کەیفخۆشی بکەن، چونکە حەقی ئەنگۆ دە ئاسماندا زۆرە، چونکە هەر وا بە پێغەمبەران دە پێش ئەنگۆدا ئەزیەتیان داوە.

13) ئەنگۆ خوێی ئەرزێن، بەڵا ئەگەر خوێ بێتام ببێ بە چی خوێ دەکرێ؟ ئیدی بۆ هیچ چتێک فایدەی نییە بێجگە کە فڕێ بدرێتە دەرێ و لە خەڵکی پاماڵ بکرێ.

14) ئەنگۆ ڕووناکایی دنیایێنە، شارێکی کە لەسەر کێوی داندراوە ناتوانی شاردراوە ببێ.

15) چرایێکی هەڵ ناکەن و لەبن کێلی دابنێن، بەڵا لەسەر پێچرا و بە هەموو ئەوانی کە دە ماڵێدان ڕووناکایی دەدا.

16) هەر وا با ڕووناکایی ئەنگۆ لە پێش خەڵکی ڕووناکایی بدا، هەتاکوو عەمەلانی چاکی ئەنگۆ ببینن و شوکری بابی ئەنگۆ بکەن کە دە ئاسماندایە.

17) فکر مەکەن کە ئەمن هاتووم کە شەریعەت یان پێغەمبەران بەتاڵ بکەم، نەهاتووم کە بەتاڵ بکەم بەڵا کە تەواو بکەم.»

18) چونکە ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: «هەتا ئەرز و ئاسمان ڕاببرن موویێک یان نوختەیێک لە شەریعەت قەت ڕانابرێ هەتا هەموو تەواو ببێ.

19) دەنا هەر کەس کە یەکێک لەو حوکمانەی چکۆلەتر بەتاڵ بکا و خەڵکی وەها تەعلیم بدا، دە پادشایەتی ئاسماندا چکۆلەتر بانگ دەکرێ، بەڵا هەر کەس کە ئەوانی بەجێ بێنی و تەعلیم بدا، ئەو دە پادشایەتی ئاسماندا گەورە بانگ دەکرێ.

20) چونکە بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەگەر سداقەتی ئەنگۆ لە ئی خوێندەواران و ئی فەریسیان زیاتر نەبێ، قەت وەژوور پادشایەتی ئاسمان ناکەون.

21) بیستووتانە کە بە قەدیمییان کوتراوە: قەتڵێ مەکە، و هەر کەس کە قەتڵێ بکا لایقی حوکم دەبی.

22) بەڵا ئەمن بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر کەس کە لە برای خۆی ڕقی هەڵبستێ، لایقی حوکم دەبێ، و هەر کەس کە بە برای خۆی ڕاقا بڵێ لایقی مەجلیسی کەدخودایان دەبێ و هەر کەس کە ئەحمەق بڵێ، لایقی ئاوری جەهەنەمی دەبێ.

23) دەنا ئەگەر قوربانی خۆت بۆ کن مەزبەحێ بێنی و لەوێ وەبیرت بێ کە برات چتێکی لەسەر تۆی هەیە.

24) قوربانی خۆت لەوێ لە پێش مەزبەحی بەجێ بێڵە و بڕۆ هەوەڵ دەگەڵ برای خۆت ئاشت بەوە و ئەو وەختی وەرە و قوربانی خۆت بێنە.

25) دەگەڵ موددەعی خۆت زوو ڕێک بکەوە کە هێشتا دەگەڵ ئەوی دە ڕێدای، نەبا موددەعێکە ئەتۆ بە قازی تەسلیم بکا و قازی بە داروغە و دە بەندیخانەیدا باوێژرێی.

26) ڕاستی بە تۆ دەڵێم: «قەت لە ئەوێ وەدەر ناکەوی هەتا پوڵی ئاخیرت ئەدا نەکردووە.»

27) بیستووتانە کە کوتراوە: «زیناحێ مەکە».

28) بەڵا ئەمن بە ئەنگۆ دەڵێم: «هەر کەس کە تەماشای ژنێکی بکا هەتاکوو تەمای لێ بکا، ئەلان دە دڵی خۆیدا دەگەڵ ئەوی زیناحی کردووە.»

29) و ئەگەر چاوی ڕاستی تۆ هەڵتبنگوێنێ دەرییێنە و لە خۆت فڕێی بدە، چونکە قازانجە بۆ تۆ کە یەکێک لە ئەعزاکانی تۆ هیلاک ببێ و هەموو بەدەنت ناوێژرێتە جەهەنەمێ.

30) و ئەگەر دەستی ڕاستی تۆ هەڵتبنگوێنێ بیبڕە و لە خۆت فڕێی بدە، چونکە قازانجە بۆ تۆ کە یەکێک لە ئەعزاکانی تۆ هیلاک ببێ و هەموو بەدەنت ناوێژرێتە جەهەنەمی.

31) و کوتراوە: «هەر کەس کە ژنی خۆی بەرەڵڵا بکا با تەڵاقنامە بە وی بدا.»

32) بەڵا ئەمن بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر کەس ژنی خۆی بەرەڵڵا بکا بە بێ سەبەبی زیناح، باعیسی زیناحکردنی وی دەبێ، و هەر کەس کە بەرەڵڵاکراوێکی مارە بکا زیناح دەکا.

33) دیسان بیستووتانە کە بە قەدیمییان کوتراوە: «سوێندی درۆ مەخۆ بەڵا سوێندانی خۆت بۆ خوڵای ئەدا بکە.»

34) بەڵا ئەمن بە ئەنگۆ دەڵێم: «قەت سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان چونکە تەختی خوڵایە»

35) و نە بە ئەرزێ چونکە پێڕاخەری پێیانی وییە، و نە بە ئورشەلیمی چونکە شاری پادشای گەورەیە،

36) و بە سەری خۆتیش سوێند مەخۆ چونکە ناتوانی موویەکی سپی یان ڕەش بکەی.

37) بەڵا با قسەی ئەنگۆ «بەڵێ بەڵێ و نە نە» ببێ و ئەوی کە لە ئەوانە زیاترە لە شەڕێیە.

38) بیستووتانە کە کوتراوە: «چاو بۆ چاو و دەدان بۆ دەدان»

39) بەڵا ئەمن بە ئەنگۆ دەڵێم کە زیددی شەڕێ هەڵمەستن بەڵا هەر کەس کە لە ڕوومەتی ڕاستی تۆ دەدا ئەوی دیکەشی بۆ وەرگێڕە؛

40) و هەر کەس کە بیەوێ دەگەڵ ئەتۆ دەعوا بکا و کراست بستێنێ جوببەش بۆ وی بەجێ بێڵە؛

41) و هەر کەس کە ئەتۆ مەجبوور دەکا کە یەک فەرسەق بڕۆی، دوو دەگەڵ ئەوی بڕۆ.

42) بە وەی کە لە تۆ تەڵەب دەکا، بدە، و ئەوەی کە بیەوێ لە تۆ قەرز بستێنێ ڕووی خۆت لێی وەرمەگێڕە.

43) بیستووتانە کە کوتراوە: «جیرانی خۆت بحوببێنی و دوژمنی خۆت ببوغزێنی».

44) بەڵا ئەمن بە ئەنگۆ دەڵێم: «دوژمنانی خۆتان بحوببێنن و بۆ ئەوانەی کە ئەزیەتوو دەدەن دوعای خێر بکەن؛

45) هەتاکوو ببنە منداڵانی بابی خۆتان کە دە ئاسماندایە، چونکە تاوی خۆی لەسەر خراپان و چاکان هەڵدێنێ و باران لەسەر حەقان و ناحەقان دەبارێنێ»

46) چونکە ئەگەر ئەنگۆ ئەوان بحوببێنن کە ئەنگۆ دەحوببێنن، چی حەقوو هەیە؟ ئەرێ ڕادارانیش هەر وا ناکەن؟

47) و ئەگەر تەنیا برایانی خۆتان سڵاوێ بکەن، چی زیاتر دەکەن، ئەرێ بتپەرستانیش هەر وا ناکەن؟

48) دەنا ئەنگۆ کامل بن چلۆنێکی بابی ئاسمانیی ئەنگۆ کاملە.