٢

از کتاب:
ژانی گەل
اثر:
ابراهیم احمد (1914-2000)
 9 دقیقه  1334 مشاهده

جوامێر بەپەلە لە ماڵ هاتە دەرێ، خۆی کرد بە ماڵی مامەڕەشەدا کە هەروا دیوارێکیان بەین بوو. نە پیاوە نە کچەکەی لە ماڵ نەبوون. بەتەنیا ژنی خاوەن ماڵ لەوێ بوو، تکای لێ کرد کە بچێتە لای کاڵێی ژنی کەوا ژان ئەیگرێ تاکوو مامانی بۆ دێنێ چاوی لێوەی بێ، ژنە بە ڕوویەکی خۆشەوە دڵنیای کرد لە چوون و ئاگاداریی کاڵێکردنی.

ئەویش بەلۆقە کۆڵانە تەنگەبەرەکەی خۆیانی بڕی. لە دڵیا پەژارە و خۆشی پێکەوە قوڵپیان ئەدا ئەویان بۆ ژان و ئازاری کاڵێ، ئەمیشیان بۆ ئەو مناڵەی کە ئەیانبێ. بێگومان مەسرەفێکی باشیشم ئەبێ بە تووشەوە!

بەتایبەتی خۆ ئەگەر کوڕ بێ ئەبێ ئاهەنگی بۆ بکا. وای کە خۆ ڕزگارکردن لە دەست بیروباوەڕی کۆن گرانە! هەر ئێستا ئەم گاڵتەی بە ئەقڵی کاڵێ ئەکرد کە کوڕی پێ خۆشترە لە کچ، کەچی وا خۆشی بیر لەوە ئەکاتەوە کە ئەگەر کوڕ بێ ئاهەنگی بۆ ئەکا! ڕەنگە ژن ئەوەندە گلەیی لێ نەکرێ کە حەز بە کوڕ زیاتر بکا لە کچ، چونکە خۆی چێشتوویەتی، ئەزانێ ئافرەت بەتایبەتی لای ئێمە، چەند بەشخوراو و زۆرلێکراو و چەوسێنراوەن. بۆیە هەستیکی ئاسایییە کە پێی خۆش نەبێ کزەی جەرگەکەی لە بەشە زۆرلێکراوە چەوسێنراوەکەی مرۆڤایەتی بێ. بەڵام ئەمی پیاوی خوێندەواری تێگەیشتوو، بۆچی؟ سەرێکی بادا و لەبەر خۆیەوە وتی:

― کەرانەی ئەم ڕەئییە بێجێیەم شەرت بێ ئەگەر کچم ببێ ئاهەنگێکی لە هی کوڕان خۆشتری بۆ بکەم! لەپڕ هەناسەیەکی هەڵکێشا و چاوێکی بۆ یەکەم جار، بە دەوروبەری خۆیا گێڕا. سەری سوڕ ما لە چۆڵیی شەقامەکە، ئەو شەقامەی ئێوارانی تر خەڵک ڕێچکەیان تیا ئەبەست.

سەیرتر لە هەمووش ئەوەبوو کە ئەو خەڵکەی تاک و تەراش تێ ئەپەڕین، لەباتی ئەوەی بەرەو ماڵ ببنەوە هەموو بە گورگەلۆقە ڕووەو بەردەرکی سەرا ئەڕۆیشتن، بە چەشنێ کە ئەم لەگەڵ خێراڕۆیین و پەلەکردنیشیا پێیان نەئەگەیشت. یەکێک دەرکەوت بەرەو ژوور ئەکشا. هەر لە دوورەوە بە سەرە ڕووتاوە و کورتەبنەیی و قەڵەوییەکەیا ناسییەوە. خوا چاکی کات تۆفیقە خڕەی جاسووس بەم درەنگی بانگی شێوانە بۆ کوێ ئەیکوتێ؟

ئاخۆ وەکوو سەگی ڕاو دووی چ نێچیرێکیان خستووە؟ بەڵام کەس دیار نییە تا نێچیر بێ. بێگومان ئەچێ بۆ ئەوەی بە دیار ماڵێکەوە ڕاوەستێ تا نیوەشەو ژەندرمە ئەدەن بە سەریانا. دەی چییەتی بە سەریەوە! سەری بە گۆڕی بابی خۆی و ئاغاشی. ئەوە چییەتی ڕێگاکەی هەر لەبەر ناچێ.

― ئێوارەت باش کاک جوامێر. زوو کە ڕەنگە پیا نەگەی!

― بە چییا نەگەم؟

تۆفیقە خڕە بە زەردەخەنەیەکی ناشیرین دانە خواروخێچ و بە جگەرە زەردهەڵگەڕاوەکانی پیشان دا و بە دەنگێکی بەرز وتی:

― بە پڵاو خواردنا گیانەکەم!

زۆر پێی گران بوو ئەم ئێسکقورسە پیسەی هاتە ڕێ. وەکوو شتێ بە نیشانەیەکی باشی لێک نەدایەوە. بەدبینییەکی سەیر دایگرت! دەنگەدەنگ و گرمەگرم ئەهات لەلای سەراوە. نەختێکی تر پێی هەڵگرت، گرمەی بژی و بڕووخێی هەزاران دەنگی وەک هەرەسی کێوان ئەهاتە گوێ.

بەڕاستی ئەم ژانگرتنەی کاڵێ دەبەنگی کردووە! چۆن بیری نەمابوو کەوا ئەم ئێوارەیە لەبەر دەرکی سەرایە کێ لەو کۆبوونەوە و خۆپیشاندانانە هەیە کە لەژێر سەرکردەتی «پارتی ڕزگاری»دا لە چەند مانگی دواییدا ڕێک ئەخران! بۆ گەیشتنە ماڵی مامانەکە نزیکترین ڕێگا شەقامێ بوو کە بە بەردەرکی سەرادا تێ ئەپەڕی. بەڵام تا نزیکتر ئەبووەوە لەو شەقامە، پەنگاوی خەڵک لە سەری کۆڵانەکانا باشتر تێی ئەگەیاند کە لە وزەی کەسا نییە بتوانێ دڕ بەو عەشامە بدات و بە زوویی و ئاسایی بگاتە ئەو شوێنەی ئەم بۆی ئەچێت. ئیستێکی کرد و چاوێکی بە شەپۆلی خەڵکەکەی بەردەمیا گێڕا. دیی لەو مەیدانە زلەدا خەڵکی وەک نەمام چەقیون، هەر ئەوەندەش ئەجووڵێنەوە کە نەمام بە بای شەماڵ ئەشنێتەوە.

بەهاڕەهاڕی چەپڵە لێدانی خەڵکەکەدا بۆی دەرکەوت کەوا یەکێک قسەیان بۆ ئەکات بێ ئەوەی بزانێ چی ئەڵێت. لەگەڵ ئەوەشا ئەوەندە بە تەنگەوە نەبوو کە گوێی بۆ هەڵخات. زۆری پەلە بوو.

هەتا ئەهات پاڵەپەستۆی خەڵکی لە دەوری پتر ئەبوو، نەختێکی کەی پێ ناچێ ئەویش ئەبێ بە نەمامێ وەکوو ئەوانی تر. بەڵام نەء، نابێ ئەم وای لێ بێ! کاڵێ بە دەم ژانەوە ئەتلێتەوە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەمە، ئای چەند سەیر ئەبێ تا ئەمان ئەگەڕێنەوە کوڕێکی جوانکەڵەی بووبێ! چییە؟

هیچ سەیر نییە! زۆر ژنی کۆچەر هەر بەڕێوە مناڵیان ئەبێ! هەرچی چۆنێ بێ ئەبێ ئەم بچێ بەدووی مامانەکەدا و بە زوویی بگەڕێتەوە ماڵێ.

پاشەوپاش گەڕایەوە هەر چۆنێ بوو بە هەزار حاڵ توانی سەد هەنگاوێک بێتە دواوە و خۆی بگەیەنێتە تەنکاو. شادی و هیوا و بێئارامی وەک پەلکەزێڕینەی لە ئاسمانی دڵیا دیاریان ئەدا، بەڵام چاوترووکانێک زیاتر پێوەی نەمایەوە. بەر لەوەی چەند هەنگاوێ بە سەربەستی هەڵبنێ شریخ و هووڕی شەستیر هەموو گیانی هێنایە لەرزین، نەک هەر لەترسا، زۆرتری لە شپرزەیی و ناچاریدا.

جەستەی کاڵێی هاتەوە بەر چاو چۆن لە ژوورەکەدا گەوز ئەدات، گرنگی فەرمانەکەی و تاریکیی ئەنجامی دواکەوتنی، سەدان ئەوەندە لەلا زلتر و ئاشکراتر بوو. بە هەموو هێزی خۆی کەوتە ڕاکردن بەرەو سەری ئەو کۆڵانەی کە ئەیتوانی بە چەند دەقیقەیەک لێوەی پێچ بکاتەوە بۆ هاتنەوە سەر ئەو شەقامەی ئەچێ بۆ ماڵی مامانەکە لەوایە ئەوێش جمەی بێ!

باشە بۆ نەچێ بەدووی مامانێکی ترا بەڵام کێ ئەناسێ؟ کەی ئێستا کاتی بە شوێن خەڵکا گەڕانە، ئەگەر ناچاری نەبێ؟ دوور نییە بەم ئاخۆران و بخۆرانە باجی پیرۆزیش لەگەڵی نەیەت، کەوا ناسیاوی چەند ساڵەی بنەماڵەی خەزوورانی بووە، بەر لەوەی ڕۆژگار دەربەدەریان کا.

بێگومان هیچ مامانێکی نەناسیاو هەر دەرگاشی بۆ ناقڵیشێنێتەوە لەم ڕۆژەدا.

دەستڕێژی تازەی شەستیر و تفەنگ زنجیرەی بیرکردنەوەیان پساند.

ئەوەندەی نەخایاند هەستی بە ترپەی پێیەکی زۆر کرد لە دوایەوە دێ، کە ئاوڕی دایەوە دی بەشێ لە جەماوەری بڵاوە پێکراوی کۆبوونەوەکە بەدوویا ڕائەکەن، چەند هەنگاوێکیان نەماوە بیگەنێ و لێشی تێپەڕ بن و ئەم تاقە ڕێگایەشی لێ بگیرێ. چاوی بڕییە ئەرزەکە و هەموو گوڕ و هێزی لاوێتی دایە لاقی، بەڵام هەستی ئەکرد خەڵکەکە هەر لێی نزیک ئەبوونەوە. ئەوەندە ترسی لێ نیشتبوو بەچەشنێ ڕای ئەکرد ئەتوت خەڵکەکە بۆ گرتن یا بۆ کوشتنی ئەو دووی کەوتوون. بەڵام بێهوودە بوو بە تیلاییی چاو سەیری کرد، دی وا هەندێک گەیشتنە سەری و خەریکن لێشی تێپەڕ بن. لەپڕ شریخەی شەسترێکی نزیک سڵەماندییەوە پیاوێکیش دەم بە هاوارەوە لە تەنیشتیەوە کەوتە زەوی، نەخێر زامار لە یەک و دوو تێپەڕی کرد، سەری بەرز کردەوە بۆ ئەو شوێنە بگەڕێ کە شەستیرەکەی لێ دامەزرێنرا بوو.

ڕووانی لە پەنجەرەیەکی ژێرخانی کتێبخانەی گشتیدا، کەوا بە چەقی کۆڵانەکەدا ئەیڕوانی سەری ژەندرمەیەک دیارە. بێترس لوولەی شەستیرەکەی بەردەمی بە خەڵکا ئەگێڕێ جاروبار گوللەپژێنێکی شەقامەکە ئەکا، سا کێ بەرکەوت خۆی و بەختی! ژنێک لەولای ئەمەوە پەلی مناڵیکی ڕائەکێشا زریکانی و کەوتە زەوی. شەستیرەکە کپ بوو، کابرای ژەندرمە سەریشی بە سەریا شۆڕ کردبۆوە کەچی نەیئەتەقاند! تۆ بڵێی کوشتنی ژنە بێتاوانەکە و هاواری مناڵەکە شڵەژاندبێتی؟ یا مشتومڕ لەنێوان ویژدان و پەنچەیا دەستی پێ کردبێ، وا دوودڵ دەرئەکەوێ! وای کە نزیکە لێوەی ئێستە دەمانچەیەکی پێ بوایە کاسەی سەری هەڵئەگرت.

نەیزانی ئەم دوژمنایەتییە توند و ڕقە زۆرە کوتوپڕەی لەبەر ئەو زۆردارییە بێئەندازە و ئاشکرایە بوو کە ئەیدی، یا بۆ خۆ ڕزگارکردن بوو لەو مەترسییەی کە هەڕەشەی لە ژیانی خۆی و ئەنجامی فەرمانەکەی ئەکرد!

هەر چۆنێ بێ کاتی لێکۆڵینەوە نەبوو، هەلی دەست لە تەقە ڕاگرتنی ژەندرمەکەی قۆستەوە بەدوو قەڵەمبازی کار ئاسکانە خۆی گەیاندە پاڵ ئەو دیوارەی شەستیری کابرا نەیئەگرتەوە. بەڵام هێشتا ئەم نەیپەڕژابووە سەر ئەوەش کە تەنانەت بە خۆشیی ڕزگار بوون شاد ببێ، دیی ژەندرمەیەکی تر لە پەنا کۆمەڵێ گونیە کە لە سەربانی مزگەوتی بەرامبەر بە کتێبخانەکە ڕیز کرابوو ملەقوتێی بۆ ئەکات، هەروا نزیکەی بیست هەنگاوێ بەو بەریەوەیە. حەپەسا نەیزانی چی بکا. ئەچووەوە ئەوبەری شەقامەکە ئەکەوتە بەر نیشانی ژەندرمەی پەنچەرەی کتێبخانەکە، پاشەوپاش ئەگەڕایەوە لێشاوی خەڵکەکە وا پەنگی خواردبۆوە ماوەی گەڕانەوەی نەمابوو بەترسەوە سەرێکی هەڵبڕی بۆ سەربازەکەی بەرامبەری. دی کابرای ژەندرمە لوولەی تفەنگی ئاراستەی ئەم کردووە!

هەموو لەشی بوو بە چاو و ئەویشی بڕیە تفەنگەکەی کابرا کە مەرگ لە کونی لوولەکەیەوە سەرەتاتکێی لێ ئەکرد نەیدەزانی چی بکا، دانیشێ؟

ڕابکا؟ نەء، ماوەی هیچ نەما، هەر هیچ نەما، هەر هیچ، هەر ئەوەندەی پێ کرا دەستێکی بەرەو لوولەی تفەنگەکە بەرز کردەوە وەکوو ئەوەی بیەوێ لە خۆی لابدا. یا ترس ئەوەندەی لێ نزیک کردبۆوە لای وا بێ دەستی ئەیگاتێ، یا هەر لە شڵەژان و شپرزەییدا بێهۆش وای کرد. تەقەیە هاتە گوێی کپبووی، هەستی گەرمایییەکی کرد لە ئەشکنجیا، لاقی قورس بوو، قورس بوو، ئەوەندە قورس بوو هەرچی گوڕ هەیە دایە خۆی بۆی نەجووڵا. دنیای دەور و پشتی دیار و نادیار، لەناو تەم و مژێکا وەک لوولەی تفەنگێکی یەکجار گەورە هاتە پێش چاوی، کە هەتا ئەهات، بە خێرایی برووسکە پچووک ئەبۆوە، کە ئەو نەما ئەمیش بەتەواوی لە هۆشی خۆی چوو. تەنیا شتێ کە بە مێشکیا تێ پەڕی، شێوەی کاڵێ و تاقە داخێ کە لە دڵی دەرنەچوو تاسەی پێگەیشتنەوەی بوو.