کورتەی ژیانی شاعیر

ئامادەکار: ڕەسووڵ ڕەش ئەحمەدی
از کتاب:
دیاریی مەهاباد
اثر:
ڕەسووڵ ڕەش ئەحمەدی
 11 دقیقه  987 مشاهده

پرسیار: مامۆستای بەڕێز ماوەیەکی زۆرە خەریکی کۆکردنەوەیی شێعرەکانین وا باشە بۆ شارەزایی خوێنەرانی بەڕێز ئەوەی لە بارەی خۆتدا وەبیرت دێ بە کورتی بۆمانی بڵێی.

وەڵام: وەڵڵاهی ڕەسووڵ گیان، ئەوەندەی لە بیرم بێ ژیانم هەر چارەڕەشی و بەدبەختی بووە. بنووسە: خەم، چاولەدەستی، هەژاری کەنەفتی، چارەڕەشی، ماڵ بەکۆڵی، بەڵام بەپێچەوانەی هەموو ئەوانە، هیواداری بۆ دواڕۆژێکی ڕووناک.

نێوم غەفوور کوڕی دەروێش عەبدوڵڵا، لە ساڵی ١٣٤٦ی کۆچی - مانگی بەرامبەر بە ١٣٠٦ی هەتاوی لە شاری سەقز لە دایک بووم. دوای ساڵ و نیوێک باوکم ماڵی چووە بۆ بانە و لەوێ خەریکی کەسپی دەباغچێتی بووە. ئا لەو کاتەدا بۆ چەرم کڕین هاتووە بۆ مەهاباد. سەفەری ئەو دەمی بە کاروان و زۆریان پێچووە، ڕێگاوبانیش وەک ئێستا نەبووە. لەو ماوەیەدا کە بابم دە سەفەرێدا بووە، ئازاری خروێکە واتە ئاوڵە لە بانە پەیدا بووە، منیش لەبەر ئەوەی کەس نەبووە بمکوتێ، تووشی ئەو ئازارە بووم. هەر چۆنێ بووە ئەو هەواڵەیان بە باوکم داوە، ئەو زەمان حەکیمێکی عرووسان لە مەهابادێ بووە گوایە دەرمانێکی بووە گەیاندبایە هەر چاوێک، لە کوێر بوون ڕزگار دەبوو، مسقاڵی ئەو دەرمانە بە لیرەیەک و لیرەش ئەو کات بیست و هەشت قڕان بووە. باوکیشم بە پەلە مسقاڵێک لەو دەرمانە دەکڕێ و بە کاروان دا دەینێرێتەوە، بەڵام ئەو پیاوەی دەرمانەکەی منی پێ بوو، لە سەقزی گیروگرفتێکی بۆ دێتە پێش و نۆ ڕۆژان لەوێ ماتڵ دەبێ. داخی داخانم وەختایەکی دەگاتە کەلی خان کە من بیناییم لە دەست داوە، ئەو چاوانەی هیوای دواڕۆژی من بوون و بەهۆی ئەو چاوانەوە دەمتوانی ژیانێکی باشم بایە، ژیانێک دوور لە کەنەفتی و لارەملی و چاولەدەستی. وەکوو ئەو خەڵکە ئەمنیش بە کاسبی و ڕەنجی شان دەمتوانی بژیم و منەت لە کەس هەڵنەگرم، بەڵام بەداخەوە بەپێچەوانەی ویستی من، لەگەڵ ژیانێکی پڕ ئاخ و داخ و تەنگ و چەڵەمە و خۆزگە و بریا و دەستتەنگی و لارەملی و مەمنوونی ئەم و ئەو مەمنوونی ئەم و ئەو زۆر شتی تر ڕووبەڕوو بووم.

کاتێ ئەو دەرمانە گەیشتەوە بانە، زۆر کەس لە هاوتەمەنەکانی من بەو ئازارە گرفتار ببوون فریایان کەوت، زۆریشیان چاوێکیان لەدەست دابوو، چاوێکیان بۆ مابوو.

بۆ خۆم وەبیرم نایە، بۆیان دەگێڕامەوە دوای لەدەست دانی چاوەکانم، یانی ئەو چاو لەدەست چوونە شوێنێکی خراپی لە سەر مێشک و ڕووحم دانا بوو، تا ماوەیەک ڕوو بەشێتی چووبووم، شەوانە هەڵئەسام ڕامدەکردە دەرێی شاری، زۆر جار لە چاڵاو و قوڵکە دەکەوتم یان لە بان ڕا دەکەوتمە خوارێ. ناچار شەوانە باوکم یا دایکم بە پشتێن لە خۆیان دەبەستم، ئەو جار ئەگەر هەڵستابام، وەخەبەر دەهاتن. گوایە ماوەی دوو ساڵ ئەمن ئاوا بووم. بە کورتی لە تەمەنی حەوت ساڵیدا باوکم نامیە بەر قوڕئان خوێندن و لای پیاوێک بە ناوی میرزا حەمە کەریمی مەخرونی کە ئەویش کوڕێکی وەک منی بوو، دوو - سێیەکی دی لە لای ئەو پیاوە دەمانخوێد. زۆر ڕۆژی وا هەبوو پێکەوە دەسمان دەگرت و دەهاتین بێینەوە ماڵێ، هەموومان یان لە بانی ڕا دەکەوتینە خوارێ یان لە چاڵێ دەکەوتین، دەنا شتێمان بەسەر هەر دەهات. ناچار لە چوون و هاتنەوەدا یەکێکیان بۆ تەرخان کردبووین دەیبردینە لای مامۆستا و لە پاشان دەیهێناینەوە.

باوکم تا بڵێی خۆشی دەویستم، زۆر جاران پێم دەکوت پێم خۆشە لەگەڵ حافزانی تر بمنێریە سولەیمانی، لەوێ دەخوێنم. لە جوابمدا هەموو جارێ دەیکوت: شتی وا نابێ، بێ تۆ هەڵناکەم.

بە داخەوە ئەو خۆشەویستییەی باوکم بە قازانجی من تەواو نەبوو. چونکی باوکم نەیهێشت هەر لە مناڵیەوە تاڵ و سوێری بچێژم و باشتر لە مەیدانی ئیمتیحانی ژیان دەرچم. هەستم بە ڕۆژڕەشی و بوون و نەبوونی نەدەکرد، بەیانی کە نانیان بۆ دادەنام، دەمکوت: نایخۆم تا پێم نەڵێن بۆ نەهار چیمان هەیە؟ نەهاریش دەبوو بزانم بۆ شام چیمان دەبێ. باوکم منی وا بار هێنابوو، پێم وابو ژیان هەتاهەتایە ئاوا ئەمێنێ.

تا ساڵی هەزار و سێسەد و بیستی هەتاوی نیوەی قورئانم بە باشی خوێند. هەر لەو کاتەدا دەور و دوکانی ڕەزاشا تێکچوو، حەمەڕەشیدخان هێرشی هێنا بۆ بانە. دەور بوو بە دەوری عەشیرە و بەگزادە، هەرکەس بەیانی زوو لە خەو هەستابایە، ئەو ڕۆژە حوکمەت بەدەست ئەو دەبوو.

باوکم و شەریکەکەی لێ بڕان لە بانە کۆچ بکەن، ماڵیان بار کرد و لە بانە ڕۆیشتن. حاجی بابای شەریکی باوکم لە بۆکان گیرساوە و باوکیشم چوونکی دوو برای تری لە سابڵاغ بوون، ئەویش هات و لە سابڵاغ (مەهاباد) نیشتەجێ بوو.

لە سابڵاغیش باوکم بردمێ مزگەوتی حاجی ئەحمەدی و سەرلەنوێ لە لای مەلایەکی حافز کە ئەو کات لەو مزگەوتیدا بانگی ئەدا بەنێوی مامۆستا مەلا حەمەدی حاجی بایزی، لەبەر خوێندنی نامەوە، ئەو نیوەی لە بانەش خوێند بووم، سەرلەنوێ دووپاتم کردەوە. بە کورتی لە ماوەی هەشت ساڵاندا قورئانم تەواو کرد.

لە ساڵی ١٣٣٠ڕا زۆرتر خۆمدا بە شێعر لەبەرکردن و ڕەوانکردنی شیعری شاعیرانی کورد و فارس. کەیفم لە هیچی دی نەبوو، بەڵام باوکم ناچاری دەکردم کە هەر دەبێ بخوێنی، تەفسیری قورئان و شەڕع و عیلم و... منیش هیچ وازم لە خوێندن نەبوو. هەر چۆنێک بوو هێندێکم خوێند. لە لای مەلا حوسێنی مەجدی، هێندێکم عەرووز و قافیە و لە لای حاجی مەلا خالیدی وەحیدی دەربەندی، هێندێکم شەرع و لە لای قازی محەممەدی خزری لە شنۆیە، هێندێک شەڕع و عەقایدم خوێند.

زۆرتری ماوەی ژینم لەگەڵ فەقێیان ڕابوارد و لە هاتوچۆی حوجرەکان و لە هامووشۆیاندا زۆر شتیان لێ فێر بووم. وردە وردە خۆمدا بە شێعر کوتن و زۆر جار شێعرەکانم لە بابەت شۆخی و هەجو و ئەوانەوە بووە. دوای ماوەیەک هەر لە لای فەقێیان، گوڵستان و دیباچەی یۆسف و زوڵەیخام خوێندن. هەر لەو کاتیشدا کە زۆر خۆم دابوو بەسەر شێعر کوتندا، پێم خۆش بوو شێعری شاعیران تەخمیس کەم، بەڵام چۆنیەتی ژیانم، شوێنێکی قوڵیان لەسەر شێعرەکانم دانابوو، بە چەشنێ کە زۆربەی شێعرەکانم تاریف و زەمی خەڵکی بوو. زۆر جاران پێیان دەکوتم ئەو شێعرانە کۆ بکەمەوە باشە، با بەخۆڕایی نەچن. دەمکوت شێعری من پایە و مایەیەکی وایان نییە بەکاری دواڕۆژ بێن و بیاننووسمەوە.

لە ساڵی ١٣٣٥ لە شێوەی تاریف و زەمی خەڵکی لامدا و هێندێکم شتی تازە کوتن، وەک کیژی سابڵاغی و خەیاڵی خاو و بەهاری فارسی. یەکەمین شیعری فارسی، ساقی نامەیەک بوو هی شێخ عەبدوڵڵای تاڵەبانی کە تەخمیسم کرد. بەداخەوە نوسخەی ئەوم لە لای فەقێیان لێ ون بوو.

لە ساڵی ٥٦ و ٥٧ی میلادی، ئێزگەیەکی کوردی لە قاهیرا دەست بەکار بوو؛ ڕۆژانە نیو سەعات بەرنامەی بڵاو دەکردەوە. زۆر هۆگری ئەو بەرنامەیە بووم و هەموو جارێ بە بیستنی ئەو بەرنامەیە هەست و مێشکم دەبووژانەوە.

لە ساڵی ٥٨ی میلادی کە شۆڕشی چاردەی تەمووزی عێراق دەستی پێ کرد، بە تەواوی هەستی من لە بارەی شیعرەوە گۆڕا.

لە ساڵی ٥٠ڕا بەهۆی تێکۆشانی برایەکی خۆشەویست فێری خەتی بڕایل بووم، وردە وردە دەستم بە خوێندن کرد تا وەکوو گەیشتە ئەوەی لە تاقیکاری شەشەمی سەرەتاییدا بەشداریم کرد. مەبەستی من، زۆرتر فێربوونی خەتی نابینایان بوو. ئەو خەتە لە ١٢٠ ساڵ لەمەوبەرەوە لە فەڕانسە ئیختڕاع بووە و لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی هاتۆتە ئێران و لە دوای هەموو دەوڵەتەکانی دی بەکار هێنراوە. جا لەمەودوا هەرچی دەمکوت، بەو خەتە دەمنووسیەوە یان لەسەر شریت تۆمارم دەکرد.

ساڵی ١٣٤٤ی هەتاویدا لێبڕام پەندی پێشینیان کۆکەمەوە و بیانهۆنمەوە و لە سەر ئەو لێبڕانە زۆرم زەحمەت کێشا. دەمناردە دێهات پەندیان بۆ کۆ دەکردمەوە، ئەمنیش دەم هۆندنەوە، فەقێیەکانیش بۆیان دەنوسیمەوە. بەڵام داخی گرانم چەتەکانی ساواک ڕۆژێکی هێرشیان هێنا بۆ ماڵەکەم ئەو پەندانە و هێندێک لە دیوانی شاعیرانی دیم لە ماڵێ بوو لەگەڵ خۆیان برد، زۆرم هەوڵ دا وەگیرم کەونەوە، بۆم نەگونجاو زەحمەت بەخەساچووم. هاوارم بۆ ئیمام جومعەی ئەو کات برد تا بەڵکوو هەوڵم بۆ بداو شیعر و کتێبەکانم بۆ وەرگرێتەوە. لە وەڵام دا کوتی: «تازە لێیان گەڕێ و وەدوویان مەکەوە ئەگەر بە قسەی منیش دەکەی واز لە شیعری کوردی بێنە.» ئەو قسە ناخۆشترین قسەیەک بوو تا ئەو کات بیستبووم، وەک خوێ بە برینانم داکرابێ، بۆ ماوەیەکی ناهومێد و کاس ببووم. لە ئاخری ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لێبڕام هەرچۆنێکی بێ، وەبیر خۆمیان بێنمەوە. دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر، ئەوەندەی ئێستا لەو دیوانەدا هەن، وەبیر خۆم هێناوەتەوە و کۆم کردوونەوە. بەڕاستی لەسەر ئەو شێعرانە کوێرەوەری زۆرم کێشاوە. ئەو کات کە بە هیممەت تۆی دڵسۆز نووسیبوومنەوە، لێم ببوونە بەڵا و هەر ڕۆژەی لە قۆژبنێکیدا لە ترسی ساواکی دەمشاردنەوە، تەنانەت ساڵێک ناردمنە سەردەشت، تاکوو ڕاپەڕینی گەورەی ئێران دەستی پێ کرد، وردە وردە هێنامنەوە لای خۆم و ئەوەندەی توانیم، بە شریت لە ئیختیاری خەڵکم نان.

پاش بیست ساڵ ژیان لە شاری سابڵاغ، بەهۆی گیر و گرفتی ژیان، باوکم ناچار بوو بەرەو بانە بگەڕێتەوە. باوکم بەرەو بانە گەڕاوە و منیش تەنیا لێرە مامەوە، پەردەی تاڵی ژیانم لێرەدا تاریک و لێڵتر بوو، ناخافڵ لێم قەوما و لە باوکم هەڵبڕام. بە داخەوە لە وڵاتی مەماناندا ئینسانی کوێر، مەحکوومە بە سواڵ کردن ژیانی بەرێتە سەر. بەڵام ئەمن دوو مانگ بە سیغار و بڵیتی بەختئازمایی فرۆشتن ڕام بوارد. بەڵام داخی گرانم، ئەوی هەشم بوو بە دەستمەوە نەما، چونکی ئیوا هەبوو بڵیتی کۆنێ دەدامێ و بە تازە لێیی دەگۆڕیمەوە.

هیچ چارم نەمابوو، لەگەڵ تاقمێکی دی لە حافزان چوومە دەرەوە بۆ گەڕان. جاری ئەوەڵم بوو، زۆرم لەبەر گران بوو دەست پانکەمەوە و داوای خێر و ئیحسان بکەم. هەر لەبەر ئەوەی ئەوانەی لە گەڵم بوون بۆیان داوا دەکردم.

ناخۆشترین دەورانی ژیانم دەستی پێ کرد، هەر شەوەی لە دێیەک و لە مزگەوتە کۆنێک دەماینەوە، بە خراپترین جاجم و لێفەی کۆن و پیس دەنووستین، تا حەوتوومان لێ تێوەردەسووڕاوە لەبەر چڵک و ڕشک و ئەسپێیان ئۆقرەمان لێ دەبڕا، دەردی چاوساغیش سەڕەڕای هەموو دەردان بوو، لەگەڵمان لێک نەدەکەوتن، ئەوەی پەیدامان دەکرد دەبوو لەگەڵمان نیوە کردبان. ئەوەندەی پەیداش کرابوو بە کەیفی خۆیان بوو. ئەوەی لە ماوەی بیست شەو یان مانگێک گەڕان و سووڕانەوەدا دەمان هێناوە، حەوتوویەک ژیانی ئێمەی دابین نەدەکرد، دەبوو سەرلەنوێ بڕۆینەوە دەرێ.

هەرگیز لە بیرم ناچێ جارێکی لە حافزەکان هەڵبڕا بووم و بێ چاوساغ بە ماشێنی لە شنۆیە ڕا هاتمەوە نەغەدەی، بە تەنیا لە ناو بازاڕی نەغەدەدا دەخولامەوە، ئێوارەیەکی درەنگ و کاتی دووکان داخستن بوو، سەرم لێ شێوا بوو، نەمدەزانی ڕوو لە کوێ کەم. لەپڕ تووشی ئاشنایەکی لەمێژینەم بووم. ئەو کات ڕەئیسی دادگای نەغەدە بوو لەنێو فەقێیان لەگەڵی ئاشنا ببووم. زۆر بەگەرمی چاکوچۆنی لەگەڵ کردم و زۆری پێ سەیر بوو منی لەو حاڵەدا دی. پرسی: بە تەنێ هاتوویە ئێرە و چ دەکەی؟ ئارەقەی شەرمم لە ڕووی نیشت. نەمئەزانی چی جواب دەمەوە. بڵێم لە سواڵ کردنێ بووم؟ نا، نا، هەرگیز! چونکێ ڕۆژێک ئەو، منی بە جۆرێکی دی دیبوو. جوابم داوە: سەرێکی شنۆیەم دا، نەختێکم کار هەبوو. بەڵام دەم و چاوی سووتاو و ڕەنگی ڕەش هەڵگەڕاو و چڵکنی بەرگ و لەش و گۆنای تێکقوپاوم زۆر چاک نیشانی ئەدا لە کوێ بووم و لە چی گەڕاوم. تێگەیشت ئەگەر زیاترم لێ بکۆڵێتەوە بە خۆمدا دەشکێمەوە. دەستی گرتم و بردمێوە میوانخانەیەک و پێی کوت: ئەم مامۆستایە ئەو شەو میوانی منە و دەبێ نان و جێوبانی خۆشی بێ، خەرجەکەشی لە باڵای من، بەیانیش ماشێنی بۆ بگرە و بینێرەوە سابڵاغێ. کاتێ گەیشتمەوە ماڵێ ئەوەندە بە خۆمدا شکابوومەوە، دوو ڕۆژان نانم پێنەخورا، قەسیدەیەکی دوور و درێژم لە مەڕ چلۆنایەتی ژیانم هۆنیەوە و بۆ ئەو دۆستەم نارد. لەم قەسیدەیەدا چۆنیەتی ژیانی خۆم بۆ ڕوون کردبۆوە و سپاسی خۆم دەربڕیبوو لەو هەموو ڕێزەی ئەوێ شەوێ لێمی گرت.

بەڕاستی هەرچی لەبارەی دێوەزمەی ژیانمەوە بڵێم هەر کەمە، تەنیا دڵخۆشیم بەوەیە نووسراوەکانم دەگەنە دەستی خەڵک و بە ئاواتی دێرینەم دەگەم.