ستایش بۆ یەزدانی مەزن

از کتاب:
دیاریی مەهاباد
اثر:
ملا غفور دباغی (1927-1990)
 5 دقیقه  1213 مشاهده
حەمد بۆ خوای بەرز و بێ هاوتا
خالقی مەخلووق بێباک و تەنیا
ڕاگری زەوی و حەوت ئاسمانە
بەری لە وەهم و شک و گومانە
بە قودرەتی خۆی لە یەک قەترە ئاو
جوانترین بەشەر دێنێتە بەرچاو
ڕۆزی ئەو دەخۆن گەلی گیانلەبەر
هەر بەدەس ئەوە قازانج و زەرەر
هەرچی ئەو بیدا نابڕێتەوە
هەرچی ئەو بیبا ناگەرێتەوە
بە یەکێ ئەدا ماڵی زۆر و گەنج
بە یەکێ ئەدا موشەققەت و ڕەنج
یەک بەخێو ئەکا بە ناز و نیعمەت
یەکێ دەخاتە ژێر باری زەحمەت
یەکێ تێر دەکا لە گۆشت و پڵاو
یەکێ کوێر دەکا بۆ چۆڕێ شۆرباو
یەکێ گەڕانی بە کادیلاکە
یەکێ بە پێیان ماندوو و هیلاکە
یەکێ خاوەنی پێژۆ و پەیکانە
یەکێ لارەمل؛ لە قوون دەرکانە
یەک بە دەستی پڕ بۆ ماڵ دێتەوە
یەکێ بەبێ شێو سەر دەنێتەوە
یەکێ بێ حەدد و حیسابە ماڵی
یەک بەخێو دەبێ بە نانی سواڵی
یەکێ دەباتە نێو ئاپارتومان
یەکێ دەڕزێنێ لە کونجی زیندان
یەکێ ئارەقەی نایەتە نێوچاو
یەکێ دەبرژێ لەبەر سوورەتاو
یەکێ خاوەنی سەروەت و ماڵە
یەکێ تا مردن ڕووت و ڕەجاڵە
بە یەکێک ئەدا دینار بە خەڵوار
یەکێ سەگ و نان دەکا قەرزدار
یەکێ نان لە دەم سەگ دەڕفێنێ
یەک هەزار هەزار پوڵ دەدۆڕێنێ
یەکێ سوبحانەی هەنگوین و ڕۆنە
یەکێ سێ ژەمەی شیرێژی کۆنە
یەکێ ڕادەخا فەڕش لە بەر پێ
یەک لە سەر حەسیر گیانی دەردەچێ
یەک قەند و چایی زۆرترە لە کا
یەکێ بە کیلۆ قەند قەرز دەکا
یەکێ بەدەنی وەک گرێ دارە
یەکێ دوازدە مانگ لەشی بێمارە
یەکێ منداڵی زۆر و بێ خێرە
یەکێ تا دەمرێ هەر وەجاغ کوێرە
یەکێ لە باخەڵ ناسک و نازدارە
یەک هاورێ لەگەڵ ورچی نێو غارە
یەکێ پەریڕوو دێتە باوەشی
یەک دێڵەدێوێک بۆتە هاوبەشی
یەکێ دەکاتە گەورەی خاس و عام
یەکێ دەنوێنی لە توونی حەمام
بە یەکێ ئەدا عەقڵی ئەفلاتوون
یەکێ دەکاتە واریسی مەجنوون
یەکێ دەکاتە قوتبی ڕەببانی
یەکێ دەکوژێ بە بێ ئیمانی
یەکێ زانایە ژیانی تاڵە
یەک گەوج و نەزان بە ماڵوحاڵە
یەکێ دانیشتووی کۆشک و تەلارە
یەک بە ئەرمەنی و جووش قەرزدارە
یەک پووڵ و پارەی بە سوود دەگەڕێ
یەک سەری مانگێ ڕەنگی دەپەڕێ
یەکێ نەهاری قەل و مریشکە
یەکێ دۆی ترش یا نانی ویشکە
یەک هەموو ساڵێ دەچێ بۆ حەجێ
یەکێ بەربینگی دەگرێ پوورخەجێ
یەک پووڵی زۆرە ژنی دەدەنێ
یەک ماوەی ژینی دەنوێ بە تەنێ
یەکێ ڕۆژ و شەو مەست و سەرخۆشە
یەک لە سوێی گۆشت و چەوری نەخۆشە
یەکێ مەکینە بەرگی دەشۆرێ
یەک لە دەستەنگی ژنی دەتۆرێ
یەکێ حیسابی ڕەد بوو لە میلیارد
یەکێ شک نابا لە ماڵ پووتێ ئارد
یەکێ شیکترین جل لەبەریایە
یەک لە تەندوور خەی بۆسۆی لێنایە
یەک کۆشک و سەرای لێ بەجێماوە
یەک شارەداری لە قەبری ناوە
یەک گرانترین پارچەی دادڕی
یەک توورەکەی سواڵ ئەستۆی دابڕی
یەک بەدەست و دڵ، یەکێ چرووکە
یەک ئێسک گران، یەک ڕەزاسووکە
یەک کۆنەپۆشە، یەک خۆفرۆشە
یەکێ بۆ وەتەن دڵی لەجۆشە
یەک خوێنی دەڕژێ لە ڕێی نیشتمان
یەک ژێر پێ دەنێ مافی کوردزمان
یەک ماوەی تەمەن ژیا بە باشی
یەکێ نێوبانگی ڕۆیی بە جاشی
یەکێ بەختەوەر؛ یەک ڕۆژی ڕەشە
یەک شادە؛ یەکێ تووشی قەرقەشە
یەک بێ دەسەڵات ئەداتە بەر شەق
یەک بە ڕێگادا دەڕوا لەسەر شەق
یەکێ دەم لەسەر خاڵی گۆنایە
یەک وەختە بۆ ماچ کوێرایی دایە
یەکێ دەست لە مل یاری چاوبازە
یەک چاوی خێل بوو لەبەر دەروازە
یەک نانی وشک نانێتە دەمی
یەکێ ئاو بە زۆر ناچێتە دەمی
یەکێ بە مەردی دەژی هەمیشە
یەکێ نامەردی کردوە بە پیشە
یەکێ ناڵەی دێ لە بێ عەولادی
یەکێ زاڵەی دێ لە دەس عەولادی
یەک لەبەر کوڕان دەحەسێتەوە
یەک بە دەس کوڕان دەچەوسێتەوە
یەک بەسەر دایک و باب دەکێشێ باڵ
یەکێ دایک و باب دەردەکا لە ماڵ
یەک پارچەی نایاب دەکا بە بەرگی
یەک لەبەر ڕووتی دەخوازێ مەرگی
یەکێ ژیانی بەسوود و کەڵکە
یەکێ تا دەژی سەرباری خەڵکە
یەکێ خاوەنی سەروەت و ماڵە
یەکێ مناڵی ڕووت و ڕەجاڵە
یەک ماڵی پڕە لە نەفت و گازۆڵ
یەک هەڵدەلەرزێ لە بەر سەرماوسۆڵ
یەک ویلای هەیە لە قەراغ دەریا
یەکێ خانووی کۆن ڕووخا بەسەریا
یەک سووڕانەوەی بە تۆیۆتایە
یەک ماندوو و مردوو هەتاهەتایە
یەکێ ڕووخۆش و بە گفت و لفتە
یەکێ مڕومۆچ، ڕووتاڵ و تفتە
یەکێ حەز دەکەی داییم بیدوێنی
یەکێ لە کەکرە تاڵترە خوێنی
بە یەکێک ئەدا چەند دەستە خانوو
یەک دادەمێنی بۆ کرێ خانوو
یەک مەستی بادەی عیشق و ئەوینە
یەکێ گیرۆدەی بەندی ئێوینە
یەکێ خۆی بە کوشت دەدا بۆ پارە
یەک ماڵی دەڕمێ بە هۆی خومپارە
یەک گەرەکیەتی ژینی سەربەستی
یەکێ حەز دەکا بژی بە پەستی
یەک عەیش دەکا لە باڵەخانە
یەکێ دەردەکەن لە خانە و لانە
یەکێ بەکەیف و بەرزەدەماخە
یەک ماوەی تەمەن بە ئاخ و داخە
یەکێ هاودەمی گوڵ و نەسرینە
یەکێ دڵ بەکوڵ، چاو بە ئەسرینە
یەک لاو دەکوژێ بە سیلەی چاوان
یەک پیاو دەکوژێ بێ سووچ و تاوان
یەکێ بە بەرزی ڕۆییوە ناوی
یەک چوو بە بەریا بەرگی بەدناوی
یەک لەناو خەڵکا بە قەدر و ڕێزە
یەک لەبەر چاوان ناحەز و دێزە
یەک قوربان قوربان ئەکەونە شۆنی
یەک ماڵی بڕمێ پێی ناڵێن چۆنی
خۆی لە هەموو کەس باشتر ئەزانێ
مەرد ئەچێتە لای نامەرد بۆ نانێ
خوا نەکا هەرگیز بێژن: خوایە!
بۆ وات کردووە و لەبەرچی وایە؟