تەواوکردن

از کتاب:
دەستووری زمانی کوردی
اثر:
توفیق وهبی (1891-1984)
 10 دقیقه  733 مشاهده

کەلیمەی تەواوکراو

72

بەکەڵکهێنانی هەندێ لە پارچەکانی قسە بەپێی پێویستەوە لە جوملەدا بۆ مەعیەنکردن و بڕینەوەی سنووری مەعنای هەندێکی تریان پێی ئەڵێن تەواوکردن.

73

ئەو پارچانەی مەعنای پارچەکانی تریان تەواو کردووە پێیان ئەڵێن تەواوکەر و ئەو پارچانانەی معنایان تەواو کراوە پێیان ئەڵێن تەواوکراو.

74

وەکو لە §51دا وتوبوویان ئەساسی جوملە باسلێکراو و باسە؛ یەعنی ناو و فیعلە، کەلیمەکانی تر بۆ تەواوکردنی مەعنای ئەمانە ئەچنە جوملەوە.

تەواوکرانی ناو و بۆناو

75

تەواوکەری ناو یان بۆناو ئەمانەن:

ناو، سفەت، بۆناو؛ وەکو،

دەرگای باخ. دەرگای سەوز. ئەم دەرگایە.

لە وێنەی یەکەما تەواوکەری ناوی «دەرگا» ناوە، لە هی دووەما تەواوکەرەکەی سفەتە، لە سێیەما دیسانەوە سفەتە. وەزیفەی هەرسێکیان تەعیینکردن و بڕینەوەی سنووری مەعنای دەرگاکەیە، چونکە هەر بمانوتایە «دەرگا» مەعناکەی زۆر ناتەواو و زۆر بڵاو ئەبوو، هەموو دەرگای دنیامان بە عەقڵا ئەهات. بەڵام بە هێنانی ئەمانە لە «دەرگای باخ» لە «دەرگای سەوز» و لە «ئەم دەرگایە» پتر هیچ نەوعە دەرگایێکمان بە بیرا نایێت. لە وێنەکانی

دەرگای ئێوە. ئەوەی من ... دا.

بۆناوی «ئێوە» تەواکەری «دەرگا»یە و بۆناوی «من» تەواکەری بۆناوی «ئەوە»یە.

76

تەواوکەرەکانی ناو یان بۆناو بە یاریەی ئەداتی تەواویی «ی» یان یەکێ لە لێکدراوەکانییەوە کە وەکو: «ی سەر، ی ناو ...هتد.»ن کاری خۆیان ئەبینن؛ وەکو،

گوڵی سوور. گوڵی ناو باخ. ئەوەی سەر مێزەکە.

بەڵام هەندێ لە سفەتەکان بەبێ ئەداتی «ی» ناو تەواو ئەکەن، ئەمانە لە جێگەی خۆیانا باسیان ئەکەین.

77

تەواوکەری باسی ناتەواو §67 تەواوکەری باسلێکراوەکەشیەتی. لەبەر ئەمە باسی ناتەواو باسی لێکدەریشی پێ ئەڵێن؛ وەکو،

پاوانەکە زێڕە. پیرۆز نەخۆش بوو.

لەم دوو جوملەیەدا هەرچەندە ناوی «زێڕ» و سفەتی «نەخۆش» تەواوکەری باسی ناتەواون، تەواوکەری باسلێکراوەکانیشیانن؛ بە یاریەی فیعلی «ە، بوو»ەوە باسلێکراوەکانیان تەواو کردووە.

تەواوکرانی فیعل

78

تەواوکەری فیعل ناو، بۆناو، زەرف ئەبێ؛ وەکو،

تۆ کاغەزێکت نارد. تۆ کاغەزێکت بە پۆستەدا نارد. مناڵەکە لە هەیوان نوست. ئەم مناڵە زۆر نوست.

لە وێنەی یەکەما ناوی «کاغەز» فیعلی «ناردت»ی تەواو کردووە، چونکە ئەم ناوەمان نەوتایە نەمانئەزانی چی نێرراوە. ئەم چەشنە تەواوکەرانە پێیان ئەڵێن تەواوکەری سەربەخۆ، لەبەر ئەمە کە بێ ئەداتی تەواوی کاری خۆیان ئەبینن.

لە وێنەی دووەما بێجگە لە تەواوکەری «کاغەزێک» ناوی «پۆستە»ش هەیە کە ئەمیش تەواوکەری فیعلی «ناردت»ە. چونکە بە هاتنی ئەمە دیار بووە کە فیعلی «ناردت» بە چ واستەیێکا کراوە. بەڵام ئەم تەواوکەرە وەکو ئەوی تر ڕاستەوخۆ مەعنای فیعلەکەی تەواو نەکردووە؛ بە یاریەی ئەداتی تەواویی «بە ... دا»وە کاری خۆی کردووە. ئەم جۆرە تەواوکەرانەش پێیان ئەڵێن تەواوکەری بە یاریە.

لە وێنەی سێیەما «هەیوان» فیعلی «نوست»ی تەواو کردووە، وە چونکە کاری خۆی بە یاریەی ئەداتی تەواویی «لە»وە بینیوە ئەمیش تەواوکەری بە یاریەیە.

لە وێنەی چوارەما زەرفی «زۆر» مەعنای فیعلی «نوست»ی تەواو کردووە. ئەگەر ئەم کەلیمەیە نەبوایە نەمانئەزانی کە ئەم مناڵە چەند نوستووە.

79

تەواوکەری باسی ناتەواو سفەتیش ئەبێ؛ وەکو،

مناڵەکە نەخۆشە.

لەم جوملەیەدا سفەتی «نەخۆش» تەواوکەری باسی ناتەواوی فیعلی «ە»یە، بەڵام باسلێکراوی «مناڵەکە»ش تەواو ئەکا §77.

80

ئەبینرێ کە بێجگە لە هی باسی ناتەواو، تەواوکەرەکانی فیعل سێ چەشنن: تەواوکەری سەربەخۆ، تەواوکەر بەیاریە، زەرف.

تەواوکرانی تەواوکەر

81

تەواوکەرێکیش مومکینە بە کەلیمەیێکی تر تەواو بکرێ.

82

ئەگەر تەواوکەرەکە ناو بێ، وەکو ئەیزانین، بە ناو یان بۆناو یان بە سفەت تەواو ئەکرێ؛ وەکو،

برای باوکی مناڵەکە نان ئەخوا:

تەواوکەری باسلێکراو بە «ناو» تەواو کراوە.

کوڕی پیاوێکی شەل نان ئەخوا:

تەواوکەری باسلێکراو بە «سفەت» تەواو کراوە.

مناڵەکان نانی تۆ ئەخۆن:

تەواوکەری سەربەخۆ بە «بۆناو» تەواو کراوە.

مناڵەکان نانی سپی ئەخۆن:

تەواوکەری سەربەخۆ بە «سفەت» تەواو کراوە.

مناڵەکە لەگەڵ پشیلەکەی مەنیج نان ئەخوا:

تەواوکەری بەیاریە بە «ناو» تەواو کراوە.

مناڵەکە لەگەڵ پشیلەی ڕەش نان ئەخوا:

تەواوکەری بەیاریە بە «سفەت» تەواو کراوە.

83

سفەتی تەواوکەر بە سفەتێکی تر یان بە زەرف تەواو ئەکرێ. سفەتی تەواوکەری سفەت ئەکەوێتە دوایەوە و بە ئەداتی تەواویی «ی» پێوە ئەنووسێ، بەڵام زەرف پێش سفەت ئەکەوێ و هیچ ئەداتێکیان لە بەینا نییە؛ وەکو:

کارەکەرەکە کراسێکی سووری کاڵی لەبەرا بوو. منارەیێکی زۆر بەرز ڕووخا.

لە جوملەی یەکەما سفەتی «کاڵ» تەواوکەری سفەتی «سوور»ە.

لە دووەما زەرفی «زۆر» تەواوکەری سفەتی «بەرز»ە.

84

زەرف بە زەرف تەواو ئەکرێ؛ وەکو،

منارە بەرزەکە زۆر زوو ڕووخا.

لێرەدا زەرفی «زۆر» تەواوکەری زەرفی «زوو»ە.

85

ئەو کەلیمەیەی ئەداتی تەواویی کاری تێ ئەکا، پێشی ئەڵێن تەواوکەری ئەداتی تەواوی؛ وەکو،

گەنم ی قەندەهار (گەنمی قەندەهار). دەفتەرەکە لە دۆڵابەکەدا دانراوە.

لە وێنەی یەکەما «قەندەهار» تەواوکەری ئەداتی تەواویی «ی»یە.

لە دووەما «دۆڵابەکە» تەواوکەری ئەداتی تەواویی «لە ... دا»یە، وە بە خۆی و ئەم ئەداتی تەواوییەوە تەواوکەری بەیاریەی فیعلی «دانراوە»یە.

تەواوکرانی مەسدەر

86

مەسدەر سیغەیێکی فیعلە کە خاسەی ناویشی هەیە. ئەم سیغەیە کەسدار نییە؛ یەعنی ناتوانێ لەپێشیەوە یەکێ لە بۆناوە کەسییەکان کە ئەبنە باسلێکراو وەرگرێ §66؛ وەکو،

نووسرانی کاغەزەکە زۆری کێشا.

لێرەدا «نووسران» هەم ناوە، هەم فیعلە. ناوە؛ چونکە باسلێکراوی جوملەکەیە وە «کاغەزەکە» تەواوکەریەتی، فیعلە؛ چونکە کارێ بەیان ئەکا.

87

تەواوکەرەکانی مەسدەر هەم وەکو تەواوکەرەکانی ناون، هەم وەکو تەواوکەرەکانی فیعلن؛ وەکو،

نووسینی تۆ. کاغەز نووسین. نووسینی خێرا. خێرا ڕۆیین. بە دەس نووسین.

لە وێنەی یەکەما «تۆ» تەواوکەری ناوی «نووسین»ە.

لە دووەما «کاغەز» تەواوکەری سەربەخۆی §78 فیعلی «نووسین»ە.

لە سێیەما سفەتی «خێرا» تەواوکەری ناوی «نووسین»ە.

لە چوارەما زەرفی «خێرا» تەواوکەری فیعلی «ڕۆیین»ە.

لە پێنجەما «بە دەس» تەواوکەری بەیاریەی فیعلی «نووسین»ە.

تەواوکردنی دوولایی

88

دوولایی سیغەیێکی فیعلە کە خاسەی سفەتیشی هەیە. ئەم سیغەیەش کەسدار نییە؛ یەعنی ناتوانێ لە پێشیەوە یەکێ لە بۆناوە کەسییەکان کە ئەبنە باسلێکراو وەرگرێ §66. لەبەر ئەمە بە وێنەی سفەت ئەبێتە تەواوکەری ناو، بۆناو یان سفەتێکی تر §83؛ وەکو،

مناڵی نوستوو. تۆی نوستوو. داری زۆر سووتاو.

89

ئەگەر دوولایی بە سفەتێ تەواو بکرێ هەردووکیان پێکەوە سفەتێکی لێکدراو دوروست ئەکەن §92؛ وەکو،

داری کۆنەسووتاو.

لێرەدا سفەتی «کۆن» دوولاییی «سووتاو»ی تەواو کردووە، بەڵام پێکەوە چوونەتە شکڵی سفەتی لێکدراو.

کەلیمەی ڕووت و کەلیمەی لێکدراو

90

پارچەکانی قسە بەپێی دوروستبوونیانەوە دوو چەشنن:

1- کەلیمەی ڕووت

2- کەلیمەی لێکدراو

91

کەلیمەی ڕووت ئەو پارچانەن کە هەر لە کەلیمەیێ دوروست بوون؛ وەکو،

خانوو، چاک، ئێوە، کردن، بۆ، کەی؟، وە، ئاخ!.

لێکدان

کەلیمەی لێکدراو

92

لێکدان یەکخستنی دوو یا لە دوو پتر کەلیمەیە بۆ دوروستکردنی پارچەیێکی قسە، ئەو کەلیمانەی وا لێک ئەدرێن پێیان ئەڵێن کەلیمەی لێکدراو؛ وەکو،

هەورەتریشقە.

ئەمە ناوێکی لێکدراوە کە لە ناوی «هەور» و ئەداتی تەواوییی «ە» و ناوی «تریشقە» دوروست بووە.

93

ئەبێ کەلیمەی تەواوکراو لە کەلیمەی لێکدراو جوێ بکرێتەوە. هەرچی وەکو کەلیمەی تەواوکراوە §72 بەپێی گەرەکیەوە تەواوکەری وەرگرتووە و کەلیمەکە و تەواوکەرەکەی جوێ جوێ لە جوملەدا موعامەلە ئەبینن؛ وەکو،

سەربانی خانوو. سەربانەکانی خانووەکان.

لە وێنەی یەکەما «سەربانی خانوو» کەلیمەیێکی تەواوکراوە وە تاکە. کە ویستمان گەلیان بکەینەوە، وەکو لە وێنەی دووەما پیشان دراوە، تەواوکراوەکە و تەواوکەرەکە جوێ جوێ گەل ئەکرێنەوە.

بەڵام هەرچی کەلیمەی لێکدراوە ئەتوانرێ هەموو پارچەکانی بەسەر یەکەوە وەکو پارچەیێکی قسەی ڕووت موعامەلەی لەگەڵ بکرێ؛ وەکو،

هەورەتریشقە هەورەتریشقەکان

وەکو لە وێنەی دووەما ئەبینرێ ئەم ناوە لێکدراوە کە لە سێ کەلیمە دوروست بووە، وەکو کەلیمەیێکی ڕووت گەل کراوەتەوە.

94

پارچەکانی قسە هەر هەشتیان کەلیمەی لێکدراویشیان هەیە.

پارچەکانی قسەکەلیمەی ڕووتکەلیمەی لێکدراو
ناوهەورهەورەتریشقە
سفەتشینچاوشین
بۆناومنخۆم
فیعلپەڕینهەڵپەڕین
ئەداتی تەواویلەلەژێر
زەرفخێرادەسودەم
ئەداتی یەکخەرئەگەرهەرچەند
ئەداتی نیداهاوارهەی هاوار

باسی کەلیمە لێکدراوەکان لەپاشا لەگەڵ باسی هەر پارچەیێکی قسەدا جوێ جوێ ئەکەین.