پارچەکانی قسە

از کتاب:
دەستووری زمانی کوردی
اثر:
توفیق وهبی (1891-1984)
 6 دقیقه  908 مشاهده

60

لە جوملەیێکا هەر کەلیمەیێک کارێکی تایبەتی هەیە؛ وەکو،

مناڵ دەفتەر لەسەر مێزی سەوز دائەنێ.

لەم جوملەیەدا «مناڵ، دەفتەر، مێز» ناون، «دائەنێ» حەرەکەتێ باس ئەکا، پێمان ئەڵێ کە مناڵ چی ئەکا؛ لەبەر ئەوە فیعلە، «سەوز» مەعنای کەلیمەی «مێز» تەواو ئەکا پیشانمان ئەدا کە مێزێکی تایبەتی مراد کراوە؛ لەبەر ئەوە سفەتیەتی. «لەسەر» موناسەبەتی مەیانی «مێز» و فیعلی «دائەنێ» پیشان ئەدا؛ ئەبینرێ کە هەر یەکێ لەم کەلیمانە لە جوملەدا کارێکی تایبەتی خۆی هەیە.

ئەمجا ئەگەر بێت و هەموو کەلیمەکانی زمانێک بەپێی ئەو کارە تایبەتییانەوە کە لە جوملەدا ئەیانبینن جوێ بکرێنەوە، ئەبینرێ کە هەشت سنف کەلیمە هەیە؛ ئەمانە پێیان ئەڵێن پارچەکانی قسە، وە وا لەژێرەوە پیشاندراون:

1- ناو

2- سفەت

3- بۆناو

4- فیعل

5- ئەداتی تەواوی

6- زەرف

7- ئەداتی یەکخەر

8- نیدا

61

ناو کەلیمەیێکە کە بۆ ناونانی، کەسێ یان شتێک بە کەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

خولە لە باخەکەدا مارێکی کوشت.

لەم جوملەیەدا «خولە» ناوی کەسێکە، «مار» ناوی شتێکە (گیاندارێک)، «باخ» ناوی شتێکە (جێیەک).

ئەبێ بزانین کە ناوی کەسەکە یان شتەکە ناوە؛ ئەگەنا کەسەکە یان شتەکە خۆی ناو نییە.

لە وێنەکەی سەروودا «خولە، باخ، مار» خۆیان ناو نین؛ بەڵام کەلیمەکانی «خولە، باخ، مار» کە بۆ ناونانی ئەو کەس و جێگا و گیاندارە دانراون، ناون.

62

سفەت کەلیمەیێکە کە بۆ تەواوکردنی مەعنای ناو یان بۆناو بە کەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

پیاوێکی شەل دوو داری لە بنەنگڵا بوو.

لێرەدا کەلیمەی «شەل» سفەتە چونکە چۆنیی پیاوێک پیشان ئەدا، کەلیمەی «دوو»ش سفەتە چونکە سنووری مەعنای «دار» پیشان ئەدا.

63

بۆناو کەلیمەیێکە کە لەباتی ناوێ کە لە پێشا وترابێ یان لە بیرا بێ بە کەڵک ئەهێنرێ بۆ ئەوە کە ئەو ناوە دووبارە نەکرێتەوە؛ وەکو،

خولە بۆ کوێ چوو؟ من بە ئەوم وت کە چەقۆکە تیژە، دەسی ئەبڕێ.

لەم جوملەیەدا «من» بۆناوە، لەباتی قسەکەر «ئەو، ی» بۆناون، لەباتی «خولە» بە کەڵک هێنراون.

64

فیعل کەلیمەیێکە کە کار و حاڵی کەسێ یان شتێک لە دەمێکا باس ئەکا؛ وەکو،

کاکم نان ئەخوا. میوانەکە دانیشتووە.

فیعلی گەردانکراوی کەسدار

65

فیعلی گەردانکراوی کەسدار ئەو سیغانەن کە بتوانن لە پێشیانەوە یەکێ لە بۆناوە کەسییەکانی «من، تۆ، ئەو، ئێمە، ئێوە، ئەوان» کە ئەبنە باسلێکراو وەرگرن. فیعل دەمێ ئەبێتە باس کە یەکێ لەو چەشنە سیغانە بێ؛ وەکو،

ئەنووسم، نووسیتان.

ئەمانە فیعلی گەردانکراوی کەسدارن؛ چونکە ئەتوانین بڵێین «من ئەنووسم، ئێوە نووسیتان». زاتەن بۆناوە پێوەنووساوەکانی «م، تان» بۆ پیشاندانی باسی ئەمانە کافییە.

66

سیغەی مەسدەر و دوولایی نابنە باس، چونکە ناتوانرێ بۆناوێکی کەسی بخرێتە پێشیانەوە؛ وەکو،

نووسین، نووس؛ نووسیو، نووسراو.

ناتوانین بڵێین «ئێمە نووسین، تۆ نووسراو ...هتد.»

67

فیعلی «بوون» گەلێ جار فیعلێکی ناتەواوە و ئەبێتە واستە بۆ وتنی شتێک لەحەق کەسێ یان شتێکا. لەبەر ئەوە پێی ئەڵێن باسی ناتەواو §59؛ وەکو،

حەڵواکە شیرین بوو.

لەم جوملەیەدا سفەتی «شیرین» بە یاریەی فیعلی «بوو»ەوە مەعنای باسلێکراوی «حەڵواکە»ی تەواو کردووە.

68

زەرف کەلیمەیێکە کە بۆ تەواوکردنی مەعنای فیعلێ یان سفەتێ یان زەرفێکی تر بە کەڵک ئەهێرێ. سفەتێ چۆن مەعنای ناوێ تەواو ئەکا، ئەمیش هی سفەت و فیعل و زەرف وا تەواو ئەکا؛ وەکو،

ئەو زۆر ئەنوێ.

لێرەدا «زۆر» زەرفە؛ فیعلی «ئەنوێ» تەواو ئەکا.

بەفرێکی زۆر ئەستوور باری.

لێرەدا «زۆر» زەرفە؛ سفەتی «ئەستوور» تەواو ئەکا.

ئەو زۆر خێرا ڕۆیی.

لێرەدا «زۆر» زەرفە؛ زەرفی «خێرا» تەواو ئەکا.

69

ئەداتی تەواوی کەلیمەیێکە کە لە جوملەیێکا بۆ پیشاندانی لاقەی مەیانی ناوێ، سەفتێک و کەلیمەیێکی تر بە کەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

ئێمە لە مەرگەوە هاتین. پیاوەکەی تۆش ڕۆی. جامانە سەرپۆشێکی ناقۆڵایە.

لە جوملەی یەکەما ئەداتی تەواویی «لە ... وە» لاقەی مەیانی فیعلی «هاتین» و ناوی «مەرگە»، لە هی دووەما «ی» لاقەی مەیانی ناوی «پیاوەکە» و بۆناوی «تۆ»، لە هی سێیەما ئەداتی تەواویی «ی» لاقەی مەیانی ناوی «سەرپۆشێک» و سفەتی «ناقۆڵا» پیشان ئەدا. ناوی «مەرگە»، بۆناوی «تۆ»، سفەتی «ناقۆڵا» مەعنای فیعلی «هاتین»، ناوی «پیاو»، ناوی «سەرپۆشێک» تەواو ئەکەن. لەبەر ئەمە بەم ئەداتانەی لاقەی مەیانی ئەمانەی پیشان داوە ئەڵێن ئەداتی تەواوی.

70

ئەداتی یەکخەر ئەداتێکە کە دوو کەلیمە یان دوو کۆمەڵە کەلیمە بە یەکەوە ئەبەستێ؛ وەکو،

بەفر و باران پێکەوە بارین. سەربانی ماڵی ئێوە و چنارەکەی مەکتەب لە دوورەوە دیارن. من لێرەم، بەڵام گوڵچین لە ماڵەوەیە.

لە جوملەی یەکەما ئەداتی یەکخەری «و» دوو ناوی، لە دووەما ئەداتی یەکخەری «و» دوو کۆمەڵە کەلیمەی، لە سێیەما ئەداتی یەکخەری «بەڵام» دیسانەوە دوو کۆمەڵە کەلیمەی پێکەوە نووساندووە.

71

ئەداتی نیدا دەنگێکە کە بۆ پیشاندانی حیسسێکی وەکو خۆشی، عاجباتی، پەژارە، ترس … هتد. بە کەڵک ئەهێنرێ، ئەمانە لەگەڵ کەلیمەکانی تری جوملەدا لاقەیێکیان نابێ؛ وەکو،

ئای! لە بیرم چوو. ئۆخخەی! ڕزگار بووم. ئۆف! لە دەس تۆ وەختە شێت بم.

لەم جوملانەدا «ئای!» بۆ عاجباتی، «ئۆخخەی!» بۆ خۆشی، «ئۆف!» بۆ پەژارە بە کەڵک هێنراون.