گەیشتنە شار و ئەوەڵ قۆرت

از کتاب:
لە خەوما
اثر:
جمیل صائب (1887-1951)
 5 دقیقه  1056 مشاهده

سەیرم کرد لەو نیوەشەوەدا، لە قولغەیەکی قەراخ شار، سێ کەس بەتفەنگەوە دەرپەڕین وتیان کوڕە مەڕۆن بزانین ئێوە کێن و لە کوێوە هاتوون و چیتان پێ هەیە و بۆ کوێ ئەچن. وتم ئەمە چی بوو، دەک بەزیادی خێرم نەکرد، نەخێر سەیرم کرد پیرە کاروانیان خستە حەلوەلا و شەقوشۆق، لەمیان ئەدا و بەویاندا ئەکوتا، پەلەماری ئەو باریان ئەدا، سەروپۆتەڵاکی سێ چوارێکیان کوتایەوە، لەو ناوەدا قسەی خۆمان بێ منیش بەر یەک دوو شەپازللەی مزر کەوتم، من هەروا واقم وڕمابوو ئەموت ئەمە چی بوو، ئێمە خۆشی خۆشی وا گەیشتینە جێی مەقسەد کەچی ئەم زرموکوتە چی بوو؟ وتیان دەی درەنگە بزانین قاقەزتان چی پێ هەیە، بارتان چییە، لە کوێوە یەن؟ وتیان لە فڵانە جێگەوە دێین و خەڵقی فیسارە جێین، بارمان شەکر و چایە، کاغەز و ماغەزیشمان هیچ پێ نییە، هانێ بمانپشکنن. خۆلاسە لەبەر ئەو باران و ڕەهێڵەیە، نیو سەعات زیاتر بەم گێرمە و کێشەیەوە بووین، تاکو کاروانچییەکان سەری خۆیان قەبڵاند، یەکی شتێک پارەیان بۆ گرد کردنەوە، ئەم جار ڕێی نەجاتیان پێ نیشان دان، لە پاشان دووان لەو باجگرانە هاتن بەلای منەوە، لەو تاریکاییەدا سەیرێکی سەروسەکوت و قەد و قیافەی منیان کرد، لێم مۆڕ بوونەوە، ئەم جار یەکێکیان شخارتەیەکی داگیرساند و تەماشایەکی کرد وتی ئەمە چییە، کێیە، لە کوێوە هاتووە، بۆ کوێ ئەچێ؟ کابرای کاروانچی وتی ئەمە پیاوێکی غەریبە، لەو گەرمیانەوە هاتووە لێرە کاسبی بکا، فەقیرە، بێدەسەڵاتە، وتیان نابێ هەڵبەت ئەمە شتێکی لە ژێر سەردا هەیە، هەبێت و نەبێت ئەمە جاسووسە، بەفێڵ و تەڵەکە خۆی وا لێ کردووە، ئەوانیش وتیان کوڕە نەبەخوا جاسووسی چی، فەقیر و غەریبە هاتووە لێرە کاسبییەک بکات بۆ خۆی و چەند پارەیەک بۆ ماڵ و منداڵی پێکەوە بنێ. نەخێر کاروانچییەکان زۆریان وت و ئەوان کەمیان بیست، هاتنە پێشەوە لێم، دەوریان دام، هەموو لەشمیان پشکنی، سەر و کەڵاویان داماڵیم، تمە لیتەکیان سەنگ و سوژن دا، زۆر ئەملاولایان کرد هیچ نەبوو، منیش خۆ کە ناوی جاسووسیم بیست هەر حەپەسام و تاسام، هیچ قسەم پێ نەکرا هەروا واقم وڕمابوو، قەدەرێکی باش بەم ڕەنگە چەرمەسەرێیان دام، هیچیان نەدۆزییەوە. ئەمجار دووانیان لاپەڕیان لێ گرتین، نەختێ سرپ و هۆڕیان کرد و هاتنە نزیک ئێمە، کابرای کاروانچییان بانگ کردە لاوە، لەگەڵ ئەویش قەدەرێک چرپەچرپیان کرد، کابرایەکیش هات بەلای منەوە وتی باوکم ئەمانە بەهیوای ئەوەن شتێکیان بدرێتێ، منیش سوێندم بۆ خواردن کە تۆ لە هیچا نیت و هیچیشت نییە بیاندەیتێ فەقەت ئەوان دەست هەڵناگرن و چۆن لە ژێر چنگی ئەم بەدبەختانە دەرت بێنین، منیش تێ گەیشتم کە ئیشەکە ناڕەحەتە و ئەمانە تەشقەڵە ئەکەن، یان ئەبێ شتێکان بدرێتێ یان ئێمە بەقەڵبەیەکدا ئەدەن و منیش کێچ لە باخەڵمدا بۆ پولێک سەوزەڵە گیانم ئەڵێ.

هەرچەندە سەرم هێنا و سەرم برد چارەسەرێکم بۆ خۆم نەدۆزییەوە، وتم فڵانی تۆ خۆت ئەزانی کە من هیچم نییە بیاندەمێ و خۆمان لە شەڕیان لادەین و ئاگاشم لەم شتانە نییە کە ئەوان ئەیڵێن، جا کەیفی خۆیانە ڕەزام بەقەزای خوا دەسەڵاتم چییە. کابرای کاروانچی ئەم جاریش لەگەڵ هاوڕێکانی چوونەوە بەلایانەوە، قەدەرێکیان لەگەڵ وتن و ڕستیان هەر ئەیانوت فائیدەی نییە، منیش بەجارێک سەری دنیام لێ هاتبووە یەک ئەموت یاڕەبێ چی بکەم، بۆ ڕیش هاتم سمێڵیشم نایە بان، لەو تەنگوچەڵەمەیەدا هیچ ڕێگایەکم بۆ خۆم نەدۆزییەوە. دوایی کابرای کاروانچی وتی باوکم خوا هەڵناگرێ ئێوە سەعاتێ زیاترە، بەم تاریکە و سەرما و لێزمەیە، ئێمەتان لەم قوڕەدا ڕاگرتووە، ئێمە وا ئەچینە فڵان خان ئێوە بەیانی وەرنە ئەوێ، سا لەوێ بەڵکو شتێ بەشتێک بکەین. بەم ڕەنگە ئەوانیش دەستبەردار بوون و بەراییی کاروانەکەیان بەردا، ئێمەش لێمان خوڕی و چووینە ناو شارەوە، ئەما من لەم سەفەرە زۆر پەشیمان بوومەوە، دڵم گیرابوو، مەئیوس بووم وتم ئەمە ئەوەڵی بێت، ئاخۆ ئاخری چۆن ئەبێ. لەو سەعاتەوە کە هاتبوومە دەرەوە لە ماڵی خۆم هەتا ئەو دەقیقەیە بیرم لێ کردەوە و من لەو دوو سێ ڕۆژەدا چەندم مەرارەت بەسەرا هات و چەند نەوعە ئەزێت و موسیبەتم دی، چارەیشم هیچ نەبوو، نەڕێی ڕاکردنم بوو، نەتوانای گەڕانەوە، هەر ئەمەندەم بۆ مابووەوە ئەموت خوا چاکی بکات، بزانین ناوچەوانم چی لێ نووسراوە، بەمانەیش ببڕێتەوە هەر چاکە، خوا خراپتر نەدا، وردە وردە هەر ئەڕم ئەم خەیاڵانە ئەکەم، ڕۆیشتین هەتا بەهەر حاڵێک بوو گەیشتینە خانەکە و دەرگەیان لێ کردینەوە و چووینە ژوورەوە، سەرما، قوڕ، دڵۆپە، بێ ئاگری، لەرزێکیش چووبووە ناو سکمەوە زۆرم سەرما بوو، هەموو لەشم بەجارێک داهێزرابوو، تێک شکابوو، هیلاک، ماندوو، مردوو، خەوم یەت، برسیمە، نەخۆشم، هەر نازانم بڵێم چی.