خوا بەخێری بگێڕێ:

از کتاب:
لە خەوما
اثر:
جمیل صائب (1887-1951)
 6 دقیقه  1810 مشاهده

شەوێک لە خەوما وا لە دنیادا گیرم خواردووە، ساحێب کولفەت و منداڵ، بێ پول و بێ پارە، دەست سپی و بێ مایە ماومەوە، زۆر ئەحواڵێکی خراپ و ناخۆشم هەیە. هەر بیر ئەکەمەوە لەبەر خۆمەوە ئەڵێم، یا ڕەبی چی بکەم، چۆن هەوڵێک بدەم شتێکم دەست بکەوێ، ئیدارەی خۆم و ماڵ و منداڵمی پێ ڕێک بخەم و لە ژێر باری قەرز و نەبوونیدا دەربچم، هەرچەندە سەرم هێنا و برد غەیری سەفەرکردن هیچ چارەیەکی ترم بۆ خۆم نەدۆزیەوە، وەختیش ئاخروئۆخری پایزە، سارد و سەرمایە، زستانیش لە پێشەوەیە، بەری دوورە، تەئمینی ئیدارەش لازمە، بەناچاری و ناعیلاجی کەوتمە سەر خەیاڵی سەفەر، لەگەڵ ماڵ و منداڵ تەگبیرمان کرد و قەرارمان دا کە سەفەرێک بکەم، بەڵکو هیچ نەبێ ئیدارەی ماڵ و منداڵەکەم پێک بێنم، منداڵەکانم لەو مەملەکەتە بەجێ هێشت بۆ خوا، خۆشم ناوی خوام لێ هێنا و هەڵسام ڕووم کرد بۆ بەرەوژوور وتم وڵاتی ئیسلامە. لەو سەرەوە ئیسلام و پیاوچاک زۆرن، یاریدەی یەکتری ئەدەن، منیش موسوڵمانم ئەچم بەڵکو لەوێ بەهەر نەوعێک بێت ئیدارەی ئەم زستانەم تەئمین بکەم و بیهێنمەوە بۆ منداڵەکانم. دوو سێ کولێرەم بەستە پشتم و شوێن کاروان کەوتم، ئەو ڕۆژە بەپێیان ڕۆیشتم، بەڵام چونکە قەت بەپێ نەڕۆیشتبووم زۆر هیلاک و ماندوو بووم، لە پاش چەند سەعاتێک هێز لە ئەژنۆم بڕا، هەرچەندم کرد و کۆشام، توانای هەنگاوێکم نەمابوو بینێم بەڕێدا. پێم هەموو بووبوو بەبلۆق، هەناسەبڕکێم پێ کەوتبوو، زمانم بستێ دەرکێشابوو، هێزی قسەکردنم نەمابوو، ڕووانیم فائیدەی نییە، ناتوانم بڕۆم بەڕێوە، قەرارەکەشم قەتعییە بۆ ئەم سەفەرە، هەر ئەبێ بچم، چونکە چارەی ترم نییە، پوولێ پارەیەکیشم پێ نییە کە بیدەم بەکرێی وڵاخ. هەرچەند سەرم هێنا و سەرم برد هیچ چارەیەکم نەدۆزیەوە، ئیللا ئەمە نەبێت هاتم لەگەڵ یەکێک لە کاروانچییەکان خۆم ڕێک خست، پیرەمێردێک بوو، چوار پێنج وڵاخی پێ بوو خۆشی تەنها بوو، وتم مامە تۆ بۆچی نایەیت تاوتاوە من سوار بکەیت و ماندووم بحەسێتەوە، منیش لە ڕێگاوبان خزمەتی وڵاخەکانت لەگەڵ ئەکەم و لە ئیشەکانتا یاریدەت ئەدەم. کابراکە پیاوێکی باش بوو وتی هەزار جار مەمنوونیش ئەبم. بەو ڕەنگە قەرارمان دا و ڕێک کەوتین و بۆ خۆم سواری وڵاخێک بووم هاتین بەڕێوە، ئەو شەو و ڕۆژە بەڕەحەتی و بێ قۆرت و ئەمبەر و ئەوبەر هاتین بەڕێوە، هیچ سەغڵەتیمان نەدی، لە پاش شەو و ڕۆژێک ئیتر گەیشتینە حدوودی ئەو وڵاتەی کە بۆی ئەچووین.

یا خوا دوشمنی ئیمانت بێ! ئەو ڕۆژە لە سێ چوار لاوە جەردە و ئەشقیا هاتنە سەر ڕێگەکەمان بوو بەتەق و هۆڕی تفەنگ و شەڕ و هەرا، فەقەت کاروانەکەی ئێمە قەلەباڵغ بوون و هەموو تفەنگیان پێ بوو. لەبەرئەوە جەردەکان هیچیان زۆریان بەسەریاندا نەئەشکا و ئەگەڕانەوە. شەو لە مەنزڵ ماینەوە، سبحەینێ کەوتینە ڕێ، یاخوا هەر دوشمنتان بیبینێ، لەم پەنا گرد و لەو کۆردەرە و شیو هەر فڕکان فڕکانی تەریدە و جەردە بوو. پۆل پۆل ئەهاتنە سەر ڕێگەمان و قەدەرێک شەڕە تفەنگ ئەکرا و زەفەریان نەئەبرد، خۆیان ون ئەکرد. هەتا دەمەدەمی عەسر بەم ڕەنگە ڕۆیشتین بەڕێوە و منیش چونکە بەعومری خۆم ئەحواڵی وام نەدیبوو، زۆر ئەترسام. هەر لەگەڵ تەقەی تفەنگێک ئەهات وەختەبوو ڕۆحم بچێت، ئەموت ئەها هەر ئێستا ئەکوژرێم، لە پاشاندا کاروانچییەکان وتیان، ئێمە هەرچییەکمان کردووە ئەبێ ئەم شەو خۆمان بگەیەنینە ناو شار، چونکە ئەگەر ئەمشەو لەم ناوەدا بمێنینەوە، ئەم جەردانە بەیانی چەند تاقمێکیان یەک ئەکەون، دێنە سەر ڕێگەکەمان هەرچی خراپە بەسەرمان ئەهێنن، قەراریان دا کە بەهەموویان نەوەستن و لێ خوڕن، ئەو شەوە هەر خۆیان بگەیەننە شار. منیش ئەم قەرارەم زۆر پێ خۆش بوو، چونکە ئەمویست سەعاتێک زووتر بگەمە جێی مەقسەد و هەموو ئومێدێکم لەوێ پێک بێت و لەم ناڕەحەتی و ترس و لەرزە نەجاتم ببێت، لام وابوو هەر بگەمە ئەوێ ئیتر نۆرەی فەرەحی و خۆشیم ئەبێت.

دنیا لە پاش نیوەڕۆوە بوو بەهەور و هەڵڵا، کزەبایەکی زۆر ساردی ئەهات، جارجار بروسکە و چەخماخەی ئەدا. پاش عەسر تنۆکە تنۆکە دای کردە باران، ئێمەیش هەر ئەڕۆین، ئەڵێین لەسەر خوا، هەر چۆنێک بێت هەر بڕۆین چاکە. خێرا لێمان خوڕی هاتین بەڕێوە، بارانیش هەتا بێت زیاد ئەکات، منیش لە سەرمانا وەختە زیڕە بکەم. شەویش هات بەسەردا تاریک و نووتەک، ئەسڵی ئەمەیە ئەڵێن کەس بەری پێی « تاریکە شەوە گەڵاڵی لەناو شەو بوو تاریکە و ئەموستەچاو » خۆی نەئەبینی، ترس و لەرز، سەرما و باران، زەندەقدار زەندەقی ئەچوو. بارانیش وەکو کوندەی سەرەوژێر دێتە خوارەوە، کەی کەم ئێستا کەم، شەست و ڕەهێڵە، کڵاوبەسەر ئەبارێ، لەملاوە لەولاوە ئاو هەڵساوە بەباوە ئەم بارانە ئەهێنێ، ئەیدات بەسەر و چاوی ئینساندا، قوڕ و چڵپاو، گەردەلولێکە «العياذ باللهعربی». منیش ئاو لە تەپڵی سەرمەوە دێتە خوارەوە لە بەری پێمەوە ئەچۆڕێتەوە. لەرزە لەرزی بەدەنم، قرچ و هۆڕی دانم ئەهات، دەزوویوشک لە بەدەنما دانم بوو هەر خێرا خێرا ئەمپرسی، زۆرمان ماوە بگەینە شار یان نا؟ ئەیانوت هێشتا ماومانە، تاوتاو بەو حاڵەوە لەبەر هیلاکی خەویشم ئەهات و وەنەوزەکوتێم بوو، لە پڕێکدا کەرەکە لە ژێرما سەرسمێکی ئەدا و گرم ها ڕائەپەڕیم و خەبەرم ئەبووەوە، نەختێک چاوم ئەگڵۆفت و بەهۆش ئەهاتمەوە. وردە وردە بیریشم لە حاڵی خۆم ئەکردەوە، چونکە لە عومراتی خۆم سەفەری وا ناڕەحەتم نەکردبوو پەشیمانیم حاسڵ کرد. لەم ناوەدا و لەو قیامەتەدا دیسانەوە لە دوو سێ جێگەی تر جەردە هاتنە سەر ڕێگامان کوڕە مەڕۆن ڕووتەوە بن، کوڕە نەیەنە پێشەوە ئەکوژرێن. تەقوتۆقی تفەنگ، گیزوهۆڕی گوللە بەپەنا گوێچکەمانا وەختە بوو ڕۆحم بچێ، لە ترسانا هەر ئەوەبوو زیڕەم نەئەکرد. ترسولەرز و دڵەکوتێ، وەرە بەم حاڵەوە هەر سەعاتە نەسەعاتێک ئەمیش یەخەت بگرێ، هەر ئەڕۆیشتم ئەموت یاڕەبی تۆ نەجاتدەری نەجات، کەی ئەگەینە فەرەحی و نەجاتمان ئەبێت. خولاسە سەرتان نەیەشێنم سەعات چوار و پێنج بەدواوە لە دوورەوە دەنگی سەگوەڕ هات، وتیان ئەها وا نزیک بووینەوە، لە دڵی خۆما شایەتمانێکی بەحەقم هێنا و خۆشی کەوتە دڵمەوە، ئەو لەشە ساردەم لە خۆشیان گەرم بووەوە، زیندوو بوومەوە، وردە وردە هاتین ڕوانیمان لە دەرەوە تروسکەی چرا و ئاگر دەرکەوت، وتم ئۆخەیش شوکر وا نەجات بوو، بەم حاڵەوە هاتین گەیشتینە قەراغ شار، ئەمجاریش قەدەرێ شوکری خوام کرد کە لەو ڕەزالەت و موسیبەتە نەجاتمان بوو گەیشتینە فەرحی.