درێغا نەقدی دینم کردە سەرفی کاری دونیایی

از کتاب:
دیوانی سالم
اثر:
سالم (1800-1866)
 1 دقیقه  931 مشاهده
درێغا نەقدی دینم کردە سەرفی کاری دونیایی
سەڵاحی دونیەویشم دایە دەستی نەفس و خودڕایی
بڵێم دونیا درەنگ سەرچێ، وەیاخود ئاخیرەت زوو بێ
منی شەرمەندەیی موفلیس؛ نە دونیاییم، نە عوقبایی
لە جوانیدا بە دانش هەرچی سککەی ئابڕووم لێ دا
بە نادانی لە پیریدا هەمووم دانا بەخۆڕایی
سیاهەی جەمعی سەرفی نەقدی عومری خۆم تەماشا کرد
چ دەخڵی نیکنامی تیا نەبوو، جوز خەرجی ڕیسوایی
حەریسیی پیریی و جەهلی شەبابە کەسبی کەونەینم
تەریقی عەهدی پیریم و خەجاڵەتمەندی بوڕنایی
لە گوفتەی پیریی و کردەی جوانی بەس هەراسانم
خەرەفگۆی ناتەوانیم و خیلافکەردەی تەوانایی
لە خوانی مونعیم و ئیرشادی مورشید هەردوو مەحروومم
لە دیدارم هەراسانن چ ئەم لایی چ ئەولایی
ڕەزالەت پەستییە «سالمتخلص»، بوڵەندی زیددی بەدبەختی
مەچۆ بەم نەوعە بۆ مەجلیس: نە پایینی نە باڵایی!