موسەلسەل هاتە سەر دۆشت، بە بازی، زوڵفی چەوگانت

از کتاب:
دیوانی سالم
اثر:
سالم (1800-1866)
 1 دقیقه  710 مشاهده
موسەلسەل هاتە سەر دۆشت، بە بازی، زوڵفی چەوگانت
لە حەلقەی جەدوەلی خەمیا، دەڵێی گۆی عاجە پوستانت
نیشانەی فەتحییە وەختی هەزیمەت لەشکری غەمزەت
شکستە بۆ دڵی عاشق سەفی بەرگەشتەموژگانت
لە باغا غونچە دڵتەنگە لە حەسرەت غونچەیی لێوت
گەریبانچاک ڕوواوە گوڵ لەبەر شەوقی گەریبانت
لەلای من زوڵفی تۆیە باعیسی ئاشوفتەگیی دونیا
نەماوە فیتنە بۆ عالەم، بە غەیرەز چاوی فەتتانت
ئومێدی دڵ نەماوە تا حەشر ئازادی قەیدت بێ
تەلیسمی بابلە، جانا! مەگەر چاهی زەنەخدانت؟!
حوبابی ئاو موبەددەل بوو بە ئەسڵی بەیزەیی قومری
لە حەسرەت عەکسی سایەی قامەتی سەروی خەرامانت
سولەیمان نەیدەکرد ئەسراری خاتەم قەت لەگەڵ سوخرە
ئەگەر لەو وەختەدا زاهیر دەبوو، لەعلی بەدەخشانت
بە غەیرەز جانفشانی، فیکری هیچ ناکا دڵی سالمتخلص
بە عەفوا بەرمەدە، تووبی و خودا، دەستم لە دامانت