چ بڵێم برا؟! بە قورئان، حەیرانە دڵ له کارت
از کتاب:
دیوانی سالم
اثر:
سالم (1800-1866)
2 دقیقه
957 مشاهده
چ بڵێم برا؟! بە قورئان، حەیرانە دڵ له کارت
ڕیتی تەعەششوقی پوول پەیمانەیی قەرارت!
پەڕ دەردەکەی لە شەوقا، پەروانەیی لەپێی پوول
بەرقی تەڵایی مەسکووک شەمعی شەبانی تارت
تۆ بولبولی پەرێشان، گوڵ پوول و کیسە بوستان!
نیو قازەکانی تاران، نەوغونچەیی بەهارت
مەعشووقە یەک تومانی، جانانە دوو هەزاری
ساحێبقڕانە پیرت، مانووتە یاری غارت
پوولێ بەرابەری تۆ، کێشاویە دڵبەری تۆ
تا پوولە دڵبەری تۆ، چۆن من دەبم بە یارت
ڕووبەندەپۆشی کیسەت ئاغۆشی چەند کەسی دی؟!
وەک یاری من، هەتا سەر، موشکیل ببێ بە یارت
مەحجووبەکەی کە شەبها غەڵتانی باخەڵت بوو
باقڵ بە میلی بەققال خاڵی دەکا کەنارت
داخۆ قەدیم چ ڕەندێ نیم دانگی بردبێ لێی؟
گوێی کەل بووە بە میقراز، مەستووری نازدارت!
ئیتر بە چاوی تەمکین مەیڕوانەرێ لە وەزنا
سەڕڕاف بە سووکی هانی، سەنگینی باویقارت
سێسەد نیقابی دێبا، گەر بۆی دروست کەی ئاخر
بێ پەردە دێتە بازار، خاتوونی پەردەدارت
بازووتە هەردوو جێی پوول، زانیومە چەند عەزیزن؟!
«مودخەل» فیدای یەمینت، «ئەشعەس» فیدای یەسارت!
نەقڵی مەواجیبی کۆن هێناومە ناو، وتت: ئۆف!
ساڵێکه من دەکێشم، خەرجیی هەموو نەهارت
دەموت: ئەرێ برادەر! ئەمساڵ مەواجیبم کوا؟!
دەدوت: بڵا حیساب کەم ئالیکی ئەسپی پارت!
دەموت: لە پوولی قوللوغ، قیسمەت بە ئێمە ناگا
دەدوت: ئەویش لەباتیی نان و پەنیری شارت!
دەموت: لە قیستی سەرتان نادەی حیسابی جەوزا؟
دەدوت: لەپێی چ بوو دام ئەو خەرجەکەی بەهارت؟!
پەشمەک دەبا وتم: دڵ، دەدوت: بە نۆشی جانت
دەموت: گرانە نرخی، دەدوت: بە زەهری مارت
ئەو ڕۆژە پێم وتی: بێ، پوولێ بدەین بە شەربەت
دەدوت: منی تەواو کرد، تەکلیفی بێ شومارت!
باری حیسابی بێجا ناڵێم بە چنگی تۆ بوو
چەنگاڵی تەنگچەشمی بردوویە ئیختیارت!
سالم! کلیدە گریان بۆ قوفڵی مەخزەنی دڵ
سا دەی بڕێژە سەحرا لوولوویی شاهوارت
ئەی دیدە! بێنە چابووک مەرجان و دوڕ بە دامەن
با هەڵگرن حەریسان ئوفتادەیی نیسارت
سالمتخلص ئەگەر تەڵەب کەی «ئەشعەس» بە کۆمەکی کار
وەک کیسەپوولی «مودخەل»، سەد عوقدە دێتە کارت!