پێشمەرگەی بێناو
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
2 دقیقه
631 مشاهده
لێم بوو بە درەنگ ئای بۆ تەتەرێ
پەیام بۆ چوارلای کوردستان بەرێ
چۆلان بگەڕێ شاران ماڵ بە ماڵ
تەتەرێک تۆزێ نەشکێنێ شەماڵ
ژیر و قۆچاغ بێ و گورج و توندوتۆڵ
نە ئاو ڕێی بگرێ، نە بەفر و سەهۆڵ
بە سەرنج بڕواو، خەیاڵ دواندن
نە تیژێکی تیژ، نە خۆخاواندن
نە زۆر سوێر قسە، نە یەکجار نەدوێن
هەم سەرما دۆست بێ، هەم گەرما بەزێن
ڕۆژ گەگڕ نەبێ و هەڵەشە بە شەو
ڕێبواری بە ڕۆژ، بە تاریکی خەو
ئەگەر بولێڵ بێ و ئەگەر تۆز و تەم
نە بیر لە خەو کا نە دووربینی چەم
تازیکان هەردووک هاوڕێی لەکن بێ
نەک قارەمانێک لەو بەینە ون بێ
وەک شوانی ناشی نەیکاتە هەوهەو
بێ پاڵێنی ڕۆژ بێ شەوێنی شەو
بۆ هەوراز تیر بێ، بۆ لێژی تاوێر
وەک یەک بن لەلای ڕژد و سەروژێر
بە دەمیا نەیە، وتەی بێ واتە
خۆی بدزێتەوە لە وشەی دووپاتە
هەر خۆی شەکەت دی لە ڕێدا تاوێ
وچان بەرێتە سەر کانی و ئاوێ
لە دڵ وەدەر نێ خەمی زەمانە
بە هۆرەی جافی و سیاچەمانە
ڕێ زۆر دژوارە هەر شاخ و کێوە
قۆناغی زۆرن بەڵام لە ڕێوە
بچنە سەر گڵکۆی پێشمەرگەی بێناو
خۆ بەختکەری ون و نەناسراو
بڵێ: جوانمێری ئازای لێبووردوو
هەڵکەوتووی مەرگ بە گاڵتە گرتوو
پەڕکووڕی ڕەوەز، پڵینگی لێڕان
ئەستێرەی گەشی ناو شۆڕشگێڕان
سەری بەرزی خۆت بۆ گەل کردە گۆ
شانازیی هەموو کوردستان بۆ تۆ