ئارەق ڕووی داگرتی لەبەر پێکەنینت

از کتاب:
دیوانی وەفایی
اثر:
وفایی (1844-1902)
 1 دقیقه  1533 مشاهده
ئارەق ڕووی داگرتی لەبەر پێکەنینت
شەبنم لە گوڵ باری ڕۆژی گرت پەروینت
توخودا زولفت لابە تا تێر کوڵمت ماچ کەم
ڕێی بولبول با نەگرێ لەو باغە پەرژینت
زولفت خەتاکار بوو چاوت برۆی داخست
با بچین ماچ کەین دەستی شای چین و ماچینت
چاوبازەی چاو مەستە، لەو بادەی ئەلەستە
دەستم بگرە هەستە، تۆ و دین و ئایینت
کەوتوومە نێو زولفت بۆ خۆت بگرە دەستم
کافر بووم بێ ئیمان، تا بێمە سەر دینت
شەو تا سەحەر وەک گوڵ دڵ پڕ لە خوێناوم
یا خودا شەماڵ بێنێ، بێنی عەرەقچینت
قوربانی ئەو ڕەنگەم دونیای ڕەنگاند ڕەنگ ڕەنگ
بەو ڕەنگە بێ ڕەنگەی ڕوخسارەی ڕەنگینت
زولفت ڕووی داپۆشی، ئەبرۆت عەرەقناکە
ڕۆژیان لێ کردمە شەو بەو ماهـ و پەروینت
ڕوحمت پێمدا نەهات شیرین خوداگیر بی
ڕۆحی بۆ تۆ دانا فەرهادی مسکینت
بۆچ هەر وەفاییتخلص بوو شێت بوو وە کێوان کەوت؟
سەد خوسرەو فەرهادە بۆ لێوی شیرینت