پردی سوور

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 2 دقیقه  617 مشاهده
پردی سوور هێمنی جارانی نییە
ئێستە ئاژاوە لەسەر سینگی وییە
پێیز و سەر کڵی لێ ڕووخاوە
ماڵی خاپوورە سەری شێواوە
دەستی دڵپیسێ بنی دەردێنێ
وەکوو کوندێ لەسەری دەخوێنێ
داخەکەم ئێستە لە جێگەی بازان
کۆنە داڵاش دەفرۆشن نازان
دۆستە ڕاز هەڵگرەکەی ماڵی چەم
سینگی ئاواڵە دەکا نامەحرەم
هاتووە لێی ببڕێ ئاوی چاو
هێند بە دڵ بۆی دەگرێ پیرە گەڕاو
بێ سەر و بەر بووە داوێن و سەری
سەری تێدا چوو دەگەڵ دەور و بەری
داشتەمر چۆڵ بووە کەوتەر هەروا
ئاوی زۆرداری سەرەوژوور دەڕوا
وەرهەمێکی زلە ژانی زۆرە
شار نەخۆش کەوتووە بەو ناسۆرە
هەر قەلە دەفڕێ لەدەم بەستێنێ
تۆز لەجێی ڕەش بەشە هەڵدەستێنێ
داوە دایناوەتەوە ئەو بەندە
پێیەوە بەندە سەری جووت بەندە
هەرچی بیڵێ دەبێ پێی باوەڕ کا
داچناویشی بە ئەسرین تەڕ کا
شاخی ڕەشکی کز و داماوە لەوێ
لەسەران هەو هەوی جارانی دەوێ
چاڵە بەفران بە پشووی سارد و گەرم
وازی لێیە سەری باوێتە سەرم
قوڵ قوڵاغ لەو سەرەوە دەڕوانێ
لە قەڵای سارم و مەحموودکانێ
هەر لە سمکۆوە هەتا سارمی ژیر
وردە چیرۆکم ئەهێنێتەوە بیر
ناحەزی زۆر بووە ئەو مەڵبەندە
زۆری چاوبرسی دڵی لێی بەندە
لێرە کەس بۆ سەی پێ دەرنایە؟
مەتەڵۆکێکە بە کەس هەڵنایە
چەندی ڕاوچی لە پەنا ڕابردن
ڕاوی کردن دە گڵی ڕاکردن
تەرمی چەند زاڵمی ناشت بەو تەرزە
خۆشی وەک بوو سەری هەروا بەرزە