سۆما

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 3 دقیقه  674 مشاهده
پێش هەموو جێیە لە سۆما تاوێ
گڕ دەخۆم ڕێی دەخشێنم چاوێ
داخۆ ئەو ناوە چلۆنە ئێستە؟
چۆن لەژێر پێی عەجەما پێ پەستە؟
چۆن دەژین ئێستە بە ترس و لەرزن؟
یاخۆ هەر بێ منەت و سەربەرزن؟
دەزرنگێتەوە ئێستەش گوێیان؟
خوێن دەچۆڕێ لە دڵی توێ توێیان؟
هەر ڕەشاش دەبنە کەوی بن بەردان؟
قرمەیان دێ هەڕەتی جۆزەردان؟
ئێستە هەستانی سبەینانە لە خەو
بە تەقەی بڕنوە یان قاسپەی کەو؟
هێشتە هەر خوێن دەمژن دەبنە گەنە؟
کۆنە ژاندارمی دزی دەس بە خەنە؟
چەتە بۆ کوشتنی وان چی پێیە؟
گۆڕی باپیری شەهید لە کوێیە؟
گوندی ساکا سەری هەر وا بە تەمە؟
حەسی دڵیان بە پەژارە و بە خەمە؟
گڵەخڕ چی دی کرایە شەڕگە؟
چۆن بۆ دەسڕێژی نحۆی پێشمەرگە؟
چەندی لێ گرتنە بەر ڕیزی ڕەشاش؟
چۆن بوو فیشەک نەدەڕۆیی بە بەلاش
چەند بەجێ مابوو کەلاکی بۆگەن؟
بۆچ نەبوو ماوە دە گڵیان ڕۆکەن؟
چۆن لە پێشوازی مەرگ بوو بە دەلیل؟
قۆچی قوربانی مەلا ئیسماعیل
ئەو دەمەی ناجی و فەیروز کوژران
کاتێ باپیر و ڕەزا دابێژران
چۆن بوو ئەو ناوە نە هەستا نە بزووت
چ بوو سۆما نە گڕی گرت و نە سووت
کەی ئەدی هەڵدەکرێن باسک و مەچەک
چەک لە دوژمن کەنەوە دەس بە کوتەک
چەتە سۆمایی لە چاوان بردن
چۆن بوو سۆمایی لەبیریان کردن
هیچ دەزانن کە کوڕی تۆڵەستێن
هەر بە ڕێبازی شەهیدانا دێن
خەنجەری ڕق بە دەسی تۆڵە دەسوون
چەرمی ژاندارمی دزی پێ بگروون
کارەسات ماوە بەڵام هێشتە زووە
خوێنی وان گوڵمەزی دی زۆر لەدووە