مەهاباد

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 1 دقیقه  1107 مشاهده
لە مەهابادەوە ڕێ تێدەپەڕێ
هەلە با گیان بەسەریدا بگەڕێ
گەشکە بگرێ بە شنەی نەرم و نیان
هەڵمژێ جارێ تریش بۆنی ژیان
جێی پشوودانە درەنگ وەختە شەوە
ئێرە میوانگر و دەستەو جڵەوە
دڵە جا دەرفەتە بیکە گڕوگاڵ
وەرە دامەزرێ کە جێی تۆیە خەیاڵ
لێرەیە دڵ بە هەموو شت دەهەژێ
هەموو جێی بیرەوەری لێ دەڕژێ
دووربەدوور هێندێ چرای دڵسووتاو
جاروبار لێم دەترووکێنن چاو
هەست ئەوە کەم بووە لەو چۆل و چڕە
کێوی دابین بووە باڵندە کڕە
ئەگەر ئاڵۆز بێ خەیاڵی خاوم
سووچی خورپەی دڵە و ئاوی چاوم
لە دەسم دەرچووە یەک جێ هەستم
هەموو جێی گرتووە پێی ناوەستم